دڵشاد مسته‌فا وه‌سانی
كتێب، به قه‌ولی مامۆستا مومتاز حه‌یده‌ری: ” دیارده‌یه‌كی مێژوویی كلتووری – شارستانی هه‌ره مه‌زنی جیهانی و چرایه‌كی هه‌میشه دره‌وشاوه‌ی مرۆڤایه‌تییه”. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌و به‌ها به‌رزه‌ی كتێب و ڕۆڵی كاریگه‌ریی له كۆمه‌ڵگه‌دا، حه‌یده‌ری هه‌وڵی دا، ڕۆژێك له كوردستان بۆ جه‌ژنی كتێب دیاری بكرێت. ئه‌م تێكه‌ڵاوییه ڕۆحییه‌ی مامۆستا مومتاز له‌گه‌ڵ كتێبدا، وێنه‌یه‌كی لای هه‌موومان دروست كردووه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، هه‌ر كات حه‌یده‌ری ببینین، بێ سێ و دوو بیرمان به لای كتێبدا ده‌چێت.
دیارییه‌كی گرانبه‌ها
حه‌یده‌ری هه‌ر به‌وه‌نده نه‌وه‌ستاوه، كتێب لای خوێنده‌واران خۆشه‌ویست بكات، به‌ڵكو خۆیشی ناوه ناوه چه‌ند كتێبێك چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه، به گوڕ و تینه‌وه، له رێوڕه‌سمێكی شایسته‌دا، به‌رهه‌مه‌كانی ده‌ناسێنێ، هه‌ر به‌وه‌نده‌ش لێ ناگه‌ڕێ، به‌ڵكو هه‌ر خۆی به دیاری بۆ هه‌ندێك كه‌سی ده‌بات و ڕێگه‌یه‌كی زۆر ده‌بڕێت، هه‌تا ده‌یانگه‌یه‌نێته ئه‌وانه‌ی وه‌ك دیاریه‌كی گرنگ پێشكه‌شیان ده‌كات، چونكه هه‌ر له ناو هه‌ولێر دابه‌شی ناكات، به‌ڵكو ده‌چێته شاره‌كانی دیكه‌ش.
زاده‌ی ته‌مه‌ن … ڕه‌وسه‌ی قه‌ڵه‌م
دوا به‌رهه‌می مامۆستا مومتاز، كتێبێكی 18 به‌رگییه، به ناوی (ڕه‌وسه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م)، كه به دیاری گه‌یشتۆته (ڕۆژنامه‌ی خه‌بات)، بڕیار وایه له‌م رۆژانه‌دا، بیكاته جه‌ژن و له ڕێوڕه‌سمێكی شایسته به كتێب و قه‌ڵه‌می حه‌یده‌ری، بناسێندرێ و وه‌ك جه‌ژنانه و دیارییه‌كی گرانبه‌ها، پێشكه‌شی ئاماده‌بووانی ڕێوره‌سمه‌كه‌ی بكات، مامۆستا له‌م به‌رهه‌مه‌ی دا، ئه‌رشیفێكی ده‌وڵه‌مه‌ندی نووسین و ڕۆژنامه‌وانیی خستۆته به‌رده‌ستمان، له گه‌رمه‌ی ڕووداوه‌كاندا بابه‌تی نووسیوه. به‌مه‌ش ئه‌زموونێكی كه‌ڵه‌كه‌بووی هه‌یه، به‌درێژایی ژیانی، ساڵانێكی زۆری ته‌مه‌نی به نووسین و ڕۆژنامه‌وانی به‌خشیوه. له لاپه‌ڕه شه‌شی به‌رگی یه‌كه‌مدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه و ده‌ڵێ:”ڕه‌وسه‌ی قه‌ڵه‌مه‌كه‌م كه زاده‌ی ته‌مه‌نه، دیاریی 85 ساڵه‌ی ته‌مه‌نه”.
