
خەبات: هاژە بەرزنجی – سلێمانی:- (ئەمین محەمەد )لەساڵی 1962 لەسلێمانی لەدایكبووە ،دەرچووی شەشی وێژەییە ،لەسەرەتای هەشتاكانەوە دەستی بەشیعرنووسین كردووە،یەكەم شیعری لەساڵی 1986 لە گۆڤاری (كاروان) بڵاوكردۆتەوە،بەشداری زۆربەی كۆڕەشیعرییەكانی ساڵی هەشتاكانی كردووە لەسلێمانی وهەولێرو قەڵادزێ و هەڵەبجە.یەكەم كتێبی شیعریی بەناوی (هەڵوێست )لەساڵی 1991 چاپكراوە، كە بریتییە لە شیعری بەرگریی.شاعیرلەساڵی 1991 دا بە ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كورد-لقی سلێمانی.وەرگیراوە لەساڵی 2008 ڕووی كردۆتە نووسین لە بواری ئەدەبی منداڵان، ئێستاشیعرو چیرۆك و ڕۆمان بۆمنداڵان دەنووسێت. هەروەك خۆی پێیگوتین: لەبواری نووسینی تەنزوڕەخنەدا كارم كردووەو دوو بابەتم لەو بوارەدا بە چاپگەیاندوە كە هەر یەكەیان لە كتێبێكدا لەگەڵ كۆمەڵێك نووسەری تری بوارەكە.هەروەها لەبواری وەرگێڕانیشدا كارم كردووە لەزمانی عەرەبییەوە چیرۆكی مندڵانم وەرگێڕاوە،لەزۆربەی گۆڤارەتایبەتەكانی منداڵاندا شیعرو چیرۆك و وەرگێڕانەكانم بڵاودەكەمەوە،لەلایەن زۆربەی دەزگاو ڕێكخراوەتایبەتەكانی منداڵانەوە خەڵاتی ڕێزلێنانم وەرگرتوە.زیاتر لەسەد شیعرم لە(تیڤییەكاندا) لەلایەن هونەرمەندانەوە ئاوازیان بۆ دانراوەوكراون بەگۆرانی.ئێستا دەستەی نووسەرانی هەردوو گۆڤاری (كوردجینیەس)م. كورد جینیەسی تایبەت بەمنداڵان و كوردجینیەسی پەروەردەو ڕۆشنبیری.. مایەی خۆشحاڵیمە كەشیعرێكم بەناوی( ژینگەی كوردستان) لە پڕۆگرامی خوێندن لە پۆلی سێیەمی بنەڕەتییدا دانراوە، لە ڕاستیدا ئەدەبی منداڵان لە دوای ڕاپەڕینەوە لە كوردستان گرنگییەكی زیاتری پێدەدەرێت و كۆمەڵێك نووسەرو شاعیری خەمخۆر و دڵسۆز خزمەت بەو بوارە دەكەن و بەرهەمەكانیان بۆ منداڵان لە شیعرو چیرۆك و ئۆپەرێت و شانۆیی و ڕۆمانی تایبەت بۆ منداڵان خستۆتە بەردەست منداڵان و كتێبخانەی منداڵانەوە.هەروەها هەردوای ڕاپەڕین كۆمەڵێك گۆڤاری تایبەت بە منداڵانیش لە شارەكانی كوردستان دەرچوون ،بەڵام بەداخەوە لەئێستادا چەند دانەیەكیان ماون كەدەربچن ئەوانی تر زۆریان بەهۆی باری داراییەوە وەستاون،كە بوونی ئەمانە خۆی لەخۆیدا خزمەتێكی باش و بەرچاو بوون بە ئەدەبی منداڵان و دەركەوتنی كۆمەڵێك شاعیر و نووسەری لاو كە بۆ ئەو بوارە گرنگە بنووسن، مامۆستای شاعیر ئەمین محەمەد لەبواری منداڵان لەدیدارێكدا بۆ (خەبات) دەدوێت.
