ئاشتی شەهباز _ خه‌بات

لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی عەلی عەبدولرحمان بەڕێوەبەری گشتی کاروباری مین لە هەولێر _ هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە ١٩_٣ی ٢٠٢٣ بەبۆنەی هاتنی چەژنی نەورۆز و مانگی گەشت و سەیران پەیامێکی هوشیاری خۆپارێزی لەمەترسییەکانی مین و پاشماوەکانی جەنگ خستەڕوو، هەر لە چالاکی و پاکسازییەکاندا لە رۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٦/٣ ی ئەمساڵدا دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگای مین لە بوونی مین و تەقەمەنی نەتەقاوە لەسەر فەرمانی بەرێوەبەری گشتی لەدوو ئەرکی جیادا لەگوندی ( کەوەرتیان) ی سەربەناحیەی هیران لەقەزای شەقڵاوەو مینێکی دژە کەسی لەجۆری V69 مەترسی لەسەر هاووڵاتیان دروست کردبوو لەناوبران و هەروەها لە بناری چیای (هەندرێن ) سەربەقەزای رەواندوز یەک لەو پاشماوانەی جەنگ دۆزرایەوەو لەشوێنی تەقاندنەوە لەناوبران .

بەو پێیەی له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسی، زۆربه‌ی ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی سنووری پارێزگای هەولێر و بەتایبەت سنووری ئیدارەی سۆران شەڕگه‌ بوونه‌، وە سه‌ره‌ڕای بەردەوامی كاری پاكسازیی مین لەلایەن تیمه‌كانی تایبه‌ت به‌ هەڵگرتنەوە و له‌ناوبردنی مین و ته‌قه‌مه‌نییه‌كان، زۆرجار له‌و ناوچانه‌ مین و ته‌قه‌مه‌نی به‌دیار ده‌كه‌ون و جێگه‌ی مه‌ترسین و هەڕەشەی گەورەن لەسەر گیانی هاونیشتیمانیان.

بۆیە بە پێویستی دەزانین هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار بکەینەوە کە له‌ كاتی دەرچوونتان بۆ گەشت و سەیرانی نەورۆزی و بەتایبەتی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی گژ و گیا خۆڕسكه‌كان، له‌ کێڵگە مینەکان و كۆنه‌ شەڕگە ‌و ئه‌و شوێنانه‌ نزیك نه‌بنه‌وه‌، كه‌ مه‌ترسیی مین و ته‌قه‌مه‌نییان لێ دەكرێ‌.

لەکاتی رووبەڕوو بوونەوەی هەر مەترسیەک لە بابەتی مین و تەقەمەنی، یاخود وون بوونی رێگە و دیاربوونی مەترسییەکان، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە هێلی گەرمە دەزگای گشتی کارووباری مین ژمارە ( ۱٨۲ ) بکەن بۆ ئەوەی رێنمایی تایبەت وەربگرن، یاخود تیمەکانمان بگەنە شوێنی مەبەست.
ئامانجمان کوردستانێکی خاڵی لە مین و تەقەمەنیە.
هەر رۆژێکتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز .