
ئیمان محەمەد شێرکاوەیی
کۆمەڵگای کوردی هەر وەک کۆمەڵگایەکی تر هەر لە مێژوەوە ئافرەت ڕۆڵی خۆی تێدا بینیوە، کە تا ڕادەیەکی باش ڕێگەپێدراو بوە بۆ ئەوەی کاربکات بەمەرجێک سنوری باوان نەبەزێنێت، کەواتە داب و نەریت، کلتور و کۆمەڵگا کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر ئافرەت، وە هەروەها پەروەردەش هەمیشە توخمێکی گرنگ بوە لە دامەزراندنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی کۆمەڵگا، وە تەسکی و بەرتەنگی پەروەردە دەبێتە هۆی کەمی ئەزمون و تێڕوانین بۆ ژیان، مرۆڤی تەندروست لە پەروەردەی تەندروست سەرچاوە دەگرێت، ئافرەتیش بەگشتی توانای زۆر فراوانترە وە خاوەن کەسایەتی بەهێزە هەر لەم بارەیەوە زانای بەناوبانگی فەڕەنسی ناپلیۆن پۆناپارت دەڵێت: (ئافرەت بەدەستێک لانکە و بەدەستەکەی تر دونیا ئەهەژێنێت)، وە نوسەرێکی ڕوسی سۆخۆملینسکی پسپۆڕی پەروەردە دەڵێت (ئافرەت لە پەروەردەکردنی خۆشەویستیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و هەر نەک دایکی منداڵە بەڵکو پیاویش پەروەردە دەکات). بە پێیی لێکۆڵینەوەیەک لەساڵی ١٩٩٦ لە ئوستڕالیا لە نێوان پەروەردەی ژنان و ئاستی بەهێزبوونی کەسایەتی ئەنجام درا، بەپێیی توێژینەوەکە نمونەی ١٠٠٠ ئافرەتی تەمەن ٢١-٤٩ ساڵی وەرگیرا کە ئەنجامەکان دەریانخست پەروەردە پێشەکیەکە بۆ بەهێزکردنی تواناسازی ژنان و دەبێتەهۆی بەرزکردنەوەی ئاستی بڕوابەخۆبون وکەمبونەوەی تەنگەژەی دەروونی، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی دروست دەکات لەسەر کەسایەتی ئافرەت.
هەروەکو ئەزانین پەروەردە مافێکی بنچینەیی مرۆڤە کە هەر لەسەردەمی منداڵیەوە دەستپێدەکات کە بریتیە لە هەر فێربونێک، خوێندنی زانیاری یان میراتی کلتوری بەردەست پێناسە دەکرێت، دەکرێت لەڕێگەی پەروەردەی تەندروستەوە خۆبگونجێنین لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر و ڕووبەڕوی هەندێک نەریتی نەرێنی ببینەوە، وە لەهەمان کاتدا گەشەپێدان بە تواناکانی ئافرەت دەتوانێت گۆڕانکاریەکی باش دروست بکات بۆ پێشکەوتنی وڵات، ئەمەش هاوشێوەی دەرمانێکی کاریگەرە کە لەوانەیە بزانێت نەخۆشێک چارەسەر بکات .و تەندروستیان چاک بکاتەوە.
هەر لەبارەی کەسایەتی ئافرەتەوە، زانای بەناوبانگی ئەڵمانی کارین هۆڕنی کە وەک دامەزرێنەری پزیشکی دەروونی مێینە دادەندرێت، کە بە شێوازێکی ئاشکرا ڕەخنە لە سیگمون فریۆید دەگرێت سەباڕەت بە ،سایکۆڵۆجیایی ئافرەت، هۆڕنی بە شێوەیەکی فراوان تیشک دەخاتە سەر چارەسەری دەروونی ئافرەتان وە پێی وایە جیاوازی ژن و پیاو لە ئەنجامی جیاوازی کلتور و کۆمەڵایەتی دێتە کایەوە نەوەک لایەنی بایەلۆجی، واتا زیاتر پەروەردە و کۆمەڵگا ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە دروستبوونی کەسایەتیەکی سەرکەوتو .یاخود شکستخواردو لەلای ئافرەتەوە.
وەهەروەها ئافرەتی خاوەن کەسایەتی بەهێز توانای بەڕێوەبردنی هەردووک ژیانی کەسی و پیشەیی خۆی هەیە، کە ئەمەش لەڕێگەی پەروەردەیەکی تەندروست دێتە کایەوە کە هەوڵی بەدەستهێنانی زانین و هۆشیاری دەدات، توانای بڕیاردان و بەرپرسیارەتیان هەیە، ئاستی باوڕبەخۆبونیان بەرزدەبێت، وە باشترکردنی تواناکانی کەسی بۆ ڕێکخستن و کاریگەری دروست بکات لەسەر گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەکان، هاندان و پاڵپشتیکردن لەلایەن کەسانی دیکە و وەرگرتنی ڕاو سەرنجیان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
ماوەتەوە بیڵێم ئافرەت خوای گەورە مرۆڤەکانی بە ئازادی دروست کردووە، بەبی جیاوازی ڕەنگ، زمان و ڕەگەز جیاوازی ئافرەت و پیاو تەنها ڕەگەزەکەیەتی، هەر بۆیە ئافرەت بناغەی خێزانە و سەرچاوەی خۆشەویستی ژیانە، وە لە ژێر ڕۆشنایی پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی لە پەروەردەی ئافرەتان ناکرێ، چاوپۆشی بکەین لە نرخی پەروەردە لەم سەردەمە.