بەپێی ڕێنوێنییەکی دارایی، سندووقێک بۆ کۆکردنەوەی داهاتی سزای مادە هۆشبەرەکان دادەمەزرێت.

بەپێی ڕێنوێنی دارایی ژمارە ۳٥۷کە لە ٢٠ی ئازاری ٢٠٢٣ دەرچووە و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، کە سندووقێک بەناوی سندووقی سزای ماددە هۆشبەرەکان دروست دەکرێت.

لە ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستاندا هاتووە: “بەپێی مادەی (٤٥) لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان ژمارە ( ١ )ی ساڵی (٢٠٢٠) بڕیار درا بە دامەزراندنی سندووقێک بە ناوی سندووقی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، پارەدار دەکرێت لەو سزا و پێبژاردنانەی، کە لە یاساکەدا دەقی لەسەر نووسراوە و لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو سندووقە سپاردە دەکرێت”.

ئاماژە بەوەش کراوە: “بەپێی بڕگەیەکی ڕێنوێنییەکە، پارەی ناو سندووقەکە تەنیا بۆ ئەو دامەزراوە تەندروستییانە خەرج دەکرێت، کە لە مادەی ٣٨ی یاساکەدا هاتووە و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکە خەرج ناکرێت.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو، ئەو بڕە پارەیەی بەپێی یاسا بۆ مەبەستی سندووق وەردەگیرێت، دەکرێتە داهاتی کۆتایی بۆ گەنجینەی حکوومەتی هەرێم و ڕاستەوخۆ دەکرێتە سەر هەژماری سندووقەکە.

وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، هاوکات لیژنەی باڵا دەسەڵاتی خەرجکردنی بڕی تەنیا یەک ملیۆن دیناری هەیە بۆ ئەو لایەنەی، کە ماددە هۆشبەرەکە دەستگیر دەکات.