وەزارەتی بەرگریی كۆماری ئیسلامیی ئێران رای گەیاند، لە ڕێگەی سێ فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە، هێرش كراوەتە سەر یەكێك لە كارگە سەربازییەكانی پارێزگای ئەسفەهان لە ناوەڕاستی وڵاتەكە.

بە گوێرەی راگەیاندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی ئێران بێت، لە رێگەی سیستەمی بەرگرییەوە هێرشەكە شكستی پێ هێندراوە و تەنیا زیان بە بنمیچی ەكێك لە كارگە سەربازییەكان گەیشتووە، بەڵام میدیاكان باس لەوە دەكەن كە خەڵكی ئەسفەهان گوێیان لە دەنگی سێ تەقینەوەی مەزن بووە.

نیوەشەوی رابردوو دەستەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێرانی رای گەیاند كە لە شاری ئەسفەهان خەڵك گوێیان لە چەند تەقینەوەیەكی گەورە بووە كە لە یەكێك لە بنكەكانی دروستكردنی تەقەمەنیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕووی داوە. بەڵام جێگری پارێزگاری ئەسفەهان رای گەیاندبوو كە هچ زیانێك لە ئەنجامی هێرشەكە نەكەوتۆتەوە.

لەمبارەیەوە محەمەد رەزا جنیسار، بەرپرسی ئەمنیی پارێزگای ئەسفەهان بە میدیای فەرمیی ئێرانی راگەیاندووە، لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەكرێت و دواتر وردەكارییەكەی رادەگەیەندرێت