بابه‌تی هه‌مه‌جۆر
بابه‌ته‌كان هه‌مه‌جۆرن، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری، په‌روه‌رده و خوێندن، ئه‌ده‌ب وهونه‌ر، لایه‌نی مافی مرۆڤ و پێگه‌ی ئافره‌ت له كۆمه‌ڵگه‌دا. هه‌روه‌ها دیدار وچاوپێكه‌تن، له‌گه‌ڵ زۆر كه‌س كراوه. له‌م زنجیر‌ه‌یه‌دا، زانیاریی هه‌مه‌جۆر هه‌یه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر توێژه‌رێك توێژینه‌وه له‌باره‌ی چالاكیی ڕێكخراوه‌كان بكات، ئه‌وه ئه‌م به‌رهه‌مه یارمه‌تیده‌ره.
وێنه
به‌وپێیه‌ی مامۆستا حه‌یده‌ری، ئه‌زموونێكی زۆری له ڕۆژنامه‌نووسییدا هه‌یه، باشتر گرنگیی ڕۆڵی وێنه ده‌زانێت، بۆیه له هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانیدا، گرنگییه‌كی زۆری به وێنه و شێوه‌ی دانانی داوه، له‌م هه‌ژده به‌رگه ڕووبه‌رێكی زۆر به وێنه دراوه، به‌مه‌ش هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له وێنه‌ی پێشكه‌ش كردووین، كه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی گرنگ.
18 تابلۆی شانازی
یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی له‌م 18 به‌رگه‌دا، جێی سه‌رنجه، ته‌رخانكردنی به‌رگی دواوه‌ی هه‌ر یه‌كێك له‌و 18 به‌رگه‌یه، بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی كوردستان. ئه‌م هه‌وڵه پێشتر له‌كتێبی كوردیدا به‌رچاو نه‌كه‌وتووه، چونكه تا ئێستا لای نووسه‌ران، به ئاسایی وه‌رنه‌گیراوه، به‌بێ بۆنه وێنه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ك له به‌رگی دواوه‌ی كتێبه‌كانیان بده‌ن، به‌ڵام مامۆستا مومتاز له‌م به‌رهه‌مه ده‌وڵه‌مه‌نده‌یدا، 18 ناوی هه‌ڵبژاردووه و هه‌ر به‌رگێكی بۆ یه‌كێك له‌و 18 ناوه ته‌رخان كردووه، به‌مه‌ش مامۆستا حه‌یده‌ری نه‌ریتێكی له چاپی كتێبی كوردی داهێنا. 18 تابلۆكه به‌پێی ریزبه‌ندیی به‌رگه‌كان بۆ ئه‌م ناوه دیارانه ته‌رخان كراوه: عه‌زیز گه‌ردی، پ.ی. د. ئه‌حمه‌د حه‌مه‌ده‌مین، وان حه‌یده‌ری، مو‌سا عه‌نته‌ر، مه‌ستوره خانم، مامۆستا هێمنی شاعیر، كه‌ریم ئه‌حمه‌د، هه‌مزه عه‌بدوڵلا، كه‌ژاڵ ئیبراهیم خدر، ساڵح حه‌یده‌ری، كچه كورد (زه‌ینه‌ب خان)، زارا محه‌مه‌دی، پ.د. ئیسماعیل بێشكچی، دانه‌ر نه‌به‌ز، عه‌بدوڵڵا زه‌نگه‌نه، سارای شه‌هید، ئاڤا هوما، كاپیتان حه‌مه‌دی مه‌ولودی.
18 به‌رگ یان 8500 لاپه‌ڕه
كۆی ئه‌م 18 به‌رگه 8500 لاپه‌ڕه‌یه، قه‌باره‌ی به‌رگه‌كانی وه‌ك یه‌ك نییه، به‌ڵكو به پێی بابه‌ته‌كان ده‌گؤڕێت، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای زۆریی به‌رهه‌مه، بۆه‌ی هه‌ندێ بابه‌ت، دوو به‌رگ و سێ به‌رگه، لێره به كورتی ئاماژه‌یان پێ ده‌كه‌ین:
* بەرگى یەکەم به‌ناوی (ڕۆژنامەى هاوکارى وەکو خۆی) ٧٣٥ لاپەڕەیە.
