ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، عەمید محەمەد ڕوشدی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2022دا بەپێی ئاماری کۆکراوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا دوو ملیۆن و 411 هەزار و 47 ئۆتۆمبێل تۆمار کراون.

 هەر لە ساڵی ڕابردوودا 663 هەزار و 91 مامەڵەی هاووڵاتییان ڕایی کراوە کە لەچاو ساڵی 2021دا بە شێوەی گشتی 204 هەزار مامەڵە زیادی کردووە.

گوتیشی: بەگشتی ساڵی ڕابردوو 797 هەزار و 449 مۆڵەتی تازە و دووبارە دراونەتە هاووڵاتیان کە ئێستا بەگشتی لە کوردستاندا دوو ملیۆن و 79 هەزار و 73 هاووڵاتی هەڵگری مۆڵەتی شۆفێرین، کە 245 هەزار و 15 ئافرەت مۆڵەتیان هەیە و تەنها لە ساڵی 2022دا 16 هەزار و 691 ئافرەت مۆڵەتیان پێ دراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتەبێژی هاتوچۆی گشتیی هەرێمی کوردستان گوتی: لە ساڵی ڕابردوودا چوار هەزار و 476 ئۆتۆمبێل هەڵوەشاوەتەوە و 531 هەزار و 441 ئۆتۆمبیل پشکنراون.

سەبارەت بە سەرپێچییەکانیش گوتی: تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 499 هەزار و 394 سەرپێچی و یەک ملیۆن و 825 هەزار و 976 تیژڕۆیی بە کامێرا تۆمار کراون.

ڕووداوەکانی هاتوچۆش لە ساڵی ڕابردوودا سێ هەزار و 706 ڕووداوی هاتوچۆ بە هەموو جۆرەکانی وەرگەڕان، شێلان، پێکدادان ڕوویان داوە. کە بەهۆیانەوە 445 هاووڵاتی مردوون، لە نێویاندا 78 مێ هەن و ئەوانی تریش نێر بوون، هەوەها حەوت هەزار و 225 هاووڵاتی زامدرا بوون کە هەزار و 586 مێ بوون.

گوتیشی: 15 هەزار سەرپێچیکار دراونەتە دادگا و 14 هەزار و 604 ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەردا گیراوە.