سوورە مەرگەیی
کاتێک هەڵوێستە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکانی سەرۆک بارزانی و هزروبیر و ئیرادەی کوردایەتی، یان بە پێچەوانەوە هزروبیر و ئیرادەی کوردایەتی و هەڵوێستە نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییەکانی سەرۆک بارزانی لەبەریەک رادەنێی، هەست دەکەی جمکی رابوون و بەرخودانن و کاڵان و بە باڵای یەکتری بڕاون و هیچ زوڵم ستەم و زۆردارییەک ناتوانێ لە یەکتریان جیا بکاتەوە.
کاتێک لە دیبلۆماسییەتی سەرکەوتوانەی کاک نێچیرڤان بارزانی رادەمێنی و لەگەڵ گەمارۆ خستنە سەر پرسی کورد لەلایەن دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان بەراوردی دەکەی، وا هەست دەکەی لەناو کەشتی حەزرەتی نوحی و هیچ زریان و با و هۆزێک ناتوانی بتوەستنێ.
کاتێکیش لە ئارامپارێزی کاک مەسرور بارزانی و هەوڵی تێکدەرانەی دوژمنای کورد و دەستە و گرووپە تێکدەرەکانی کورد رادەمێنی، وا هەست دەکەی لە لوتکەی ئارامییەوە لە دۆڵ و شیوی بۆڵەبۆڵ و مینگەمینگی نائارامی دەڕوانی و نانەوەی ئاشووب و هەوڵی تێکدەرانی ئارامی بەبەر چاوتدا گوزەر دەکەن.
یەکگرتوویی هزروبیری کوردایەتی و دیبلۆماسییەتی سەرکەوتووانە و ئارامپارێزی لە کاتێکدایە، هزروبیر و ئیرادەی کوردایەتی بەبێ دیبلۆماسییەتی سەرکەوتوو وەک پێویست ئامانج ناپێکێ، دیبلۆماسییەتی سەرکەوتووش بەبێ بوونی کەشوهەوایەکی ئارام سەرکەوتوو نابێ و، ناتگەیەنێتە کەناری ئارام و ژیانی سیاسی فەراهەم ناکات، بە تایبەتیش بۆ گەلێکی ژێردەستە و ستەمدیدەی وەک کورد، کە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان لە هەر چوار لاوە و لە رێگەی بەکرێگیراوەکانیان، لە هەوڵی ئەوەدان بە درووشمی بیقەدار و موزایەدەی سیاسی خیانەت و وڵاتفرۆشی بکەنە جێگرەوەی خەبات و وڵاتپارێزی و دەرگای دیبلۆماسی بە داخراوی بەسەر کورددا بمێنێتەوە، فەوزا و نانەوەی ئاشووب و رق و بوغز و کینەی سیاسی و کۆماڵایەتیش شوێنی ئارامی و سەقامگیری بگرێتەوە، کە زەمەنێکە دوژمنانی کورد و داگیرکارانی کوردستان حەسرەتی بۆ هەڵدەکێشن.
جا ئەگەر دوور لە سۆزی حزبایەتی و رق و بوبوغز و کینەی سیاسی، شرۆڤەیەک بۆهەڵوێستی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی سەرۆک بارزانی لەناو هزروبیر و ئیرادەی کوردایەتی و، دیبلۆماسییەتی کاک نێچیرڤان بارزانی و کردنەوەی دەرگا کڵۆمدراوەکان و تێکشکاندنی بەربەستە ئاسنینەکان و، ئارامپارێزی کاک مەسرور بارزانی وشکست پێهێنانی هەوڵە پیلانگێڕییەکان بۆ تێکدانی ئارامی کوردستان بکەین، دەگەین بەچی؟.
بۆ هزر و بیری شۆڕشگێڕی و ئیرادەی کوردایەتی بارزانی نەمر، پێش دامەزراندنی پارتی چارەسەری پرسی کوردی لە هزر و بیری شۆڕشگێڕی و ئیرادەی کوردایەتیدا بینیوە و، نەخشە رێگای درێژ مەوداشی بۆ داناوە، دوای وەفاتی بارزانی نەمریش، سەرۆک بارزانیش چارەسەری پرسی کورد و هزر و بیری شۆڕشگێڕی و ئیرادەی کوردایەتی بە ئاراستەی هەمان نەخشە رێگادا دەبات، لەو کاتەوە تا ئێستاشی لەگەڵبێ هیچ دوژمن و داگیرکارێکی کوردستان، چ بەهێز و زەبروزەنگ و چ بە پیلانگێڕی، نەیتوانیوە چارەسەری پرسی کورد لە هزر و بیری شۆڕشگێڕی بارزانی نەمر و ئیرادەی کوردایەتی داببڕێ، بەڵگەش بۆ بوونی ئەو راستییە ئەو فەرموودەیەی بارزانی نەمر دەکەینە نموونە کە فەرموویەتی: ئەگەر کوردایەتی گرانە، خیانەت نەکردن ئاسانە.
بۆ دیبلۆماسییەتی سەرکەوتوانەی کاک نێچیرڤان بارزانیش، دوای ریفراندۆم، دەرگا ناوخۆیی و هەرێمی و نێدەوڵەتییەکان بەسەر دەنگ و ئیرادەی ٪٩٣ی خەڵکی کوردستان داخران، بە چاوساغی و پێشقەتاری گرووپێکی کوردیش پەلاماری کوردستان درا و لە ئانوساتی ئەوەدابوون فاتیحا بۆ حکومەتی هەرێم بخوێن، بەڵام بەرگری لێبڕاوانەی پێشمەگە زمانی خوێندنی فاتیحاکەی لاڵ کردن، دیبلۆماسییەتی سەرکەوتووانەی کاک نێچیرڤان بارزانیش دوور لە چاوەڕوانی دۆست و دوژمن دەرگا کڵۆمداراوەکانی کردنەوە و، ئەو پیلانگێڕییەشی وەک هەموو پیلانگێڕییەکانی رابردوو، کردنە ماڵی قەڵب و بەسەر خاوەنەکایندا قڵپ کردنەوە.
بۆ ئارامپارێزی کاک مەسرور بارزانیش ئەوەندە بەسە کە بڵێین: زۆر دەست هەوڵدەدەن ئارامی هەولێری پایتەخت بشێوێنن، ئەوە داعش، ئەوە ئەوە حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاکان، ئەوە درۆنەکانی سەر بە سوپای پاسداران، ئەوە دەستە ئاژاوەگێڕ و گرووپە عێراقچییە کوردەکان و زۆر بەناو رۆشنبیر و چالاکوانی دەست لە پشدراو و سایت و پەیجی درووست کراویش، کار لەسەر تێکدانی ئارامی هەولێری پایتەختی ئارامی دەکەن، تەنانەت لافاو و کارەساتی سرووشتی وەک بوونی نائارامی دەخەنە پاڵ هەولێری ئارام، بەڵام کاک مەسرور بارزانی وەک پارێزی ئارامی خەونی هەموو ئەو لایەن و دەستە و گرووپانەی کردوونەوە بڵقی ئاو و بە رووی خۆیاندا دەتەقنەوە.