سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، تەنیا بابەتی تەکنیکی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان ماوە و لەم هەفتەیەدا دەستپێدەکاتەوە؛ گوتیشی: “دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراقە و پێیەوە پابەندین”.

رۆژی دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە   تۆڕی میدیایی رووداوی راگه‌یاندوه‌ : “ئەمڕۆ کۆمپانیای سۆمۆ لەگەڵ کڕیارانی نەوت گرێبەستێک واژۆ دەکەن و لەم هەفتەیەدا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ده‌ڵێ “دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراقە. ئێمە پابەندین بە دابینکردن و پێدانی مووچە بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان”.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا بابەتی تەکنیکی ماوە و نامە ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا دەکرێت و هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە.