photo: ali banishary

خەبات: عەلی بانیشاری:-دوو كۆمپانیای ناوخۆیی، ئەو گەنمە لە جووتیاران دەكڕنەوە كە بۆ ئەمساڵ لە دەرەوەی سایلۆ ماوەتەوە. بەپێی رێكەوتنێكیش كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دوو كۆمپانیاكە كردوویەتی، تاوەكو 2ی10ی2023 كۆمپانیاكان تەواوی پارەی گەنم ڕادەستی جووتیاران دەكەن. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیش دەڵێت: كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو، 10.5 ملیار دیناری شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵی 2023 دابەش دەكرێت.

10.5 ملیار دینار، شایستە داراییەكانی جووتیاران دابەش دەكرێت
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی كوردستان بۆ (خەبات) گوتی: تاوەكو ئێستا 126 ملیار دینار پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان بۆ ساڵی 2023 لەلایەن بەغداوە نێردراوە و بە دڵنیاییەوە لە ئایندەیەكی نزیكدا تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران دابەش دەكرێت. گوتیشی: كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود هەفتەی داهاتوو، 10.5 ملیار دینار پارەی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دابەش دەكرێت. نەوزاد شێخ كامیل، باسلە ڕێكارە كارگێڕییەكانی خەرجكردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەكات و دەڵێت: گەیشتنی چەكی پارەی گەنمی جووتیاران لە بەغداوە بۆ هەولێر دوو ڕۆژی پێویستە، ئەگەر ڕۆژی پێنج شەممە چەكەكە ڕەوانەی ئێمە بكرێت بەهۆی پشووەوە تا ڕۆژی یەك شەممە كاری لەسەر ناكرێت، ڕۆژی یەك شەممەش چەكەكە دەبەینە لقی هەولێری بانكی مەركەزی و 72 كاتژمێر چاوەڕێ دەكەین تا ڕەزامەندی لەسەر سەرفی چەكەكە دەدرێت، دواتر بانكەكە ئاگادارمان دەكاتەوە كە سەردانیان بكەین بۆ وەرگرتنی پارەكە و پاشان ئێمەش پارەكە دەبەینە ئەو بانكەی كە پارەی گەنمی جووتیارانی لێ دابەش دەكرێت.

بەغدا 286 ملیار دینار، پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان لاماوە
بۆ ئەمساڵ حكوومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی كوردستان وەرگرت، پارێزگای سلێمانی 230 هەزار تۆن، پارێزگای هەولێر 145 هەزار تۆن، پارێزگای دهۆك 125 هەزار تۆن. تەواوی شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵی 2023 بریتی بوو لە نزیكەی 412 ملیار دینار، لەو بڕە تاوەكو ئێستا بەغدا 126 ملیار دیناری ناردووە و 286 ملیار دیناری لاماوە. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماژەی بەوەشدا، چاوەڕێی ئەوەیان نەدەكرد دابەشكردنی شایستە داراییەكانی جووتیاران هێندە دوا بكەوێت، چونكە بڕیار بوو هەر 10 ڕۆژ جارێك حكوومەتی عێراق بڕە پارەیەك ڕەوانە بكات، بەڵام بەهۆی دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە و دەرنەچوونی ڕێنماییەكانی جێبەجێكردنی بودجە، دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2023 لە وادەی خۆیدا دواكەوت. بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست (خەبات) كەوتووە، یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پارەی گەنمی جووتیارانی بۆ ساڵی 2023، پەیوەندی بە كاتی وەرگرتنی پڕۆسەی گەنمەوە هەیە، بەشێوەیەك لە هەرێمی كوردستان سایلۆكان لە 27ی ئایارەوە كرانەوە، بەڵام لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە 10ی نیسانەوە سایلۆكان بە ڕووی گەنمی جووتیاراندا كرانەوە، ئەوەش وایكرد جووتیارانی كوردستان درەنگتر لە جووتیارانی ناوەڕاست و خواروو گەنم ڕادەستی سایلۆ بكەن و شایستە داراییەكانیان وەربگرن.

200- 250 هەزار تۆن گەنم لە دەرەوەی سایلۆ ماوەتەوە
بەپێی پێشبینیبەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەمساڵ 200- 250 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی پلانی وەزارەتی بازرگانی عێراق ماوەتەوە. سەبارەت بە ناڕەزایەتی بەشێك لە جووتیاران لە بەرامبەر وەرنەگرتنی گەنمەكانیان لە هەفتەكانی ڕابردوودا، نەوزاد شێخ كامیل گوتی: لە هەولێر شەش بۆ حەوت هەزار تۆن گەنم مابوویەوە و جووتیارەكان ڕەسیدیان مابوو، لەگەڵ كۆمپانیای خۆشناو ئەو گرفتەمان چارەسەر كرد و گەنمی ئەو جووتیارانە بە نرخێكی گونجاو وەرگیرا. زیاتر گوتی: لەگەڵ كۆمپانیاكانی خۆشناو و قەیوان رێكەوتووین كە سەرجەمی ئەو گەنمەی لە دەرەوەی سایلۆ ماوەتەوە، لە جووتیارانی خۆمانی بكڕنەوە. ((هەردوو كۆمپانیاكە تۆنی گەنمی پاكوخاوێن بە 600 هەزار دینار و گەنمی 5% پیس بە 575 هەزار دینار لە جووتیار دەكڕنەوە)). بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی دەڵێت: ئەو گەنمەی هەردوو كۆمپانیاكە لە جووتیارانی دەكڕنەوە لە بازاڕدا هەر تۆنێكی كەمتر لە 500 هەزار دینار دەكات.

تا 2ی10، جووتیاران پارەكانیان وەردەگرن
بەهۆی نەبوونی كارەباوە، تاوەكو ئێستا كۆمپانیای قەیوان لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین گەنمی لە جووتیاران وەرنەگرتووە، ئەمە قسەی نەوزاد شێخ كامیلە. ئەو دەڵێت: كۆمپانیای خۆشناو لە ئێستادا بڕێكی زۆر گەنمی وەرگرتووە و پێی ڕاگەیاندووین هەر جووتیارێك گەنمی هەبێت لە ماوەی یەك مانگدا لێی وەردەگرن، كۆمپانیای قەیوانیش لەوانەیە لەم هەفتەیەدا دەست بە وەرگرتنی گەنم بكەن. بەپێی ئەو رێكەوتنەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هەردوو كۆمپانیاكانی خۆشناو و قەیوان ئەنجامیداوە، دەبێت لە 2ی ئاب تاوەكو 2ی ئەیلولی ئەمساڵ هەردوو كۆمپانیاكە گەنمی جووتیاران وەربگرن و تاوەكو 2ی تشرینی یەكەمیش تەواوی پارەی جووتیاران بدەن. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ڕاشیگەیاند: كڕینەوەی گەنم لەلایەن ئەو دوو كۆمپانیایەوە دەبێتە هۆی ئەوەی جووتیارانی كوردستان ناچار نەبن گەنمەكانیان بە بازرگانیانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بفرۆشن.