خەبات: هێمن ئاری:- کامیرا سێ پێ، جاران هەرچی وێنەی کۆن و مامەڵەی فەرمانگەکان هەبوو بەو کامیرایانە دەگیران کەپێیان دەگوت کامیرای سێ پێ و وێنەکەی ڕەش و سپی بوو. تا ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانیش لەدەورووبەری قەڵای هەولێر و نزیک دادگای ئەو کات ئەم کامیرانە بوونیان هەبوو، زۆربەی زۆری ئەو کەسانەی لەوکاتەدا بەو کامیرایانە وێنەیان گرتووە، ئێستا وێنەکانیان وەک بەبیرەوەری بۆ ماوەتەوەو بۆیان بووە بە ئەرشیف.
ئەو کامیرایەی ئێستا باسی دەکەین و وێنەکەی بڵاودەکەینەوە، خاوەنەکەی مامۆستا ( گیوی موکریانی ) ە، کەخۆی لە ساڵی 1904لەدایکبووە لەساڵی 24/7/1977یش کۆچی دوایی کردووە، لەساڵی 1936 تا ساڵی 1977 شوێنی کارکردنی گیوی موکریانی لەژێر قەڵای هەولێربوو بەناوی چاپخانەی کوردستان، لەو شوێنەدا کاری وێنەگریشی لەپاڵدا دەکرد. ئەوەی ئێستا ماوە کامیراکەیەتی لەمۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر نمایشکراوە. ئەو کامیرایە لەنێوان ساڵانی 1936 بۆ ساڵی 1977 لەلایەن گیوی موکریانی بەکارهاتووەو لەچاپخانەکەیدا وێنەی هەزاران قوتابی و خەڵکی پێ گیراوە.
هونەر ئەسکەندەر فەرمانبەر لەمۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر بۆ ڕۆژنامەی خەبات باسی لە هێنان و نمایشکردنی ئەو کامیرایە کردو گوتی: ئەو کامیرایە کامیرای تایبەتی گیوی موکریانی بووە، کاتی خۆی لەژێر بازاڕی قەڵای هەولێر لەچاپخانەکەی خۆیدا لەساڵانی شەست و حەفتاکان کاری پێکردووەو وێنەی هەزار کەسی پێ گیراوە، هونەر ئەسکەندەر گوتی: محەمەد عەلی کە خەڵکی گەڕەکی تەیراوەبوو لای مامۆستا گیو دەبێت بەشاگرد و رۆژانە کاری لەگەڵ دەکات، بەڵام دوای کۆچی دوایی مامۆستا گیو، محەمەد عەلی شاگردی لای خۆی کامیراکە هەڵدەگرێت، لەم چەند ساڵەی دوایدا پێش ئەوەی محەمەد عەلی خۆشی کۆچی دوایی بکات ئەو کامیرایەی بەمۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر بەخشی تا نەفەوتێت. هەروەها هونەر ئەسکەندەر باسی لەوەش کرد دوای ئەوەی د.کوردستان موکریانی کە دەکاتە کچی گیوی موکریانی، زانیبووی کامیراکەی باوکی لێرە نمایشکراوە هات سەردانی کردین و خۆشحاڵی خۆی و دەبڕی و سوپاسیکردم بۆ دۆزینەوەی ئەو کامیرایە و نمایشکردنی. گوتی نەمزانیبوو تا ئێستا ئەو کامیرایە پاراستراوە، بەبینی کامیراکەی باوکی دڵخۆشبوو ، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی من و مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێری کردو و ئەو وێنەیەشی لەگەڵ کامیراکەی باوکی گرت کەمن لەگەڵیدام.











