دادگەی نێودەوڵەتیی نێوبژیوانی لە پاریس لە پێنج بەشی سکاڵاکەی عێراق لە دژی تورکیا بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، لە چوار بەش و بواردا سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی یاساییە لە چوارچێوەی عێراق دا. دادگەکە تەنیا لە یەک بەش دا عێراقی بە هەق زانیوە، ئەوەش بەهۆی ئەو هەموارەبووە کە لە ساڵی 2010دا لە گرێبەستی بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیادا کراوە لەنێوان حوسێن شەهرستانی وەزیری نەوتی عێراق و تانەر یڵدزی وەزیری وزەی تورکیا.
لە هەمانکاتدا تورکیا سکاڵای لە دژی عێراق بردووەتەوە بەهۆی پابەند نەبوونی عێراق بە خشتەی ئەو بڕە نەوتەی کە دەبووایە عێراق بە بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیادا هەناردەی بکات.
ماڵپەڕی Middle East Eye کە ماڵپەرێکی هەواڵییە و پێگەکەی لە لەندەنە و رووداوەکانی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا دەگوازێتەوە، لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات کە لە کەیسی سکاڵای عێراق لە دژی تورکیا لەسەر رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەراستیدا بەپێچەوانەی ئەوەی کە عێراق دەینوێنێت، حکومەتی عێراق براوەی کەیسەکە نییە.
لە دوای ئەوەی دادگەی نێودەوڵەتی نێوبژیوانی لە پاریس بڕیاریدا لەسەر ئەو کەیسە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ستایشی دادگەکەی کرد و، بەرپرسانی عێراقیش بەشێوازێکی کراوە لە میدیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانیان روانگەی خۆیان راگەیاند. تورکیا لە رۆژی شەممەوە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە بەندەری جەیهانەوە وەستاند و کەرتی نەوتی لە هەرێمی کوردستان تووشی زیانێکی زۆر گەورە بووە.
بەپێی ماڵپەڕی Middle East Eye ، شارەزایانی رۆژئاوایی و تورک بۆچوونێکی جیاوازیان لەسەر ئەو کەیسە هەیە. ئەو سەرچاوانەی کە قسەیان بۆ ماڵپەڕەکە کردووە، پێیانوایە بەرپرسانی بەغدا هەموو روویەکی بڕیاری دادگەکە باس ناکەن.
رووداو










