پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد، بڕیاردرا 500 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

شێروان دووبەردانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: “لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، بڕیاردراوە سولفەیەك كە بڕەكەی 500 ملیار دینارە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت و بۆ مووچە خەرج بكرێت.”

ئاماژەی بەوەش دا: “ئەو سولفەیە مانگانە دەنێردرێ تاوەكوو پرسە داراییەكان و وردبینییەكان لە نێوان هەردوو حكوومەت یەكلایی دەبنەوە.”

جەختی كردەوە دوای رێكارەكان پارەكە دەخرێتە سەر ئەژماری حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كاتێكدایە وێرای جێبەجێكردنی بودجەی عێراق، دوو مانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغدا نەنێردراوە.