خەبات:رۆشنا عەلی:- بە چاودێری مەكتەبی سكرتاریەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان مامۆستا ڕەزوان قادر لە هۆڵی یەكێتی ناوبراو دەیەمین پێشانگای شێوەكاری بەناونیشانی سروشت و ڕەنگ كەلە 20 تابلۆ پێكهاتبوون كردەوە، مامۆستا ڕەزوان بەكارە هونەری و شێوەكاریەكانی بۆ منداڵان و كارە خۆبەخشییەكانی بۆ قوتابخانەكان دەناسرێتەوە، لە دیدارێكدا بۆ خەبات بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی ئێمەی دایەوە:

*سەرەتا دەربارەی تابلۆكانی سروشت كەلە پێشانگاكە نمایشت كرابوون بۆ خەبات گووتی:ئەمڕۆ دەیەمین پێشانگای تایبەتیم كردەوە كە بیست تابلۆ بوون و هەموو تابلۆكان سروشتی جوانی كوردوستانە ئیشكردنەكانیش بە تەكنیكی چەقۆ و فڵچەیە ، ئامانجمان لە كردنەوەی ئەم پێشانگایە پارێزگاریكردنە لە سروشتی جوانی كوردستان كە بە خۆرسكی سروشتێكی جوانی هەیە ، بەڵام دەستی مرۆٌڤەكان بۆتە هۆی شێواندنی ئەم سروشتە.

*دەربارەی ئەوەی كە ئایا چەند ساڵەخەریكی كاری خۆبەخشییە و كارەكانی لە چ بوارێكە؟ بۆ خەبات گووتی: ماوەی بیست و حەوت ساڵە خەریكی رازاندنەوەی قوتابخانەكانم وە لە %90 قوتابخانەكانی شاری هەولێرم بە وێنەی پەروەردەیی رازاندۆتەوە و بەردەوامیشم و زۆربەی كاتەكانیش بە خۆبەخشی بووە هەندێك جار قوتابخانەكان بۆیەكانیان كڕیوەو من وێنەكانم بۆ كێشاون، پرۆژەشم هەبووە و پێشكەشی وەزارەتی پەروەردەم كردووە كە هەڵمەتێكی گشتگیر بكەین بە تایبەتی قوتابخانە حكومیەكان پێویستیان بە رازاندنەوەیە وە چەندین كەسیشم فێری ئەم كارە كردوە و ئەوانیش بەشداربوون.

دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەوان زۆرێك لە قوتابخانەكانیان ڕەنگین كردووە لە كاتێكدا هەموو قوتابخانەیەك مامۆستایەكی هونەری هەیە ئەوان هاوكارتن یان بۆ خۆیان نایكەن؟ لەم بارەیەوە گوتی: وەك دەزانین مامۆستای هونەر سستیەكی پێوە دیارە وە ئەمەش بەهۆی نەبوونی پرۆگرامی هونەری لە سی ساڵی رابردوو نەتوانراوە سیستەمێكی گشتگیری هونەری دابنرێت وە ئەمەش كێشەی زۆری بۆ مامۆستایانی هونەری دروست كردووە وە ئەو مامۆستایانەی كە لە قوتابخانەكانن پسپۆریەكەیان شێوە كاری نییە، یاخود مامۆستای بابەتێكی تر دەرسی هونەر دەڵێتەوە بۆیە پێویستە ساڵانە خول و بنكەی كارە دەستیەكان بكرێتەوە بۆمامۆستایانی هونەر.

*دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئامانجت چییە لەم هەموو كارە خۆبەخشییە؟ مامۆستنا ڕەزوان گووتی: كاری خۆبەخشی هەستێكی ئارامیت پێدەبەخشێت، قوتابخانە حكومیەكانیش بێبەشن لە ڕازاندنەوە ئەگەر بەراوردی بكەین بە قوتابخانە ئەهلی و ناحكومیەكان ئەوا دەبینین منداڵ حەز دەكات زیاتر لە قوتابخانە ئەهلییەكان بمێنێتەوە وە هۆكارەكەش ئەوەیە كە قوتابخانەی ئەهلی هەمووی رەنگاو رەنگە و رازاوەیە، منیش ئەو بۆشاییە دەبینم كە قوتابخانەكان زۆربەیان رازاندنەوەیان بۆ نەكراوە ئامانجی منیش تەنها دڵ خۆشكردنی منداڵانە، یەكێك لەو بەسەرهاتانەی بەسەرم هات رۆژێكیان منداڵێك هات بۆ لام و وتی من رۆژانەی خۆم خەرج ناكەم تەنها تابلۆیەكم بۆ دروست بكە وە ئەم دیمەنە زۆر كاریگەری هەبوو پێم گووت: رۆژانەكەی خۆت خەرج بكە و من تابلۆیەكت بۆ دروست دەكەم زۆر دڵی خۆشبوو لە ناو منداڵەكان دەیگووت ئەمە تابلۆكەی منە.

*دەربارەی ئەوەشی كە تاچەند لە قوتابخانەكان مامۆستایانی هونەر لەئاست دۆزینەوەی بەهرەی هونەری منداڵان سەركەوتوو بوون؟ مامۆستا ڕەزوان قادر گووتی: دەكرێت بۆ نمونە لە قوتابخانەیەك ژورێكی وێنەكێشان هەبێت ئەوا دەتوانرێت بەهرەكان بدۆزرێتەوە لە منداڵا وە لە قۆناغی ناوەندی بەهرەكانیان دەردەكەوێت، بەڵام پێویستی بە رێنیشاندەرە بەڵام بە داخەوە مامۆستایانی هونەر كەمتەرخەمن.