ڕاپۆرت- ژیلا كەریمی:
هەبوونی مۆزەخانە و یادگە لە هەر وڵاتێك، بەڵگە گەلێكن لە مێژووی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە، چونكە لە نووسینەوەی مێژوو هەندێجار دەسكارییەكانی بە ئەنقەست شێواویەك دروست دەكات كە ڕاستكردنەوەی زەحمەت دەبێ. كردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانیی بێشك یەكێكە لە هەنگاوە گرنگەكانی ڕاستكردنەوەی مێژووی كورد و پێناسەیەكی دروستی شۆڕشی كورد بۆ ئێستا و نەوەی داهاتوو و ڕوانگەی جیهانی. ئافرەتان لەو بارەوە بە گرنگییەوە دەڕوانن و ڕای خۆیان دەخەنەڕوو.

كاڵێ فەقێ وسو، ماستەر لە یاسای گشتی و ئەندامی بەشی دیراسات و پێگەیاندن دەڵێت: كردنەوەی یادگەی نیشتیمانی بارزانیی، گرنگی و بایەخ و بەهای زۆرە و لە چەندین گۆشەنیگا و ڕەهەندی جیاوازەوە دەكرێ لێی وردبینەوە، جگە لەوەیكە هەڵگری پەیام گەلێكی جۆراوجۆرە لە بواری كەلتووری و پێكەوەژیانی ئاشتیانە نەتەوە و ئایینەكان لە كوردستان. لەو یادگە پیرۆزەدا، چیرۆك و داستانەكانی گەلی كوردستان لە ڕۆژانی خەبات و بەرەنگاربوونەوەی دژی زوڵم و نادادی دەبینرێت كە ڕاستییەكان و واقعی دروستی مێژوومان نیشان دەدەن. بەشداری بەرچاوی كەسایەتی ناوخۆیی و ناوچەیی و جیهانی لە ئاست و پلەی تایبەت، لەكاتی كردنەوەی ئەم یادگەیە، زۆر بایەخ و بەهای لێهەڵدێنجرێت كە جگە لە بەرجەستەكردنی ڕۆڵی كاریزمایی جەنابی مەلا مەستەفای نەمر، بەرێز و شكۆوە خەبات و تێكۆشانی سەركردەكانیتری مێژووی كوردی تێدایە و نیشتیمانیبوون و گشتیبوونی بە مۆزەخانەكە بەخشیوە، هەروەها ڕۆژی كردنەوەی یادگەكە، بەجۆرێك بوو كە یار و نەیار و دژبەیەكەكانیشی كۆكردبۆوە لە زەمەنێكدا كە ئێستایە و جەنگە گەرم و ساردەكانی نێوان دەوڵەتان و نەتەوەكان بوونی هەیە و هەلومەرجێكی هەستیار باڵی كێشاوە، بە خستنەڕووی مێژوو و دیرۆكی كوردستان كە زیاتر لە سەدەیەكە بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییەكانی تێدەكۆشێت و قوربانی دەدات و دەریایەك خوێن و فرمێسكی ڕشتووە، بە هەمووان دەڵێ كە گەلی كورد نە كۆڵی داوە و نە كۆڵ دەدات و نەدەچەمێت لەپێناو ڕزگاری و ئازادی نەتەوەیی و نیشتیمانی. گرنگی و پیرۆزی و بەهای ئەم یادگە مەزنە بە جۆرێكە كە ئازار و بەدبەختی و بێدادی و چەوسانەوەی كورد، لە تابلۆ و وێنە و كەل و پەلەكاندا هەستی پێدەكرێت و مەردایەتی و ئازایەتی و خۆنەویستی و قوربانیدانی پێشمەرگە و خانەوادەكانیان لە ئەشكەوت و خێمەكان، لە چیا و دەشتەكان، لە ئاوارەیی و چادرەكان، بە شێوازێكی مۆدێرن و شارستانی و سەردەمیانە نمایش دەكات و بەبیرمان دێنێتەوە. ئەم یادگەیە زۆر بە جوانی و ڕوونی، دوێنێ و ئێستا و داهاتوو پێك دەبەستێتەوە و بۆ جیلی ئێستا و دواڕۆژ ئەو پەیامە دەدات كە مێژوو و دیڕۆكی ئێمە پڕ لە ئازار و قوربانیدان و شانازییە بۆیە ئەركی هەمووانە دەسكەوتەكانی ئەمرۆ بپارێزن و ڕێز لە شكۆ و شانازی مێژوو بگرن و تێبگەین كە ئێستای ئەم نیشتیمانە چۆن و بەكام ڕێگەدا گەیشتۆتە ئەمرۆ. یادگەی نیشتیمانی بارزانیی ناوەندێكی گرنگ و پڕبەهای كە دیرۆك و دوێنێی پڕشانازی و دەوڵەمەندی گەلی كوردستانی لەخۆ گرتووە بۆیە وەك پارێزەرێكی بەتوانا ڕابردوو و مێژوو دەپارێزێت. لە یەكەم و دووەم