
خەبات: رۆشنا عەلی:- لاپەڕەی پەروەردەی رۆژنامەی خەبات، وەك لاپەڕەیەكی زیندوو، كە هەمیشە پرسە پەروەردەییەكانی بە ئامانج گرتووە و گەرماوگەرم كاری لەسەر كردووە، بووە بە بەشێك لەم رۆژنامەیە و ماوەی 13 ساڵە بەردەوامیی هەیە، دەپرسین ئایا تەرخانكردنی لاپەڕەیەكی هەفتانەی پەروەردەیی لە رۆژنامەیەكی ڕۆژانە تا چەند ڕۆڵ و كاریگەری لەسەر سێكتەری پەروەردە و چارەسەری كێشەكانی پەروەردە كردووە؟ ئایا وەك پێویست بەرچاوڕوونیی بەلایەنی بەرپرس داوە؟ ئایا لاپەڕەكە توانیویەتی كەموكوڕییەكانی پەروەردە بەئامانجی چارەسەركردن بخاتەڕوو؟ لەم بەدواداچوونەدا ڕاو سەرنجی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە و یەكێتی مامۆستایان و راهێنەرێكی پەروەردەیی وەردەگرین:
دەربارەی ئەوەی كە ئایا لە ماوەی 13 ساڵی رابردوودا لاپەڕەی پەروەردە توانیویەتی مۆدێلێكی ڕاگەیاندنی پەروەردەیی بێت لە ڕۆژنامەیەكی سیاسی، كە هاوكات زمانحاڵی حزبیشە؟ مامۆستا بورهان ئەرگوشی ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت: بەڵێ، لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوودا لاپەڕەی پەروەردەی ڕۆژنامەی خەبات مۆدێلێكی جوانی پێشكەش كردووە، دوور لە كاریگەری و بیرو بۆچوونی حزبی و بە شێوازێكی دروست و بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ پرسە پەروەدەییەكان كردووە و بە رۆحێكی پەروەدەییانە و نیشتیمانیی بابەتە پەروەردەییەكانی بڵاو كردۆتەوەوە.
مامۆستا بورهان ئەرگوشی گوتیشی: وەزارەتی پەروەردە لایەنی فەرمی و بەرپرسە لە بواری پەروەدەو فێركردن، بەڵام پەروەردە پرسێكی گشتییە و بەرپرسیارییەتیەكەی دەكەوێتە سەر شانی هەموو لایەك، لەبەر ئەوە ڕۆڵی میدیاو ڕاگەیاندن گرنگە و تەرخانكردنی لاپەڕەیەك لەلایەن رۆژنامەی خەبات بۆ سێكتەری پەروەردە بە بەرزی دەنرخێنین و گرنگییەكی زۆری هەیە.
ئەرگوشی دەشڵێت: شیكردنەوەو بۆچوونەكانی لاپەڕەكە و بڵاوكردنەوەی هەواڵە پەروەردەییەكان هیچ ڕەنگدانەوەی حزبیان پێوە دیار نەبووە و بە دیدێكی ڕەخنەگرانەی بنیادنەر مامەڵەی كردووە، بەبێ ڕەچاوكردنی ئەوەی كێ و كام دامەزراوە پێی نیگەران دەبێت، ئەوەی هەستم پێكردووە ئامانجی لاپەڕەی پەروەردە، تەنیا پێشخستنی بواری پەروەردەو فێركردنە لە كوردستان.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند لاپەرەی پەروەردە توایویەتی لە هێڵی گشتی و ناوەرۆكی پەروەردە هەم كاربكات و هەم كاریگەری هەبێت ؟ مامۆستا بورهان گوتی: لاپەڕەی پەروەردە هەمیشە بەدواداچوونی وردی هەبووە بۆ بەرنامەو پلان و كارو چالاكییەكانی پەروەردە لە هەموو پێشهات و گۆڕانكاری و بڕیارە پەروەدەییەكاندا بێلایەنانە بابەتەكانی خستۆتە ژێر وردبینی ڕەخنەگرتن و ڕاو بۆچوونە جیاوازەكانی بڵاو كردۆتەوە، بەمەش كاریگەری هەبووە لەوەی كە هەندێ جار بووبێتە مایەی ئەوەی بەرپرسانی پەروەدە پێداچوونەوە بە بڕیارو پلانەكانیان بكەنەوە بەمەبەستی باشتركردنیان، لە هەمان كاتدا وروژاندنی هەندێك بابەتی پەروەردەیی كە بابەتی رۆژ بوون لەو لاپەڕەیەوە وایكردووە پڕۆسەی بڕیاردانی پەروەردەیی بەئاقارێكی دروستتردا ئاراستە بكرێت، بۆیە دەتوانم بڵێم هەم كاری كردووە و هەم كاریگەریشی هەبووە، دەبێت ئەو راستییەش بڵێین كە پەروەردەكاری خەمخۆر لە پشت ئەو لاپەڕەیەوە هەیە و هیوادارین نموونەیان زۆر بێـت.
