
خەبات: پەریهان عومەر:- هەر سێ هونەرمەندی گۆرانیبێژ سەمیرە كارزان و رێباز شەمامی و ئەفشین شوكری دوێتی (سەرگەردانم بێ تۆ)یان بڵاوكردەوە، بەرهەمەكە لە تێكست و ئاوازی (رێباز شەمامی)یە و كاری ئەرەنجمێنتی لەلایەن (ئەفشین شوكری)یەوە بۆ ئەنجامدراوە، كاری میكس و ماسترینگ (رەزا پور رەزاوی) ئەنجامیداوە. سەمیرە كارزان، لەدایكبووی شاری بۆكانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، ماوەیەكی كەمە لە بواری هونەرییدا دەركەوتووە و چەند بەرهەمێكی تایبەت بەخۆی هەیە، زیاتر بە گۆرانی “دكتۆر” ناوبانگی پەیداكردووە، هەروەها هاوسەری (رێباز شەمامی)یە. رێباز حسێن ناسراو بە (ڕێباز شەمامی) ساڵی 1985 لەدایكبووە، زیاتر لە 15ساڵە كاری هونەری دەكات، هەرچەندە خۆی خەڵكی سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام لە شاری شیراز لە وڵاتی ئێران دەژی، زیاتر لە 50 بەرهەمی فارسی و 50 بەرهەمی كوردی هەیە.(ئەفشین شوكری)یش لەدایكبووی شاری مەهابادی رۆژهەڵاتی كوردستانە، ماوەیەكی زۆرە كاری هونەری دەكات و خاوەنی چەندین ئەلبوم و بەرهەمی جیایە، بەزمانی كوردی و فارسی و توركی، ئاوازی بۆ زۆر لە هونەرمەندە دیارەكانی كوردستان داناوە، لەهەمانكاتدا دوێتی لەگەڵ چەند هونەرمەندێكی دیاردا هەیە.