خەبات: بەرهەم شێخ عزەدین:- خالید عەبدولڕەحمان عەزیز ناسراو بە (شێخ خالید واژەیی) ،دانیشتووی گوندی (واژە) ی شارباژێری سەر بە قەزای چوارتایە، لە ساڵی ۱۹٦۲ لە گوندی واژە چاوی بە دنیای ڕوناك هەڵهێناوە، لە بنەماڵەیەكی كورد و نیشتیمانپەروەر. خوێندنی سەرەتایی لە گوندی واژە تەواو كردووە و بۆ خوێندنی ناوەندیش چۆتە چوارتا و دواتر سلێمانی. ساڵی ۲۰۰۷ نامیلكەی شیعریی (نهێنیەكانی دڵی عاشقێك) و ساڵی ۲۰۱۰ نامیلكەی شیعریی (نمە بارانێك لە هەناوی هەوردا) بڵاوكردۆتەوە . لەم دیدارە كورتەدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەڕێزیان بەو شێوەیە وەڵامی داینەوە:

* شیعر لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
ـ شیعر دەربڕینی هەست و سۆزی مرۆڤە كە بتوانێ دەریببڕێت.

* چۆن شیعر دەنووسیت ؟
ـ من كاتێ شیعر دەنووسم یان زۆر دڵخۆشم یان كەمێك غەمباری دامدەگرێت، حەز دەكەم كاتی نووسین تەنیا بم لەسەرجۆگەو ئاو یان شوێنێنكی بەرز و كراوە بم. دڵگیر بێت یان بە تەنیا یی لە ژورێكدابم.

* شیعر چی سۆزێكت دەداتی ؟
ـ شیعر خۆشەویستییە،هەستە، دەربڕینی ناخی شاعیرە بۆ بەرامبەری ،بۆ میللەتەكەی و گەلە ستەملێكراوەكەی ،بۆ خۆشەویستەكەی.

* بۆ ڕووتكردە شیعر نووسین؟
ـ من یەكەمجار كە دەستم بە نووسینی شیعر كرد یەكەم خۆشەویستی خاك و نیشتیمان دووەم دەربڕینی هەست و سۆزی خۆم بۆ ناو كۆمەڵگا و میللەتەكەم.

* تۆ وەك شاعیرێكی میللی بۆ چی و بۆ كێ دەنووسیت. ئامانجت چیە لە شیعر نووسین؟
ـ من وەكو شاعیر ئامانجم تەنیا دەربڕینی ئەو هەست و سۆزەی ناخی خۆمە بۆ وڵات و میللەت و ئازیزانم . ئامانجیشم دەربڕینی هەستەكانمە.

* لەگەڵ كتێب وخوێندنەوە چۆنیت و كێ هاوكارت بووە لە نووسیندا؟
ـ لەگەڵ كتێب و خوێندنەوەدا باشم شیعری شاعیرانی كۆنم زۆر خوێندۆتەوە .كەمێكیش ڕۆمانم خوێندۆتەوە . ئەوەی ڕاستی بێت وەك هاندەر كەسی وا نەبووە هاوكاریم بكات. ئەوەی هاوكارم بووە (شوكراللەی بابان) بووە بە خوێندنەوەی شیعرەكانی و (حەسەن زیرەك) بە مەقامەكانی.

*ئایا هیچ شیعرێكت بۆ نیشتیمان و ئازیزان و گەورەیی شەهیدان نووسیوە؟
ـ بەڵێ ئێمە لەم خاكەدا گەورە بووین دەبێت وەكو دایكی خۆمان هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكەین. خاك و نیشتیمان خۆشەویستە.

بۆ نموونە شیعرێك بۆ گەورەیی شەهیدان:

(بێنازی دایكانی شەهید)
دایە گیان تاكەی ئازار ئەنۆشــی
فرمێسكی چاوت دەڕژێنیە كۆشی
بۆخۆت ئیزنت دام بچمە ئەو شاخە
تا بەرهەم بێنم ئازادی و خۆشی
***
كۆرپەی شیرینم جگەر گۆشەكەم
خۆم بەڕەنگی سوور بەرگپۆش ئەكەم
مادام لەپێناو خاكا شەهید بووی
بەری هیلاكی ڕەنجت نۆش ئەكەم
***
ئازادی هاتو وڵات دامەزرا
ئاشتی هاتەوە ناو كێڵگەو مەزرا
زۆر بەداخەوە بەدەست چاوچنۆك
بەشێك لە كفنی شەهیدان دزرا
***
* شیعرت بۆ خۆشەویستیی نووسیوە؟
بەڵێ شیعرم بۆ خۆشەویستی ئافرەت نووسیوە
بۆ نمونە:
مناڵێك بووم یاریم دەكرد تیرێك هات و سینەم كونبوو
كاتێ كە هۆش خۆم هاتمەوە دڵم نەمابوو لێم ونبوو
لەو كاتەوە هەتا ئێستاش بە دوای خاوەن تیرا وێڵم
بۆ تەداوی زامی تیری كە زامداری دڵی من بوو

* چی شێوازێكی شیعرتان گرتۆتە بەر واتا بەڕێزتان شیعری كلاسیك دەنووسن یان میللی یان ئازاد ؟
ـ من لە ڕاستیدا زیاتر هەر حەزم لە نووسینی شیعری میللی و كلاسیكیە . ئەتوانم بڵێم زیاتر كورتە شیعرو چوارینە دەنووسم.

* چی تازەتان لەبەر دەستە ؟
ـ كۆمەڵێك هۆنراوەی خۆشەویستی و نیشتیمانی و ئایینی بە كورتەشیعر و چوارینە، جگەلەوەش نزیكەی (100) هۆنراوەو چوارینە شیعرم لەبەردەستە بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە ئەگەر خوای گەورە بۆم بڕەخسێنێ‌.