مامۆستا لوقمان سەعید بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بەوەكالەت دەربارەی ئەوەی كە خەبات 13 ساڵە لاپەڕەیەكی بۆ پەروەردە تەرخانكردووە، ئایا ئەم لاپەڕەیە و بابەتەكانی بەرچاوڕوونی داوە بە ئێوە وەك لایەنی پەیوەندیدار؟ ئەو لەمبارەیەوە گوتی: رۆژنامەی خەبات بەگشتی رۆژنامەیەكی دێرینەو ئەو كەسانەشی كاری تێدا دەكەن جێگای متمانەی خەڵكن، ئەو بابەتانەی تیایدا بڵاودەكرێتەوە روونن و بە دروستی دەگەنە خوێنەر، ئێمەش زۆر سوودمان لەو لاپەرە پەروەردەییە وەرگرتووە، زۆر جار خەڵكێكی شارەزا وتار و سەرنجی تیا نووسیووە، كە ئێمە بۆ كارو بەرنامەكانی خۆمان سوودمان لە بۆچوونەكانیان وەرگرتووە.
دەربارەی ئەوەشی كە لەم لاپەڕەیە ڕەخنە و بەدواداچوون بۆ پرسە هەنووكەییەكانی پەروەردە دەكرێت، بەو پێیەی ئێوە ئەزموونێكی زۆرتان هەبووە و پێشتریش وەك جێگری بەڕێوەبەری گشتی كارتان كردووە، ئایا بەدواداچوونتان بۆ بەدواداچوونەكانی لاپەڕەی پەروەردە یان بابەتە رەخنەییەكان كردووە؟ بەڕێوەبەری گشتی پەروەدەی هەولێر بەوەكالەت گوتی: ئێمە لێرە بەشێكمان هەیە بەناوی بەشی ڕاگەیاندن، زۆربەی رۆژنامەكانمان بۆدێت، بەتایبەت ڕۆژنامەی خەبات، زۆربەی بابەتەكان كە ڕەخنە بووە یان كەموكوڕی هەبووبێت، ئێمە سەرنجمان خستۆتە سەرو كارمان لەسەر كردووە، هیوادارین بەدواداچوونەكان زیاتر بكرێت، چونكە ئەو ڕەخنانەی لێرەوە دەگیرێن ئێمە بە رەخنەی بنیادنەر تەماشایان دەكەین و كاریشیان لەسەر دەكەین، لەبەر ئەوەی بابەتەكانی جێی متمانەیە و تا ئێستا نەمانبینیوە ڕەخنەیەك بگرێت ڕووخێنەر بێت، خەمی خەڵكتان وەك خۆی گەیاندۆتە بەرپرسانی پەروەردە، هیوادارین زیاتر كار لەسەر ئەو بابەتانە بكرێت.
بەڕێوەبەری گشتی پەروەدەی هەولێر بە وەكالەت دەشڵێت: ئەو كەسانەی وتار دەنووسن لە بواری پەروەردە، خۆم زۆرجار خوێندوومەتەوە و لەزۆربەیان فیكرەمان وەرگرتووەو فیكرەی زۆرباش هەبووە، بۆ نموونە جارێك نووسەرێك لە بواری پەروەردەیی پێشنیارێكی جوانی كردبوو، ئێستا ئێمە كاری جدی لەسەر دەكەین و لە چەندین قوتابخانە هۆبەمان بۆ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت كردۆتەوە، پڕۆژەیەكە بەسەرپەرشتی جەنابی وەزیرە و زۆر گرنگیش بەو بابەتە دەدات.
