سیامەند سێلکی
لەهەڵبژاردنەکانی ۲٠۱۳ی تورکیادا هەدەپە ۸٠ کورسی پەرلەمانی بەدەست هێنا، ئەمە سەرکەوتنێکی گەورە بوو بۆ کورد. جگە لەمەش ئەوکات ئاکەپە پڕۆسەی چارەسەری ئاشتییانەی بۆ پرسی کورد ڕاگەیاندبوو. کۆمەڵێک هەنگاوی باشیش نرابوون. لەو هەڵبژاردنەدا ئاکەپە کورسی پێویستی بۆ پێکهێنانی حکومەت بەدەست نەهێنا، بۆیە زۆر پێویستی بەوە بوو هاوپەیمانێتی لەگەڵ هەدەپەدا گرێ بدەت. لەم بارەوە زۆر هەوڵیدا و ئامادەییشی دەربڕی کە دوای پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی جدی و کرداری بۆ چارەسەری پرسی کورد بهاوێژێت. لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی ڕۆڵی گرنگی لەڕاگەیاندنی پڕۆسەی چارەسەری سیاسییانەی پرسی کورد لە باکور هەبوو، لەسۆنگەی خەمخۆری و پەرۆشییەوە بۆ سەرکەوتنی پڕۆسەکە، هانی هەدەپەیدا هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاکەپە گرێ بدات. مخابن هەدەپە لەژێر کاریگەری سیاسەتی دژە کوردانەی (قەندیل)دا ڕەتی کردەوە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئاکەپەدا گرێ بدات. بێ گومان ئەمە هەڵەیەکی ستراتیژی بوو. کورد بەگشتی باجێکی قورسی ئەو هەڵە ستراتیژییەی دا کە بەم شێوەی خوارەوە بوو :
یەکەم: پڕۆسەی چارەسەری لەباربردرا و شەڕی دۆڕاوی خەندەقەکان دەستی پێ کرد کە لەئەنجامی ئەو شەڕەدا ژمارەیەک شاری باکوور وێران بوون.
دووەم: سوپای تورکیا پەلکێشی باشور و ڕۆژاوا کرا .
سێیەم: سەلاحەدین دەمیرتاش خرایە زیندانەوە .
ئەم جارەش هەدەپە بەڕاسپاردەی (قەندیل) هاوپەیمانێتی لەگەڵ جەهەپە گرێداوە. واتە هەمان هەڵەی ڕابردوی دووبارە کردەوە.
چاوەڕێ دەکرێت کورد بەگشتی و باکوورییەکان بەتایبەتی باجێکی قورسی ئەو هەڵەیەش بدەن، کە من پێم وایە بەم شێوەیە دەبێت:
لەبەر ئەوەی جەهەپە ئەزمۆنێکی دوورودرێژی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا هەیە، پێ دەچێت بەجۆرێک لەجۆرەکان پێیان خۆش بێت سەرکەوێت، بەم پێیە ئەگەر ئەو حزبە و سەرۆکەکەی سەرکەون ئەگەرێکی نزیک و چاوەڕوانکراوە لەسەر کێشەی سوریا لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بگاتە لێک تێگەیشتنێکی کامڵ و بەهاوبەشی چارەسەری کێشەکە بکەن. کە من پێم وایە بەم شێوەیە دەبێت. تورکیا دەست لەپشتیوانی هێزە توندڕەوەکان هەڵدەگرێت و لەسوریاش دەکشێتەوە لەبەرانبەریشدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەست لەپشتیوانی ڕۆژاوای کوردستان هەڵدەگرن. بەمەش کورد وەکو نێچیرێکی ئاسان بۆ ئەسەد دەمێنێتەوە.
لەناوخۆی باکووریش دۆخی کورد خەراپتری لێ دێت و دوور نیە بگەڕێتەوە سەردەمی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو .
خۆ ئەگەر ئاکەپەش بیباتەوە ئەوە ئەردۆغان وەکو تۆڵەکردنەوە هەدەپە دادەخات و ڕەنگە جارێکی دیکە دەرفەتی چالاکیی سیاسی بە کورد نەداتەوە. دیسان ئەگەرێکی نزیکە هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر ڕۆژاوا فراوانتر لێ بکات.