*وەك ئاگادارم تۆلەسەرەتاوە شیعرت بۆگەورەساڵان نووسیوەنەك منداڵ،چۆن بوو ڕووت كردە شیعرنووسین بۆمنداڵ؟
ڕاستە من لەسەرەتای ساڵی هەشتاكانەوە شیعردەنووسم ،سەرەتای نووسینیشم شیعربو بۆگەورەساڵان و شیعری بەرگریی ونیشتمانی بوون،یەكەم شیعرم لەساڵی 1985لەگۆڤاری كارواندا بڵاو كرایەوە،هەرهەمان شیعرم وەرگێڕدرا بۆ عەرەبی ولە گۆڤاری ڕۆژی كوردستان (شمس كردستان)دا بڵاوكرایەوە،یەكەم كتێبم بەناوی(هەڵوێست )لەساڵی 1991 بەچاپگەیاند.شیعری بەرگرییە بۆ گەورەساڵانە پاشان بەهۆی تێكەڵاویی زۆرم لەگەڵ نووسەرانی بواری ئەدەبی منداڵاندا و مامۆستایانی پەروەردەكارو خۆشەویستیی بێ پایانم بۆخودی منداڵ و بۆ بەجێهێانی ئارەزووی (لیلۆ)ی كچم كەئەوكات زۆرحەزی لەشیعری منداڵان بوو،هەمیشەداوای شیعری لێدەكردم ،دەیویست شیعربۆ بوكەڵەكانی بنووسم بەوهۆكارانە بوو ڕووم كردەئەوبوارەو ڕەنگە توانیبێتم تائاستێكی باش خزمەتی بوارەكەبكەم بەردەوامیش دەبم.
*تۆ چۆن پێناسەی شیعری منداڵان دەكەیت؟
شیعری تایبەت بۆمنداڵ، بریتییە لەو جۆرە شیعرە، كێش و سەروادارە ،پڕلەجۆش وخرۆش و میوزیك ئاوازدارە،كەبەكەمترین وشەو ڕستەو دەستەواژە لەچەند دێڕێكداو بەكورتی بەشێوازێكی هونەریی وئەكادیمی پەروەردەییانەی سەردەم پەیامی شاعیر دەگەیەنێت، كەچێژ بەخوێنەرە بچكۆلە كەم ئەزموونەكان دەبەخشێت و ئاسوودەیان دەكات.
*شیعری منداڵان بۆ؟
منداڵان توێژێكی گرنگ و كاریگەرو بنچینەی دروستبوون و پێشكەوتنی كۆمەڵگەن.بۆیە پێویستە بەشێوازێكی تەندروست وزانستی پەروەردە بكرێن،دیارە شیعر هۆكارێكی گرنگە و ڕاستەوخۆ دەتوانێت ،بەشداربێت لە ئاراستەكردن و پێگەیاندنی منداڵاندا،لەڕێگای شیعرەوە دەتوانرێت هەموو بەها نیشتمانی ونەتەوەیی وكۆمەڵایەتی ومرۆییەكان بەمنداڵان ئاشنا بكرێن ،چونكە منداڵ لەڕێگای شیعرەوە ئاسانتر وەریاندەگرێت وفێریان دەبێت.چونكەشیعر سەرواوئاوازدارو چێژبەخشە ،لەدێر زەمانەوە فێركردن لەڕێگای شیعرەوە باوبوە و ڕێگایەكی سەركەوتوبوە،دەورێكی دیارو كاریگەری هەبوە لەناو حوجرەكانی كوردستان.
*نووسینی شیعری منداڵان دەبێت چۆن بێت؟
شیعری منداڵان چەند تایبەتمەندی و مەرجێكی تایبەت بەخۆی هەیەو پێیان دەناسرێتەوە،بۆیە باشتروایە شیعرەكە باس لە خەون و خەیاڵ و خۆزگەكانی منداڵان بكات و لەناوەرۆكدا تەواو منداڵانەبێت.لەڕوی فۆرم و وشەو زاراوەو دەستەواژەوە،سەربە ئەدەبی منداڵان بێت،واتا گونجاوبن لەگەڵ قۆناغ بەندیی منداڵدا،شیعری منداڵان ئەگەرچیرۆك ئامێزبێت زۆر باشترو گونجاوترەو زیاتروئاسانتر ئامانج دەپێكێ و هەم پەیامەكەباشتردەگات و هەم دووردەبێت لەوشەڕیزكردن و سواوی.