ڕۆژ، كە ئەم یادگە پیرۆزە پێشوازی لە میوانان دەكرد جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی زۆر بە ڕوونی، پەیام و ویست و ئاواتی خۆی لەبارەی هاوڕێزی و كۆدەنگی و یەكتر قەبوڵكردنی كوردستانیان و لایەنە سیاسییەكان باس كرد و جارێكیتر هەوڵی دا بەستەڵەك و چەقبەستووی دۆخی ئێستا نەهێڵێت و ئومێد و هیوای خستەوە ناو دڵی كوردستانیان كە دەبێ هەمووان بەیەكەوە بین لە پێناو وڵات و نەتەوەكەمان. بۆیە كردنەوەی یادگەكە و بەشداری زۆربەی لایەن و دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانی كوردستان تێیدا، مایەی ئارامی و ئاسودەیی هاونیشتیمانیان بوو و جەنابی سەرۆك بارزانی بە حیكمەت و كاریزمایی خۆی توانی ئەو دەرفەتە بڕەخسێنێتەوە كە ناكۆكییە سیاسییەكان وەلا بنرێن و لەپێنا ژیانێكی شایستەتر بۆ هاوڵاتییان، هەوڵەكان چڕ بكرێنەوە.

فەزیلە شۆڕش بەرپرسی ئەنجوومەنی ئەوروپای یەكێتی ئافرەتانی كوردستان لەو بارەوە ڕایوایە كە: ناساندن و پیشاندانی مێژووی هەر میللەتێك لە ڕێگەی یادگە و مۆزەخانە گرنگە، كاتێك هەر كەسێك سەردانی ئەم یادگەیە دەكات بە چاوی خۆی لە نزیكەوە كەل و پەل و دیكۆمێنتە مێژووییەكان دەبینی زۆر پێی كاریگەر دەبێت، چونكە دیتنی هەر شتێك لە مێشك زیاتر دەچەسپێ. لە وڵاتە پێشكەوتووەكان بایەخێكی زۆر بە یادگە و مۆزەخانە نیشتیمانییەكان دەدەن . بۆ ئێمەی كورد یادگەی نیشتمانی بارزانیی جورێك لە خەباتی سەردەمیانەیە بۆ ناساندنی خەباتی كورد كە بارزانیی نەمر لەگەڵ هەڤاڵانی دەستیان پێكرد بۆ پاراستنی شكۆ و بوونی كورد و گەیاندنی پەیامی خواستی میللەت لە ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان . نەهامەتی و خەباتی كورد بۆ جیهان ئاشكرایە، بەڵام بە بوونی یادگەیەكی نیشتیمانی مێژوو پارێزراو دەبێت و نەوە لە دوای نەوەش مێژووی خەباتی كورد لە بیر ناكرێت . كوردستانیان شانازی بە دەڤەر و خاكە پیرۆزەكەی لانەی شێران دەكەن كە تریسكەی بەرخودان و خەبات لێی هەڵقولاوە، دەڤەری بارزان لانەی شێرانە، ئەم دەڤەرە ١٦ جار وێران كرا لە لایەن ڕژێمەكانی عێراق، بەڵام بەرخودان و هێز و خەباتی ڕۆڵەكانی وایكرد بەردەوامی بدرێتە ئەم دەڤەرە و خەباتی كورد. سوور بوونی بارزانیی نەمر لە سەر خەبات و شۆڕشگێری و ئەمڕۆش بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی و خوێنی شەهیدانمان توانرا بگەینە ئەم ئازادی و ئارامی و پێكەوە ژیانە لە هەرێمی كوردستان. خەباتی ڕێبازی بارزانیی نەمر وایكرد كە زۆربەی زۆری وڵاتان وەك وڵات مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن. ئەوەی گرنگە قوتابیانی كوردستان و دەرەوەی كوردستان بەتایبەتی قوتابیانی وڵاتانی ئەوروپا بۆ سەردانی ئەم یادگەیە بانگهێشت بكرێن، ئەمەش دەبێت وەزارەتی خوێندنی باڵا بیكاتە پڕۆگرامێكی ساڵانە و بە بەردەوام لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە لە بواری خوێندن ڕێكەوتنیان هەیە قوتابیان بۆ ئەم یادگەیە بانگهێشت بكات. بێشك ئێستا كورد خاوەن ئەۆشیڤێكی نیشتمانی گرنگە بۆ بەدواداچوونەكانی نەوەی داهاتوو، مێژوونووس و ڕۆژنامەنووس و لێكۆلەرانی بیانی كە هەوڵی لێكۆڵینەوەی زانستی و دروست بە بەڵگەوە لەسەر ڕ,وداوەكان دەكەن.

