بەدرخان زاوێتەیی
بەپێی پۆڵێنكردنی رۆژنامەی دەیلی میلی بەریتانی، كە لە 25/10/2018 دەرچووە شاری هەولێر بە پێنجەمین شاری ئەمین هەژماركراوە لە جیهان، كە پاش شارەكانی ئەبوزەبی ئیمارات و دەوحەی قەتەری و ئۆسكای ژاپۆنی و كیوبیكی كەنەدی دێت.
پێدەچێت لەم پۆڵێنكردنە رۆژنامەكە پشتی بە چەند خاڵ و زانیاری بەستووە، كە بۆ ئەم مەبەستەش سوودی لە پێگەی نومبیو بەستووە، كە ئەو پێگەیەش بەهێزتریم ماڵپەڕی پەیوەست بە كۆكردنەوەی زانیاری و پشتبەستن بە بیروبۆچوونی ئەو گەشتیارانەن، كە سەردانی ئەو شارانەیان كردووەو لە ئەنجامدا رێژەی دڵنیایی و تاوان و ژینگەیی و تەندروستی و رێگاوبان و زانیاری دیكە بەستووە. تەنیا بە تەماشاكردنی شاری هەولێر لەناو ئەو شارانە لە خۆیدا دەستكەوتێكی زۆر گەورەیەو وێنەی نییە نییە لەبەر چەند هۆیەك، لەوانە: رووبەڕووبوونەوەی هەولێر بۆ چەندین قەیران و هەڕەشەی گەورە گەورە و زۆر!. كەوابێت بۆچی هەولێر لە ناو ئەو پێنج شارەدایە، كە لە جیهاندا زۆر ئەمینن!!؟؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بۆ دواوە بگەڕێینەوە، بۆ ئەو سەردەمانە ناگەڕێینەوە، كە كوشتو بڕو تیرۆركردن و دزیكردن عێراقی هەراسان كردبوو ئێستاشی لەگەڵدا بێت تا رۆژی ئەمڕۆ و هەرێم بە ئەمینی مایەوە دوور لە تیرۆرو هەڕەشە بەردەوامەكانی. بەڵكو تەنها ئاوڕێك لە ماوەی چوار ساڵی رابردوو دەدەینەوە، كە چی بەسەر هات بەهۆی شەڕی داعش و پەناهێنانی زیاتر لە ملیۆنێك پەنابەر بۆ هەرێمەكە و ئابڵۆقەی ئابووری و دارایی و دبلۆماسی، كە بەغدا بەسەر هەولێریدا سەپاندبوو، بە بەردەوامی و دەوڵەتانی ئیقلیمی هەوڵییان دەدا دەست لە كاروباری هەرێم وەربدەن و دووبەرەكی و گرفتی بۆ دروست بكەن سەرباری قەیرانە سیاسییەكانی هەندێك لایەنی سیاسیی ناو هەرێم و خۆپیشاندانەكان و سووتاندنی باڵەخانە و پەكخستنی دەوام و دروستكردنی پشێوی و هەموو ئەو روبەڕوبوونەوانەی روبەڕوی هەولێر ی پایتەختی هەرێمی كوردستان بوویەوە، ئەگەر هەر شارێكی روبەڕوی ئەم روبەڕوبونەوانە ببایەوە دادەڕماو وەك شاری حەلەبی سوریاو موسڵی عیراقی لێ دەهات. بەڵام بەهۆی خۆڕاگری و بڕیارەكانی حكوومەت و سیاسەتە سەركەوتوو و هەوڵەكانی ئەنجوومەنی ئاسای هەرێم و خەمخۆری بۆ ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و داوودەزگەكانی هەرێم و گەشتیارانی و داڕشتنی پلانگەلێك بۆ پاراستنی لە پیلانە بەردەوامەكانی دەوروبەر و تیرۆریستان و شكاندنی ئابڵۆقەی بەغدا و قەیرانەكانی، كە بۆی دروست كردین وای كرد ببێتە ئاسایشترین شار لە جیهان. لێرەدا نابێت رۆڵی میللەتی كورد لەبیربكرێت، كە بۆ جیهانی سەلماند، كە گەلێكی رەسەن و خۆشەویستی بۆ ژیان و ئازادی هەیەو بەهای مرۆڤایەتی دەزانێت، رێز لە ئازادی ئایین مەزهەبەكان دەگرێت و لە رادەی پێكەوەژیانی ئاشتیانە تێدەگات.
ئەم گەلە پاشماوەی ئەو هەموو نەهامەتی و ئەنفال و كارەساتانەیە، كە رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عیراق دەرهەقیان كردووە بە جۆرەها شێ. لەگەڵ ئەوەشدا چ كاتێك هەوڵی تۆڵەسەندنەوەی نەداوە، كە دەرفەتی بۆ رەخسابێت، بەڵكو نموونەیەكی بیركردنەوەی بەرزی بەو رێكخراوانە داوە، كە لە دەوروبەری دەژین و دەرگای بۆ ئەوانەش كردەوە، كە لە دژی جەنگاون و دوێنێ دەربەدەری كردبوو لە ترسناكی تیرۆ و پەتای مەزهەبی پاراستن و لە هەرێم شوێنێكی دڵنیایان چنگ كەونت . بێگومان بەم ئەقڵییەتە نەك تەنها هەولێر بەڵكو هەموو بستێك لە هەرێم و كوردستان شایەنی ئەوەن ببنە ئەمینترین ناوچەی جیهان. هەموو كوردێك لە هەر كوێیەكی ئەم دنیایە شانازی بەم دەستكەوتەوە دەكات و دەرك بەوە دەكات، كە حكوومەتی هەرێم و داودەزگەكانی ئاسایش چ ئەركێكی پیرۆزیان كردووە.
شتێكی سروشتییە ئەوانە ئۆپرەیان لێ هەڵبگیرێت، كە دوێنی خیانەتیان كرد و رێیان كردەوە بێنەوە دەست بەسەر هەولێردا بگرنەوەو بۆ ئەم مەبەستەش هەرچی لە توانایاندا بوو كردیان. لێرەدا بێگومان، كە ئەو پۆڵێ،ە دەبیستن هەست بە شەرمەزاری دەكەن، ئاخر ئەوانە هەولێریان بە شارێكی پاشكەوتوو و پۆلیسی لە قەڵەم دەدا. هەروەها دەیانوت كەوتۆتە ژێر ئەقڵی عەشایەری و زۆر تێروانینی بێ بنەمایان دروست كردبوو لە رێگەی راگەیاندنە نائازادەكانیان، كە لەلایەن ئەجیندای دەرەكییەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم هەوڵە وەك بروسكەیەك بوو بەسەریاندا و ئێستاش وەكو جاران هەوڵ دەدەن ئەو هەواڵە بەدرۆ بخەنەوە، كە ئەو رۆژنامەیەی بەریتانیا بڵاویكردۆتەوە، بەڵام ئەگەر رۆژنامەكە بەریتانی نەبایە زۆرانێك باوەڕیان بە درۆكانیان دەكرد.
لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی










