
خەبات- سەید فاتیح بەرزنجی:
ماوەی چەند ساڵێكە لەكوردستان دیاردەی سەگی بێلانە هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستانی گرتۆتەوەو مەترسی زۆری بۆ سەرگیانی هاووڵاتیان دروستكردووەو تا دێت ژمارەی ئەو سەگە بێلانانە زیاتر دەبێت وڕۆژانە لێرەو لەوێ گوێ بیستی ئەوە نەبین كە ئەو سەگە بێلانانە پەلاماری منداڵ و گەورەو پیرو بەساڵاچووانیان نەدابێت و هەبوونی ئەو هەموو سەگە بێلانانە لەناو شاری هەولێرلە كوچەو كۆڵانەكان و سەرشەقامەكان جگە لە زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان دیمەنی پایتەختیان شێواندووەو هاووڵاتیانیش لەدەست ئەو سەگە بێلانانە هەراسان بووین و كار گەیشتۆتە ئەو حاڵەتەی كە هیچ دایك و باوكێك زاتی ئەوە ناكەن منداڵەكانیان بنێرنە دەرەوەی ماڵ و بەشێك لەو كەسە زیان بەركەوتووانەی كە بوونەتە قوربانی دەستی ئەو سەگانە منداڵانن، كە تەنیا لە مانگی نیساندا 73 حاڵەتی گەستنی سەگ لە نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا تۆمار كراون و خۆشبەختانە هەموو ئەو كەسانەی كە تووشی گەستنی سەگ بووین چارەسەری تەواویان بۆ كراوەو هاووڵاتیان سوپاسی بێ پایانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن كە پڕۆژەی دروستكردنی شەڵتەری داڵدەدانی سەگە بێلانەكانیان ئەنجامداوە لەو ڕاپۆرتەدا وەك ڕۆژنامەی خەبات لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاووڵاتیانمان دواندووە
هاووڵاتیان: سەگە بێلانەكان تا دێت زیانەكانیان زیاتر دەبێت
سەگە بێلانەكان جگە لە پیشاندانی دیمەنی ناشارستانی تا دێت زیانی زیاترو مەترسی زیاتریان بۆ هاووڵاتیان هەیە لەو ڕاپۆرتەدا ژمارەیەك لە هاووڵاتیان سەبارەت بەو سەگە بێلانانە قسەیان بۆ كردین:
زێدان باوكی یەكێك لە قوربانیانەكانی دەستی ئەو سەگانە بوو بەچاوی پڕ فرمێسكەوە گوتی: داوا لە پارێزگاری هەولێر دەكەم كە پەلە بكرێت لە زوو تەواو بوونی ئەو شەڵتەرەی كە بۆ سەگە بێلانەكان دروست دەكرێن لە گەڕەكی فەرمانبەران ژمارەی سەگە بێلانەكان یەكجار زۆرن هیچ گەڕەك و كوچەو كۆڵانی ئەو شارە نییە كە زەرەر مەند نەبووبێت لە دەست ئەو هەموو سەگە بێلانانە
وریا یەكێكی دیكەی زیانبەركەوتووانی سەگە بێلانەكان بوو كە بەیانیەكی زوو سەگ پەلاماری دابوو گوتی: ماوەی دوو هەفتە لەناو جێگا كەوتم زۆر سوپاسی پزیشكان و كارمەندانی نەخۆشخانەی ڕۆژئاوا دەكەم كە چارەسەری تەواویان بۆ كردم، لێرەوە داوا لە پارێزگارو لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەم كە بەپوەلە هەوڵی زوو تەواو كردنی ئەو شەڵتەرە بدەن تا ڕزگاریمان بێت لە دەست ئەو سەگە بێلانانە.
ستار عەلی لە گەڕەكی ژیان دەڵێت: لەو گەڕەكەش ژمارەیەكی زۆری سەگی بێلانە هەیەو پەلاماری منداڵان و كەسی گەورەیان داوەو هەقوایە پەلە بكرێ لە كۆكردنەوەی ئەو سەگانە تا زیانی زیاتری بە هاووڵاتیان نەگەیاندووە، لە گەڕەكەكەی ئێمە كەس ناوێرێ منداڵەكەی ڕەوانەی دەرەوەی ماڵ بكات لە ترسی سەگی بێلانەو ئەو سەگانە بەكۆمەڵ بەدوای منداڵان دەكەون و گازیان لێ دەگرن.
ژمارەیەك سەگ پەلاماری ئاژەڵیان داوەو زیانی زۆریان بە ئاژەڵداران داوە
مامۆستا عەلی ماڵی لە گەڕەكی 32 پاركەو گوتی: هەموو بەیانیان خۆم و خێزانەكەم دێینە ناو پاركی سامی عەبدولڕەحمان بۆ وەرزش كردن لەگۆڕەپانی وەرزشەكەو ژمارەیەك سەگ دەوریانداین و زۆر بەزەحەمەت خۆمان ڕزگاركرد داواكارین لە لایەنە پەیوەندارەكان كە تا زوووە ئەو سەگانە لەناو شارو كۆڵانەكان دووربخرێنەوە لە ووڵاتان سەگ كاری ڕۆژانە بۆ خاوەنەكانیان دەكەن و زیانیان بۆ هیچ كەس نییە بە پێچەوانەوە لە كوردستان سەگ پەلاماری مرۆڤ دەدات دیارە لەو گەڕەكە ئەوەی كە من بیستومە بۆ شەش جار سەگ پەلاماری هاووڵاتیانیان داوە ئەو سەگانە پەلاماری منداڵ و كەسی گەورەشیان داوە.
دروستكردنی شەڵتەرێك لەهەولێر بۆ داڵدەدانی سەگی بێلانە
ماوەی چەند مانگێكە دەست كراوە بەدروستكردنی شەڵتەرێك لەسەر ڕووبەری 20 دۆنم زەوی لە دەرەوەی شاری هەولێر دیارە پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو بەدوا داچوونی تەواوی بۆ ئەو بابەتەكردو چەندین كۆبوونەوەی بۆ چارەسەركردنی ئەو مەسەلەیە ئەنجامدا تا پڕۆژەی دروستكردنی شەڵتەرێكی گەورەی داڵدەەدان و كۆكردنەوەی ئەو سەگە بێلانانەی لێ گەڵاڵە بوولەئێستادا قۆناغی یەكەمی ئەو شەڵتەرە خەریكە تەواو دەبێت وڕۆژانە یش لەلایەن پارێزگای هەولێر بەدواداچوون بۆ زوو تەواو بوونی پڕۆژەكە دەكرێت
ڕۆژی 15/5 ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی پڕۆژەی دروستكردنی شەڵتەری داڵدەدانی سەگی بێلانەی بەسەركردەوە كە لەپێناو كەمكردنەوەی سەگی بێلانەی سەرشەقام و ناو بازاڕو كوچەو كۆڵانەكان بە یاوەری لایەنە پەیوەندیدارەكان سەردانی پڕۆژەكەی كردبوو شایانی باسە پڕۆژەی دروستكردنی ئەو شەڵتەرە بەگوژمەی 455 ملیۆن دینار لەسەر ڕووبەری 20 دۆنم زەوی لە دەرەوەی شار دەست بە دروستكردنی كراوەو پارێزگاری هەولێر جەختی لەسەر تەواو كردنی پڕۆژەكە لەكاتی دیاركراوی خۆیدا كردەوە تا لەدوای تەواو بوونی لە قۆناغی دووەمدادەست بە كۆكردنەوەی سەگەكان بكرێت و گووتی: پێویستە پڕۆژەكە تەواو بكرێتا تا چارەسەری ئەو سەگانە بكرێت وچیتر گیانی هاووڵاتیان لەدەست ئەو سەگانە نەكەوێتە مەترسیەوە جێگەی ئاماژە پێدانە ژمارەی سەگەكان لەشاری هەولێر زۆربووەو دوورخستنەوەی ئەو سەگانە زۆر گرنگە ۆیە پێویستە سەگەكان دوور بخرێنەوە بۆ ئەوەی نەخۆشی و پەتا بڵاو نەبێتەوە و ئەو سەگانە بوونەتە هۆی مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و بڵاو بوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەكان و بەرەنگاربوونەوەی زیاد بوونیان و لەدوای تەواو بوونی پڕۆژەكە دەست بكرێت بە هەڵمەتی گرتن و كۆكردنەوەی ئەو سەگانە لەو شوێنەدا دیارە ئەو پڕۆژەیە بە شێوازی شارستانی و سەردەمیانە دروستكراوەو دەبێتە پەناگەیەك بۆ ئەو سەگانەو پڕۆژەكە لە فۆناغی كۆتاییدایە
ئامارەكانی پەلاماردانی سەگ چەندن
بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێرمان كردو لەوێدا سامان سەلمان بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن گوتی: بوونی ئەو هەموو سەگە بێلانانە لەناو سەنتەری شارو ناو كوچەو كۆڵانەكانی هەولێر جگەلە زیان گەیاندن بە هاووڵاتیان دیمەنێكی ناشارستانیەو لە زۆربەی گەڕەكەكان سەگی بێلانە بەرچاو دەكەوێت و هاووڵاتیان هەراسان كردووە و پەلاماری منداڵ و گەنج و پیر دەدەن بۆیە پێویستە بە زوویی پڕۆژەی دروستكردنی شەڵتەری داڵدەدانی سەگەكان تەواو بكرێت و دەستخۆشی لە لەپارێزگاری هەولێرو لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەتی هەرێم دەكەین بۆ پێناو دروستكردنی ئەو شەڵتەرە بۆ كۆكردنەوەی سەگە بێلانەكان دیارە بۆ چارەسەركردنی ئەو كەسانەی كە لەلایەن ئەو سەگانەوە پەلاماردراون نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لە شاری هەولێر درێغیان نەكردووە بۆ چارەسەركردنی ئەو كەسانەی كە لەلایەن سەگی بێلانە پەلامار دراون و پزیشكان كارمەندانی نەخۆشخانەكان لە ماوەی 24 كاتژمێر لە خزمەتی هاووڵاتیاندانەو بە پێی ئەو ئامارانەی كە تۆماركراون لەسەرەتای مانگی یەك تا كۆتایی مانگی نیسان نزیكەی 400 حاڵەتی سەگ گەستن هەبووە لە سنووری پارێزگای هەولێر لە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن تۆمار كراون و ڕۆژانە پزیشكان و كارمەندە دڵسۆزەكانی فریاكەوتنەكان بە شێوەیەكی بەردەوام چارەسەری ئەو كەسانە دەكەن كە تووشی سەگ گەستن بووین.