*مامۆستا ئەحمەد سابیر سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان دەربارەی لاپەڕەی پەروەردەو ئایا تێڕوانینی چۆنە و تاچەند كاریگەری لەسەر ڕەوشی پەروەردە هەیە گوتی : ڕۆژنامەی خەبات گرنگییەكی زۆری بە پرسی پەروەردە داوە بە دانانی لاپەڕەیەكی تایبەت بە پەروەردە هەرچەندە هەموو لاپەڕەكان پەیوەندییان بە هەموو پێداویستییەكانی هاوڵاتیانەوە هەیە لە ڕووی پەروەردەكردن و زانست و كولتوورە جیاوازەكانەوە،لاپەڕەیەك هەوڵیداوە گرنگترین بەها پەروەردەییەكان ڕوون بكاتەوەو بڵاو بكاتەوە، ئەو لاپەرەیە گرنگی لەوەدایە مەیدانیە لە هەموو ڕوداوەكانی پەیوەست بە پەروەردە ئامادەیەو كاری مەیدانی لەسەر پرسە پەروەدەییەكان دەكات و ڕووداوەكان لە دوورەوە نابینێت، پێشنیاری زیاد كردنی لاپەریەكی تر دەكەین یاخود پاشكۆیەك تایبەت بە پەروەردەو بەم شێوازەی ئێستاش بەردەوام بێت.
مامۆستا دلێر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری پەروەدەی ناوەندیی هەولێر لەیادی رۆژنامەكە بۆ خەبات و لاپەرەی پەروەردە گوتی: سەرەتا پیرۆزبایی یادی 64 ساڵەی رۆژنامەی خەبات دەكەم و هیوادارم گرنگی زیاتر بە بواری پەروەردەو فێركردن بدرێت، دیارە كە لاپەڕەی پەروەردە لە رۆژنامەی خەبات یەكێكە لە لاپەڕە گرنگەكان، كە چەندین تەوەر لە بواری پەروەردەو فێركردندا دەخاتەڕوو لەگەڵ چۆنێتی برەودان بە باشتركردنی پرۆسەی پەروەردەو فێركردن، لە زۆربەی بابەتە هەستیارو هەنووكەییەكانی قوتابخانەكان ئاستەنگەكانی پرۆسەی پەروەردە دەخاتە بەرباس و بەردیدی بەرپرسان و ڕای گشتی و لە هەوڵی بەردەوامدایە ڕای پسپۆڕان و خەڵكی شارەزاو پڕ ئەزموون بهێنێتە نێو لاپەڕەكەو چەندین پێشنیارو ڕای جیاواز بەمەبەستی بەرەو پێشبردنی كەرتی پەروەدەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان دەخاتە ڕوو.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا تاچەند رۆژنامەی حیزبێك لەناویدا لاپەڕەی پەروەردە توانیویەتی بێلایەنانە پرسی پەروەردە لە سیاسەت جیابكاتەوە وئاراستەیەك وەربگرێت كە لە خزمەتی پرۆسەكە كاربكات ؟مامۆستا دلێر عەبدوڵڵا گوتی: دیارە بوونی لاپەڕەی پەروەردە لە رۆژنامەی خەبات زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستان نیشانەی گرنگیدانی پارتی دیموكراتی كوردستانە كە پارتی دەسەڵاتدارە لە هەرێمی كوردستان بە پرۆسەی پەروەدەو فێركردن و مەبەستی گرنگیدانە بە پەروەردەكردنی نەوەی داهاتوو لەسەر ڕێچكەیەكی دروست و پەروەردەیی و بنیاد نانی چینی قوتابیان و لاوان لەسەر بنەمای ڕێز لێنان لە بەها پیرۆزەكان ولە خۆشەویستی خاك و نیشتمان و ئاڵاو بونیادنانی رۆحی نیشتمان پەروەری.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا پێشنیاریان بۆ كاری داهاتووی لاپەڕەكە چییە تا ئێستا چی لەم لاپەڕەیە بڵاو نەكراوەتەوە كە پێویست بوو بڵاو بكرێتەوە ؟ بەڕێوەبەری پەروەردەی ناوەندی هەولێر گوتی: دیارە لاپەڕەی پەروەردە لە رۆژنامەی خەبات بە چەندین شێوازی جیاو بابەتی سەردەمییانە لە ئاستەنگ و پێشهاتە پەروەردەییەكان لە چوارچێوەی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن بابەتی نوێ كە لەگەڵ سیستەمی تازەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان بگونجێت بڵاودەكاتەوەو دەخاتە بەر دیدو شرۆڤەی پێویستی بۆ ساز دەكات، بۆیە چەندین خاڵی تر بە پێویست دەزانم گرنگی پێبدرێت، لەوانە گرنگی بدرێت بە شێوازی نوێ و سەردەمییانە بۆ فێركردنی منداڵان بە سوود وەرگرتن لە پێشكەوتن و شێوازی نوێی فێركردن، هەروەها دەستنیشانكردنی گرفتەكان و هۆكارەكانی دواكەوتنی منداڵان لە پرۆسەی فێركردن، وشیاركردنەوەی گشتی بۆ سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگا بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی خوێندن.
