
ھۆگر نێروەیی
ئێستا کە تورکیا بەرەو ھەڵبژاردنێکی چارەنوسساز دەچێت ڕکابەریی توند ھەیە لە نێوان ھەردوو جەمسەری تورکیا ئەردوغان و کەماڵ کلچدار ئۆغڵو، ھەر زوو پەکەکە لە شاخەکان خۆی یەکلاییکردەوە کە پشتگیری لەکلچدار ئۆغڵو دەکات کە ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێکی باش کە تورکیای ڕەگەزپەرستەکان دەنگ بە ئەردۆغان بدەن کە پێموایە ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر ھەیە بۆ ئەوەی ڕای گشتیی تورکەکان لەگەڵ ئەردۆغان بێت، ئەمە جگە لەوەی کە سیاسەتی پەکەکە جگە لە زیان ھیچی لێ سەوز نەبووە بۆ کورد، نیوەی کورد دەچنە پاڵ ئەردۆغان کە ئەردۆغان گەرچی چەند دژایەتیی پرسی کوردی کردبێت ھێندەی پەکەکە زیانی نەبووە بۆ پرسی کورد، لەسەر ھەموو دوژمنکاریی ئەردۆغان ھەر لەسەردەمی ئەردۆغان بوو کورد بە ئازادی بڵێت کوردم و حیزبی تایبەت بەخۆم بەکوردی دەوێ! ئەمە جگە لە ناڕوونی سیاسەتی ھەدەپە کە لەژێر باندۆری پەکەکە دایە بەبێ ھیچ ڕێککەوتنێک کە زەمانی ھەبێت دەمیرتاش لە زیندانەوە بە شان و باڵی کلچدار ئوغڵۆی وت و پشتگیریی خۆی بۆ دەرخست .
ئەوەی کورد ئەم جارە دەیکات بەھیچ شێوەیەک سیاسەت نییە، بەڵکو لایەنی عاتیفە لە سەر بنەمای ڕق و کینەیە، کە ھەمیشە بەرھەمی عاتفیەت خۆخۆری لێ دەکەوێتەوە وجگە لە زیان ھیچی لێ دەستناکەوێت، سیاسەت بەرژەوەندی بۆ تۆ دروست دەکات، کەچی ئەم سەر و ئەوسەری کورد دیار نیە کە زیاتر بەرەو تونێلێکی تاریکتر دەچێت، گەر کورد لە تورکیا یەکدەنگ بوایە و ھەڵوێستی سەرکردەکانی کورد جێگیر بوایە، دەیتوانی ھەمیشە بۆ ھەموو ھاوکێشەکانی تورکیا ببێتە ژمارەیەکی گەورە، کە ئەوکات ئەردۆغان یان کلچدار ئۆغڵۆ یان ھەر ناوێکی تر بوایە بەناچاریش بوایە بەرژەوەندی بۆ کورد دروست دەکرد و زۆربەی مافەکانی بۆ دابین دەکرد، ھەر جارەو کورد لە قۆناغێکی باش بۆ قۆناغێکی باشتر دەچوو نەک وەکو ئێستا لە قۆناغێکی خراپ بۆ قۆناغێکی خراپتر بچێت.
لەبارەی کێ ئەم جارە دەبێتە سەرۆک کۆماری تورکیا، بەپێی ھەموو ئەگەر و ڕاپرسییەکان کلچدار ئۆغڵۆ دەبێتە سەرۆک، بەڵام بەدیدی خۆم زلھێزانی ھەرێمی و جیھانی لە ناوچەکە بەتایبەتی ڕوسیا و ئێران ناھێڵن کەسێک سەرکردایەتی تورکیا بکات کە زیاتر مەیلی بۆ ڕۆژئاوا ھەبێت، بەڵکو ھەر ئەوە دەبێتە سەرۆک کە وەکو خۆیان زیاتر مەیلی ڕۆژھەڵاتی ھەبێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی ھاوبەشی یەکتر. کە ئەردۆغانیش جارێکی دیکە بوو بەسەرۆک ددانەکانی زیاتر تیژدەکات، ھەم بۆ لێدانی کورد ھەم ڕۆحی ھەدەپە تاکە پارتی فەرمی ئازادی کورد لە تورکیا گەرلەناویشی نەبات، نیوە ڕۆحی دەکات، کە ئیدی دەرفەتی نەبێتەوە ببێتە ڕۆحێکی تەواو و بەھەموو شێوەیەک کاریگەریی خۆی لە دەست دەدات و کوردیش بۆ چەندین ساڵی تر بەتەواوی بێ ئۆمێد دەکات.