*جیاوازی لەنێوان شیعری منداڵان وشیعری گەورەساڵاندا چییە؟
شیعری بۆمنداڵ نووسراو كۆمەڵێك مەرج وتایبەت مەندیی خۆی هەیە،لەڕوی شێوەو ناوەرۆك وپەیام و وشەو ڕستەودەستەواژەوە تەواو جیاوزە لەشیعری بۆ گەورەساڵ نووسراو، شیعری تایبەت بەمنداڵ دەبێت و مەرجە كێش وسەرواداربێت و وشەو دەربڕینەكان سەربەفەرهەنگی منداڵ بن، واتا منداڵ بەئاسانی لێی تێبگات وسودی لێببینێت.دەبێت كورت وپوخت وپڕواتاو پەروەردەیی بێت.واتا دەبێت شاعیرەكە كەسێكی تەواوشارەزای دەروونزانی وپەروەردەی سەردەم و قۆناغەكانی تەمەن وگەشەی منداڵ بێت،شاعیر دەبێت شارەزای كەلتوروكۆمەڵ ناسی و مێژوو بێت بۆئەوەی زانیاری هەڵە نەدات بەمنداڵ،چونكە شاعیرهەرچی وت منداڵ بەڕاستی دەزانێت ولێی وەردەگرێت ودەبێت بەسەرچاوەلەهەست و بیری ئەودا،چونكە هێشتا خاوەنی باكگراوندی ڕۆشنبیریی وزانسیتیی خۆی نییەو پێنەگەیشتوەو نەبوەبەخاوەن بڕیار.ناتوانێت بەشێوەی ڕاست ودروست هەڵەو ڕاستییەكان جیابكاتەوەو هەڵەكان ڕاست بكاتەوە،ئەوەئەركی نووسەرەئەوكارەی بۆ بكات.بەڵام شیعری بۆگەورەساڵ نووسراو هیچ مەرجی پێشوەختەوكۆت وبەندی تێدانییە،شاعیرپابەندناكرێت،واتا شاعیرئازادەچی دەنووسێت وچۆنی دەنووسێت خوێنەرەكەی بڕیارلەسەرباش وخراپیی دەقەكەیدەدات.چونكەخوێنەرەكەی خاوەنی باگراوندێكی ڕۆشنبیرییەوتوانای تێگەیشتن وڕاستكردنەوەی هەڵەی نووسەرەكەی هەیە،بەنموونە ئەگەرشاعیرێك لەشیعرێك یان چیرۆكێكدا ،بڵێ زاخۆ لەهەولێر گەورەترە بەتایبەت بۆمنداڵی بازنەی یەك واتا پۆلی یەك ،دوو ،سێ ،ئەوا منداڵەكە لێی بەڕاستی دەزانێت ولێی وەردەگرێت ،بەڵام لەشیعری بۆگەورەنووسراودا وانییە خوێنەرەكەی هەست بەوهەڵەیەدەكات. بۆیە دەتوانین بڵێین بەڵێ جیاوازییەكی بەرچاو لەنێوان شیعری منداڵ وگەوەساڵداهەیە.
*ئایا تۆش پێت وانییە،منداڵ خۆی خۆی بنووسێتەوە واتا شیعربۆخۆی بنووسێت نەك گەورە بۆی بنووسێت؟
لەڕاستیدا شیعرنووسین بۆمنداڵ وەك پێشترباسمان كرد ،مەرج وتایبەت مەندیی خۆی هەیە بەهەمووكەس نانووسرێت ،دەكرێت منداڵ شیعربنووسێت وەشتی واش هەبوەو دەشبێت، بەڵام دەبێت بزانین ئەوشیعرە بۆمنداڵ گونجاوە یان شاعیرەمنداڵەكە باسی كێشەیەكی گەورەساڵان دەكات چونكەبابەتی منداڵ جیاوازە،ڕاستەشاعیرەكەمنداڵەبەڵام شیعرەكەبۆمنداڵ نییەلەئەدەبی جیهانییادا نموونەی وازۆرن،بەڵام خۆئەگەرهاتو منداڵێكی شاعیر شارەزای لایەنی هونەریی و مەرجەكانی شیعرو لایەنی دەرونیی و قۆناغەكانی تەمەن و گەشەی منداڵبێت شارەزای بواری پەروەردەوتوانای ئاراستەكردنی منداڵی هەبێت وبەهرەی شیعرنووسینی هەبێت ئەوەبەڵێ زۆرباش وگونجاوە،بەڵام ئەوەكەم ودەگمەنەو ئێمەپێویستمان بەنووسەری زیاترو هەمەچەشنترە.بۆیەلەئێستادا باشتر وایە كەسانی شاعیری بەتواناوشارەزای بواری پەروەردەو هونەری شیعرنووسین و مەرجەكانی ئەدەبی منداڵان ،شیعری باش و گونجاوبۆمنداڵان بنووسن .واتا لەهەردوو بارەكەدا باش وگونجاوە خۆی بینووسێت یان شاعیری گەورەساڵ بۆی بنووسێت گرنگ باشی و جوانی وگونجاوی ئەودەقەیە كەبۆی دەنووسرێت ،خۆ نە ساندرێلاو نەنێڵس نووسەركانیان منداڵ نین بەڵام شاكاری بۆمنداڵ نووسراون.