جەمیلە براخاس كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان وتی: بێشك هەبوونی ئەو یادگەیە زۆر بۆ مێژووی كورد پێویستە و ماندووبوونێكی زۆری پێوەدیارە. كۆكردنەوە و پاراستنی ئەو كەل و پەل و جلوبەرگانە لەو بارودۆخە سەختانەی كورد پێیایدا تێپەڕیوە بیشك كارێكی یەكجار زەحمەت بووە و وەك جەنابی سەرۆك بارزانی لە وتاری كردنەوەی یادگەی نیشتمانی بارزانی ئاماژەی پێدا چەندین بەڵگەش لە دەوڵەتانی جیاواز كۆكراوەتە. ئەو یادگەیە بە سەرپەرشتی و بیرۆكەی جەنابی سەرۆك دامەزراوە كە تیایدا كەلوپەلی مەلا مستەفای بارزانی و هاوڕێكانی لە تەواوی شۆڕشی بارزان و شۆڕشی كورد لە هەموو قۆناغەكان دەبینرێت بۆ ئەوەی زەحمەت و گیانفیدایی كورد بە نەوەی داهاتوو و شارەزایانی ئەو بوارە بناسێنێت كە لە چەند بەش پێكهاتووە وەك بەشی كەل وپەلەكان، بەشی جل و بەرگەكان و شەرشیفی وێنەكان كە لە كاتی شەڕەكان لە لایەن ڕۆژنامەنووسە ناوخۆیە و بیانییەوە چركێنراوە. چەن وردتر سەرنج بدەین ئەوەندە زیاتر گرنگی ئەو یادگەیە دەردەكەوێت وەك دەزانین هەردەم مەزاری نەمران شوێنی سەردانی وەفدە جیاوازەكانی نێوخۆیی و بیانی بووە كە سەرەڕای ئاشنا بوون بەو دەڤەرە ئەمجارە مۆزەخانەیەك لە ڕەنج و شۆڕشی سەد ساڵەی كورد بەردەستە كە دەتوانێت ببێتە شوێنێك بۆ ئاشناكردنی نەوەی نوێ بە شۆڕشی كورد، ئارشیڤێكی مەزن بۆ لێكۆلەر و مێژووناسان لە هەر گۆشەیەكی ئەم جیهانە كە شەیدای نەتەوەی كورد و شۆڕشەكەیین.

هەلز عەلی سەلیم، نڤیسەر و ڕۆژنامەڤان گوتی: د قۆناغێن جودا جودادا مللەتێ كورد تووشی كاراساتێن مەزن بوویە، چ برێكا كیمیا باراندنێ و بن ئاخكرنا ب ساخ و سیدارەدان…. هتد. گەلەك سەركردەیێن كورد هەوڵدان كوردستانێ پێشرەو بكەن، بەلێ نەشیاینە وەك سەركردی َنەمر مەلا مستەفایێ بارزانی بكەن، ژبەركو دیرۆكەكا نویی پەیدا كر و كارتێكرنا دیرۆك و جوكرافیا هەرێمێ و گرنگیا وێ بۆ پاراستناجیهانێ نیشا خەلكیدا و تاكێ كورد و ب تایبەت تەخا گەنجا ڤێری گێرانا رۆلێ ئاشتیخوازی و پێكڤەژیانێ كر.