* بەرگى دووەم و سێیەم بە قەبارەى ٩٤٢ لاپەڕە لێکۆڵینەوەیەکى د.ئەحمەد حەمەدەمین بەناوى (مومتاز حەیدەرى و ڕۆڵی لە ڕۆژنامەنووسیی کوردی‌دا/ ڕۆژنامەى هاوکارى وەک نموونە).
* بەرگى چوارەم و پێنجه‌م (نووسینە هەمە بابەتەکانى مومتاز حەیدەری) ، كه هه‌مووی به‌یه‌كه‌وه ١٢٠٩ لاپەڕەیه.
* بەرگى شەشەم و حەوتەم و هەشتەمى ڕه‌وسه‌کە ١٥٢٨ لاپەڕەیه، كه دیدارە هەمە بابەتەکانى مومتاز حەیدەرى لە وەڵامى پرسیارە هەمە جۆرەکاندا له‌خۆ ده‌گرێت.
* بەرگى نۆیەم و دەیەم بۆ (مرۆڤە نیشتمانپەروەرە بەخشندەکان) تەرخانکراوە کە ٩٩٣ لاپەڕەیه، ٧٩ کەسایەتی له‌خۆ ده‌گرێت.
* بەرگی یازدەیه‌م ڕەوسەى قەڵەم بریتیە لە (جینۆسایدى کورد لە خەزێنەى k21دا) کە ٦٠٦ لاپەڕەیه.
* بەرگی دوانزدەیه‌م (گەنجینەى ڕێز لێنان ـ قەڵەمە زێڕینەکان) كه ژمارەیان ٦٤ قەڵەمە و ٤٠٠ لاپەڕەیە.
* بەرگى سێزدیه‌م بریتییه له شەش کتێب کە کۆی گشتى ٥٤٤ لاپەڕەیە.
* بەرگى چواردەیه‌م (خەڵاتى میللی) كه ٢٦٤ لاپەڕەى ڕەنگاو ڕەنگه.
* بەرگى پازدەیەم (کتێبخانە و ئەرشیفی مومتاز حەیدەرى لە کتێبێکى ئەرشیفیدا) راوە کە بریتییە لە ٤٠٠ لاپەڕە.
* بەرگى شازدەیەم (جەژنى کتێب ـ جەژنى ژیان) كه ٤٧٠ لاپەڕەى رەنگاو ڕەنگى فرەلایەنه.
* بەرگى حەڤدەیه‌م (حوزنى موکریانى.. گەورە ڕۆژنامەنووس .. مێژوونووس) کە ٢٠٠ لاپەڕەیە.
* بەرگى هه‌ژده‌یه‌م، ژیانى کوردەوارییە بە زوومى حەیدەریزادە، کە بریتییە لە ١٩٢ لاپەڕە.
پێش كۆتایی
ئه‌م به‌رهه‌مه نایابه، به ماندووبوون و شه‌ونخوونیی مامۆستا حه‌یده‌ری و ستافێكه، كه به‌رده‌وام كاریان كردووه، تا چاپ بووه. لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین، كه ئه‌م كۆبه‌رهه‌مه 18 به‌رگییه، پاره‌یه‌كی زۆری له لایه‌ن مامۆستا مومتازه‌وه بۆ خه‌رج كراوه. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه ئیشی دامه‌زراوه‌كانه كارێكی وا بكه‌ن، نه‌ك تاكه‌كه‌س. ده‌ست خۆشی له مامۆستا مومتاز حه‌یده‌ری ده‌كه‌ین، هیوای ته‌مه‌ن درێژی و ته‌ندروستییه‌كی باشی بۆ ده‌خوازین.