*تائێستا چەند شیعری منداڵانت كراون بەگۆرانی؟
زیاتر لەسەد شیعرم لەلایەن هونەرمەندانەوە ئاوازیان بۆدانراوەو منداڵان بەدەنگەناسك وپڕسۆزەكەیان دەیانچڕن ولەتیڤییەكاندا پەخش دەكرێن من دەستخۆشییان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنیان بۆدەخوازم.
*چەند بەرهەمی چاپكراوی تایبەت بەمنداڵان هەیەو چی تازەشتان لەبەردەستایە؟
13 كتێبی چاپكراوی تایبەت بەمنداڵانم هەیە.لەبوارەكانی شیعروچیرۆك و ڕۆمان و ڕەخنەو لێكۆڵینەوە (ماڵی باران )و (هاوڕێی نوێ) و(خەونی چۆلەكە) و( هەنگەوردیلە )و (گۆرانیی هەورەكان )و (خەیاڵی منداڵانە) و (بەرسیلە) شیعرن (كچی دورگە بچكۆلەكە) ڕۆمان بۆمێرمنداڵان.( زمانڕەوانی جۆرەكانی كێشی بڕگە لێكۆڵینەوەو ڕەخنە)، كتێبی هاوبەشی پێنج نووسەر.( چەند سەرنج و وردبوونەوەیەك لەمێژووی ئەدەبی منداڵ)، كتێبی هاوبەشی دە نووسەر.( دیوانی ع ع شەونم) ، كۆكردنەوەوئامادەكردن. چەند بەرهەمی شیعروچیرۆك و وەرگێڕانم ئامادەن بۆچاپ. بەڵام نوێترین بەرهەمم ڕۆمانێكە بۆ مێرمنداڵ بەناوی ( ملوانكەی ئەفسوناوی) ئامادەیە بۆچاپ، بەنیازم لەمساڵدا چاپ بكرێت و بچێتە كتێبخانەی منداڵانی كوردەوە.
*لەكۆتاییدا دەتەوێ چی بڵێیت؟
دەمەوێ بڵێم تكایەهەرشاعیرێك ئەگەرتەواو شارەزای ژیانی منداڵ و ئەدەبیاتی منداڵ نەبێت ،بادەست بۆئەو ژانرە هەستیارە نەبات چونكە ئەمە وەكو شیعری گەورەساڵ نییە،شیعری گەورەساڵ ئەگەرشیعرەكەباش نەبوو كەمو كوڕی تێدابوو هیچ سوودێك ناگەیەنێت و دەچێتە تەنەكەی خۆڵەوە بەڵام زیانی بۆخوێنەرەكەی نییە ،بەڵام شیعری بۆمنداڵ نووسراوئەگەر خراپ بوو كەمو كوڕی وزانیاری هەڵەی تێدابوو ،هەربەوەوە ڕاناوەستێ كەبێ سوودە،بەڵكو زیانێكی زۆربەلایەنی دەروونیی خوێنەرەكەی دەگەیەنێت.واتا یان تەواوشارەزای بوارەكەبە،یان خۆتی لێ بەدووربگرەو بەجێی بهێڵەبۆ كەسانی شارەزاو تایبەتمەند لەپێناوی خۆشەویستیمان بۆ منداڵانی نەتەوەكەمان.
بەشێك لە بەرهەمەكانی شاعیر ئەمین محەمەد