خەبات: حەمید سورچی:- هونەرمەندی شێوەکار تارا محەمەد ئەمین یەکێکە لە هونەرمەندە دیار و ناسراوەکان ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆی گێڕاوە. تابڵۆی جوان و سەرنجڕاکێشی بەرهەم هێناوە. لەدایکبووی شاری سلێمانیە و لەپەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ئهو شاره سلێمانی خۆێندنی تەواو کردووە. ساڵی ۱۹۹٤ چۆته دهرهوهی وڵات و دواتر له ساڵی 1999 تا 2001 لهئەکادیمیای هونەی میللی شاری (ڕاولاند) لە ووڵاتی نەرویج Telemark unveristy college ) (Art خوێندووە.
*چۆن لەگەڵ جیهانی هونەری شێوەکاری ئاوێتەبوویت؟
– هونەر جیهانێکی خۆرسک و داهێنەرانەیە کەبەردەوام ڕۆح و هەست ئەبزوێنێ بۆ نوێبوونەوەو ئەفراندن ئەڵبەت منیش بەشێکم لەو جیهانە بەپێی تواناکانم کاری بۆ دەکەم. سەرەتاکەشی لەکاتی خونچەییمەوە سەریهەڵدا بەکارە سادە و ساکارەکانم کەڕۆحیان ئاو دەدام: وەک (شاخ و چیاو ڕوبارەکانی کوردوستان وگوڵ و چیمەن و دارو درەخت چۆلەکەو کەو کۆتر )ی ووڵاتی زێد، هەر لەو سەرەتا سانایەشەو وردە وردە هونەر لەگەڵما گەورەبوو گەڵاو چرۆی زیاتری کردوو سەوزو گەورەبوو ئێستا هونەر بۆتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لەمن.
*پێگەی هونەری شێوەکاری لەشوناسنامەی نەتەوەییدا چییە؟
– پێگەی هونەری شێوەکاری لەشوناسنامەی نەتەوەیدا وەک هونەرەکانی تر ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە و هەیە و تەواوکەری یەکترن. زۆر جار ڕوداوێکی مێژووی گرنگ کەلە ڕۆمانێکدا یان قەصيدەیەکدا باسکراوە توانراوە بە تابلۆیەک گوزارشی لێبکرێت. واتە هونەر بەگشتی و هونەری شێوەکاری بەتایبەتی ڕۆڵی گرنگی هەبوە لە شوناسی نەتەوەیماندا، بەڵام پێویستە گرنگی زیاتری پێ بدرێ. وەک ووتراوە: وێنەیەک یەکسانە بەهەزار ووشە، واتا تابلۆ وەک زمانێکی هاوبەش وایە: هەموو نەتەوەیەک لێی تێئەگات!
* لەئەمڕۆدا هونەری شێوەکاری لەکوردستاندا لەچ ئاستێکدا دەبینی؟
– هونەری شێوەکاری لەکوردستان لە جوڵەو کارکردندا لەئاستێکی باشدایە ئەگەر هونەرمەند بەبێ چاولێکەری و بەویستی خۆی کار بکات و پەیامی بەرزو ڕاستەوخۆی لەگەڵ نیشتمانیان و نەتەوەی چەوساوەدابێت، هاوکات ئەو ڕێبازە هەڵبژێرێ کە سەرکەوتووە تێیداو دواجار و گرنگترینیش ئازادانە کاربکات، بەڕای من ئاست بەرز و باشەکان داهێنانی باش ئەنجام ئەدەن!
*بەڕای ئێوە تاچەند کۆڵیژ و پەیمانگای هونەرەجوانەکان دەتوانن هونەرمەندی شێوەکار و کایەکانی تری هونەری بەرهەم بێنن، بەبێ ئەوەی خودی کەسەکە بەهرەیەکی هونەری تێدا بەرجەستە نەبووبێت؟
– کۆلیژو پەیمانگە هونەریەکان دەتوانن زانیاری ئەکادیمی و سەرەتایی و مێژووی هونەری پێشکەش بکەن بەمەرجێ قوتابیەکە خۆی مەرجی هونەرمەندێتی تیابێت حەزوو خولیای زۆری کارکردنی تیادابێت. ئەگینا هەرگیز خوێندنی ئەوانە بێ ئەو مەرجانە هونەرمەند دروست ناکات ! لێرەو لەوێ کەسانێک دەناسم خاوەن ئاستێکی بەرزی هونەرین لەڕێی ئەزموونی کار کردنی خۆیانەوە خۆیان پێگەیاندوە یان هەندێک خولی کەمیان بینیوە. دواجار ئەمەوێ بڵێم کارکردن ئاستی هونەرو هونەرمەند بێ ئەندازە بەرزئەکاتەوە.
*سەربەچ قوتابخانەیەکی هونەری شێوەکاریت؟
– زیاتر ڕیالیستی کار ئەکەم ئەتوانم بڵێم خۆم نەبەستۆتەوە بەیەک میتۆدی تایبەتەوە پێم وایە جۆری کار کردنەکەم بڕێ جار وا ئەخوازێ کاری تعبیریش بکەم، یان هەندێ جار بەپێی خواست بۆ کۆرسێ یان داواکاریەک تابلۆیەکی ئەپستراکتیشم کردووە..
*کاریگەری ستەم و چەوسانەوەی سەر ئافرەتان لەسەرتابڵۆکانت چییە؟
– ئەڵبەت ستەم و تووندوتیژی لای من دژە مرۆڤایەتیە بەهەموو پێوەرێک. خۆ ئەگەر بەرامبەر بە ڕەگەزی ژن یان کچان بکرێت. کاریگەری ڕاستەو خۆ و زۆری لەسەرم هەبووەوهەیە، دیارە بڕێ جار هەڵچون بێزاریەکانم لەڕێی تابلۆوە نەخشاندووە.