مامۆستا بۆتان عەبدوڵڵا ڕاهێنەری پەروەردەیی لە بارەی ئەوەی كە ئایا تێڕوانینیان بۆ لاپەڕەی پەروەردە چییە؟ گوتی: لە مێژووی دوورو درێژی تەمەنی ئەم رۆژنامەیەدا بە ئامانجگرتنی خەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی بە جۆرێك ڕەگ و ڕیشەی داكووتاوە، كە بۆتە شوناسی رۆژنامەی خەبات هاوكات پەروەردەش بەشێكی گرنگ بووە لەناوئەم مێژووە جوان و ڕەنگینەدا، هەمیشە كاركردن لەپێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان پەروەردەش لە كارە لەپێشینەكانی رۆژنامەی خەبات بووە.
دەشڵێت: دیارە لەناو ڕۆژنامەی خەبات هەفتانە لاپەرەیەكی تایبەت هەیە بە پەروەردە ئەوەش مانای گرنگیدانی رۆژنامەكە بە پەرەوەردە دەگەیەنێت ، ئەوەندەی من خوێنەری لاپەڕەی هەفتانەی پەروەردەیی ڕۆژنامەی خەباتم بەشێوەیەكی گشتگیر گرنگی بە هەموو پرسە پەروەردەییەكان داوە هەرلەسەر ئاستی وەزارەت و بەرێوەبەرایەتیە گشتییەكان، پەروەردەكانی پارێزگاو قەزاكان ، یەكەكانی سەرپەرشتیاری و مەشق وڕاهێنان و قوتابخانەكان وپڕۆگرام، بەتایبەت مامۆستایان وقوتابیانی ئازیز.
مامۆستا بۆتان عەبدوڵڵا گوتیشی: لەم لاپەڕەیەدا ئەوەی دەبینرێت گرنگیدان بەپرسە نەتەوەیی نیشتیمانیەكان و زمانی دایك و بۆنەو یادو رۆژە جیهانی و نەتەوەییەكان و ڕۆژی ئاڵاو پۆشاكی ڕەسەنی نەتەوەییمان جێگای دەستخۆشییە، هەروەها بەدواداچوون و ڕاپۆرتی پەروەردەیی و پانێڵ بۆ كیشە وگرفتەكانی قوتابیان لەناوەو دەرەوەی هەرێم وگەیاندنی بەلایەنی پەیوەندیدار بەشێكی تری كارەكانی بووە، هەروەها لەسەر ئاستی زانكۆكانیش كاری كردووە وەك بەشەناوخۆییەكانی قوتابیان، وبەدواداچوون بۆكیشەو گرفتەكانیان بەهاوكاری لایەنی پەیوەندیدارو دۆزینەوەی رێگای چارەسەرو گونجاو بۆیان.
چاوپێكەوتن لەگەڵ مامۆستایان و سوود وەرگرتن لەئەزموونیان بەدواداچوون بۆكێشەو گرفتەكانیان و گەیاندنیان بەلایەنی پەیوەندیدار و بەدواداچوون بۆ ڕێكخستنی میلاك، ئەوەی تێبینی دەكرێت لەم لاپەڕەیەوە گرنیگیدان بەمنداڵان وبەتایبەت منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئامادەكردنی راپۆرت لەسەر ڕەوشی پەروەردە لە ناوچە دابڕینەوەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش جیگای بایەخ بووە. گرینگیدان بەهەمووپرسە پەروەردەییەكان وەك هەواڵە پەروەردەییەكان ،سیستەمی پەروەردە، ئەزموونەكان، هەڵسەنگاندنی دەرەكی، پلاندانان، یەكەكانی سەرپەرشتیاری، پرسیارەكانی پۆلی 12، سەرپەرشیارانی كارگیڕی و هاورێی ڕەخنەگرو خولەكانی هاوینە، ئەم لاپەرەیە بۆتە دەنگ ورەنگێكی جوان و پردێكی پەیوەندی جوان لەناو هەموو بەشەكانی پەروەردەو فێركردن لە لاپەڕەی پەروەردەدا ڕەخنە لە سیستەم و خراپی پەروەردە گیراوە و ڕەخنەكانیش بوونیاتنەر بوون و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بووە.
بورهان ئەرگۆشی
بۆتان عەبدوڵڵا
دلێر عەبدوڵڵا
ئەحمەد سابیر
لوقمان سەعید