نشتیمانپەروەری و ئازادكرنا كوردستانێ پەیاما دروستا ڕێكا بارزانیێ نەمر بوو، لە وا دیرۆكا مللەتێ كورد ڕاست ڤەكرەڤە و تا ئەڤرۆكە ژی بارزانی كارتێكرنا خۆد پەیامێن جیهانیدا هەیە و بەڵگە ژی پاراستنا ئاخا هەرێما كوردستانێ ب هەمی ڕوویەكی ڤە و باوەریاخەلكێ كوردستانێ و جیهانێ بڤێ ئێكێ. گرنگییا ئەو یادگەیە دەمێكا دەردەكەڤێت كە تێبگەهین كە ئەڤ یادگەیە ئەرشیڤێكی مەزنە بۆ نیویین داهاتیی و جیهانیانی شەیدای دیرۆكا كورد و بارزانی.

سەیران سەڵاح، نووسەر و توێژەری كۆمەڵایەتی ڕای خۆی بەمشێوەیە دەخاتەڕوو: مۆزەخانە پەنجەرەیەكە بۆ بینینی مێژو و خەباتی هەر نەتەوەیەك لە ڕابردوو لە داهاتوودا، گرنگی دامەزراندنی مۆزەخانە و شوێنەوارەكان لەوەدایە كە پارێزگاری لە كلتور و مێژوو و خەباتی هەر نەتەوەیەك و هەر وڵاتێكی خاوەن دیرۆك و شارستانیەتێكی كۆن دەكات و لە هەڕەشەی لەنێوچوون دەیانپارێزێت ، بێگومان بیرۆكە و دامەزراندنی ( یادگای نیشتیمانی بارزانی ) پرۆژەیەكی پیرۆزە و زۆریش گرنگە بە تایبەتی بۆ ئێستا لەم بارودۆخەدا نەوەی ئێستا و نەوەی داهاتوو ببینن و بزانن ئێستای كوردستان و ئەو دەستكەوتە مێژوویانەی ئێستا هاتۆتە ئاراوە لە ئازادی و ئەمن ئاسایش و پەرەسەندی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی ژێرخانی ئابووری كوردستان چەندین گۆڕانكاریتر كە ئێستا بونەتە مایەی سەرنج ڕاكێشانی وڵاتانی دونیا لە ڕابردوودا ، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ڕۆل و خەباتی ڕێبەرانی گەلی كورد لە مێژووی ڕزگاریخوازی نەتەوەی كورد نەمران ( شێخ ئەحمدی بارزان و جەنەراڵی كوردان مەلا مستەفای بارزان ) كە مێژوویەكی پڕ لە خەبات و سەروەری بەرخودانیان تۆمار كرد و گیانی خۆیان لەم ڕێگایەدا فیدای كورد و كوردستان كرد. هەڵبەتە بیرۆكە و دروستكردنی یادگا و مۆزەخانەكان كارێكی ئاسان نییە و ساڵانێكی دوور و درێژی دەوێت. مێژوو، دیكۆمێنت و بەڵگەنامەی دەوێت بۆ دامەزراندنی هەر مۆزەخانەیەك، كەسانی دڵسۆزی دوێت كەل و پەل و ئەم شتانە بپارێزێت كە هەموو ئەو شتانە بگرێتەخۆ كە باس لە مێژوو و خەبات و دێرۆك بكات. وێرای دەستخۆشی لە پارێزەرانی ئەم پڕۆژە و كارە پڕ شاكار و مەزنە بە پێویستی دەزانم ڕۆلی ( دایكە حەمایل ) ڕوحی شاد بێت بەرز دەنرخێنم كە ڕۆلێكی كاریگەری هەبووە لە پاراستنی كەل و پەل و جل بەرگی بارزانیی نەمر بە تایبەت ساڵانێكی زۆر لە چۆل و چیا و ژیانی ئاوارەبون و نەهامەتیدا توانی ئەم یادگاریە پیرۆزانە بپارێزێت. لە دیدێكی دیكەوە یادگای نیشتیمانی بارزانی لە زۆر ڕوانگەوە گرنگی و كاریگەری خۆی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهانی و دەبێتە پێگەیەكی مەزن وەك مەرجەعێك بۆ دەستكەوتنی زانیاری بەڵگەنامەی مێژووی بۆ مێژونوسان و لێكۆلەر و توێژەران بۆ دەوڵەمەندكردنی بابەت و توێژینەوەكانیان بۆ خزمەت گەیاندنی داهاتوی كوردستان .