* لەڕێی تابڵۆ و نیگارەکانت دەتەوێ چ پەیامێک بگەینیت، تابڵۆکانت زیاترگوزارشت لەچی دەکەن؟
– ئەمەوێ پەیامی مرۆڤ بوون ئاشتی ڕێزوخۆشەویستی بۆ سروشت ژیان ئازادی یەکسانی دواجار جوانی و ئێستاتیکا کەفەلسەفەی مەزنی هونەرە بەڕەنگە هاڕمۆنیەکانیەوە. تابلۆکانم هەمەچەشن و هەمەڕەنگن: بەگشتی گوزارشت لەمانە ئەکەن (ڕوداوە مێژوویەکان،شاعیر و کەسایەتە ناودارەکانی کورد، سروشتی کوردوستان و ووڵاتی نەرویج و ئەسکەندەنافیا، پۆرترەیت، ڕوداوە دڵتەزێنەکان ……هتد ).
* هونەرچی پێ بەخشیویت؟
– هونەر ئەمانەی پێ بەخشیوم : ژیان بەردەوامبوون خۆشەویستی بۆ ڕەنگەکان ئارامی ئاسودەیی هاوڕێیەتی ئاوێتەبوون لەگەڵ مرۆڤە جوانەکان !.
*تاکوئیستا چەند پێشانگات کردۆتەوە و بەشداریت لە چەند پێشانگاکردووە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات؟
– ساڵی ٢٠٠٧بەشداری پێشانگەیەکی هاوبەشم کردوە. ساڵی ٢٠١٦ بیپێشانگەی تایبەتیم کردەوە لەهۆڵی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی. ساڵی ۲۰۱۷ وە ئەندام لەیانەی شێوەکارانی شاری فرێدریکستاد Fredrikstad و تائێستا بەشداری پێنج پێشانگەی هاوبەشم کردووە. بانگهێش کرام بۆ پێشانگەیەکی هاوبەش بەپێنج کاری، ئاوی لەووڵاتی هۆڵەندا ساڵی ۲۰۱۹ لەشاری (ئارنیم ) لەمیانەی هەڵسەنگاندن و ڕێز: لە ئاست باشی کارەکانم مەدالیاو شەهادەی ڕێز لێنانم پێبەخشرا. ساڵی ۲۰۱۹بەشداری پێشانگەی هاوبەشم کردوە لەگەری ئاوا لە شاری فرێدریکستاد Fredrikstad لەووڵاتی نەرویج. ساڵی ۲۰۲۲ پێشانگەیەکی هاوبەشم کردەوە لەگەڵ هونەرمەندێکی فۆتۆگرافدا لەشارەکۆنەکەی نەرویج (گەملە بیەن) Fredrikstad gamlebyen ساڵی ٢٠٢٠ پێشانگەیەکی تایبەتم کردەوە لە هوڵی گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی. ساڵی ۲۰۲۲ بەشداری پێشانگەی هاوبەشیم کردوە لەگەڵ هونەرمەنێکی نەرویجی لەشارەکۆنەکەی فرێدریکستاد. بە هەوڵ و ماندو بوونی دڵسۆزانی هونەرو هونەرمەندان و بەسەرپەرشتی هاوڕێی هونەرمەند کاک حسین شەبەق کتێبێکی هونەری بۆ هونەرمەندانی کورد لە ووڵاتی نەرویج چاپ کرا ساڵی ۲۰۲۲ منیش یەکێک بووم لەو هونەرمەندە شێوەکارانە، بەشداری پێشانگەی هاوبەشم کرد لەگەڵ ( ١٩) هونەرمەندی کورد لەووڵاتی نەرویج لە شاری تۆنسبێرگ Tønsberg لە ڤیستڤاڵێکی هونەری کلتوریدا ساڵی ٢٠٢٣ کۆی پێشانگە تایبەت و هاوبەشەکانم (١٦) پێشانگەیە.
*ڕۆڵی وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوان لە پشتگیری کردن وهاندانی هونەرمەندان لە هەموو کایە جیاوازەکانی هونەر چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
– ڕاشکاوانە ئەڵێم بەرکەوتەم زۆرنیە بەهۆکاری ئەوەی من لەدەرەوەی ووڵات ئەژیم، بەڵام ئەکرێت زیاتریش هاوکاربن و دەستگیرۆیی هونەرمەندان زیاتربکەن بۆ بەرەو پێشچوونی ڕەوتی هونەرو پێناسەی پێشکەووتنی ووڵات، بەتایبەتتر یارمەتی زۆری گەنجان بکەن و تەرکیزی زیاترلەسەر ئەوان گرنگە چون هێزو تواناو داهێنانی گەنجان بێگومان بێ سنورە.
*ئاریشە و لەمپەرەکانی بەردەم رەوتی کارە هونەرییەکانتان چین، وپەیامتان چییە؟
– ئاریشەیەکی زۆر تایبەت نیە کەڕێگر بێت لەبەردەم ئیشکردنم بۆکاری هونەری تەنها (کاتی) باشم ئەوێ بۆ ئافراندنی کارێکی هونەری کە خۆم تاڕادەیەک خۆشگوزارببم. قوڵبونەوە لە ئەزموون و کاری هونەری و خوێندنەوەو بەردەوام بوونیان ڕێگایەکە هزرو ئاوەز فراوانتر دەکات. پەیامیک کە هەمیشە ڕەووتی هونەر بەرەو ئاسۆی پیشکەوتن بەڕێ دەکات.











