خەبات: عەلی بانیشاری:- وادەی دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دیار نییە، ئەمە لە كاتێكدایە كەمتر لە دوو مانگی دیكە هاووڵاتیان نەوتیان بۆ خۆگەرمكردنەوە پێویستە. بەپێی داتاكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بێت، تاوەكو ئێستا نزیكەی 15%ی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان نەوتیان وەرگرتووە.
وەكو هاووڵاتیان دەڵێن: پرۆسەی دابەشكردنی نەوت بەخاوی بەڕێوەدەچێت و ئەگەر وا بڕوات لە وەرزی هاویندا وەریدەگرن. نەوتفرۆشێكیش دەڵێت ((زۆرینەی ئەوانەی كڕیاری نەوت لە دەرەوەی سەنتەری شارەكان نیشتەجێن))، سەبارەت بە دابەشكردنی نەوت لە دەوروبەر و سەنتەری شار، جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، تا ئێستا بەرچاوروونی تەواو نییە لەسەر چۆنییەتی دابەشكردنی نەوت لە سنووری پارێزگاكە. جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش رایدەگەیەنێت، دابەشكردنی نەوت نەگەیشتووەتە سەنتەری پارێزگاكە.
كاروان رەسوڵ، دانیشتووی هەڵەبجە، پرسیاری ئەوەمان لێكرد لەگەڵ بێ نەوتی چۆنن؟ لە وەڵامدا گوتی: ئەمساڵ تەنیا بە دەبە نەوتمان كڕیووە، بەو ئومێدەی دابەشكردنی نەوت بگاتە لای ئێمەش، بەڵام سستی لە دابەشكردنیدا هەیە و ئەگەر وا بڕوا مەرگە هاوین وەریبگرین. گوتیشی: خەڵك ئێستا و بەم سەرمایە نەوتی پێویستە ئەگەر گەیشتینە هاوین نەوتمان بۆ چییە؟
ئیبراهیم زیاد، یەكێكە لە نەوتفرۆشەكانی شاری هەولێر و دەڵێت: بەراورد بە مانگی 12، هەر بەرمیلێك نەوت 20 هەزار دینار دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بكەین بە مانگی یەكی ساڵی رابردوو هەر بەرمیلێك نەوت زیاتر لە 100 هەزار دینار گرانتر بووە. دەشڵێت: ئێستا دوو جۆر نەوتی سپی لە هەولێر دەفرۆشرێت، جۆری یەكەم كە نەوتێكی زۆر باشە و هی بەسرەیە بەرمیلی 260 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیان دەكەوێت، جۆری دووەمیش هی بەغدایە و بە 240 هەزار دینارە.
گوتیشی: بەشێك لە خەڵك بە دەبە نەوت دەكڕن، كەسی وا هەیە توانای ئەوەشی نییە و بە قەرز نەوتەكەی پێدەدەین. ئاماژەی بەوەشدا، زۆرینەی ئەوانی كڕیاری نەوت دانیشتووی دەرەوەی شارن. بەپێی بەدواداچوونی (خەبات) هەر لیترێك نەوت لە بەنزیخانەكانی شاری هەولێر لە نێوان 1100-1300 دینارە.
لەسەر هەمان پرس هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر بە (خەبات)ـی راگەیاند: دابەشكردنی نەوت گەیشتووەتە شەقڵاوە و لەو چەند رۆژە بۆ سەنتەری قەزاكەشی دابیندەكەین. گوتیشی: ئەگەر ئەو بڕە نەوتەی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵییەوە دەگاتە دەستمان بەشیكرد ئەگەری هەیە بدرێت بە دانیشتووانی قەزای كۆیەش. ئەوەشی گوت: تاوەكو ئێستا بەرچاوروونی تەواو نییە لەسەر چۆنییەتی پڕۆسەی دابەشكردنی نەوت لە سنووری پارێزگای هەولێر. ئاماژەی بەوەشدا، وردەكاری پرۆسەكە لای بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێرە.
پەیامنێری (خەبات) پەیوەندیكرد بە ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێر، بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نەدایەوە، پێشتر و بۆ هەمان مەبەست چەند جارێك پەیامنێرمان پەیوەندی بە بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی هەولێرەوە كردووە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەداوەتەوە.
پێنج شەممەی رابردوو، 5ی كانوونی دووەمی 2023، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێكی لەسەر پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی بڵاوكردەوە، بەپێی ناوەڕۆكی راگەیەندراوەكە، تاوەكو مانگی یەكی ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان 46 ملیۆن و 850 هەزار و 800 لیتر نەوت دابەشكراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە ((لە پارێزگای هەولێر 15 ملیۆن و 564 هەزار و 600 لیتر نەوت بەسەر 77 هەزار و 822 خێزاندا دابەشكراوە. لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجەش 18 ملیۆن و 828 هەزار و 800 لیتر نەوت دابەشكراوە و 94 هەزار و 144 خێزان لێی سوودمەند بوون))، هەرچی سەبارەت بە پارێزگای دهۆكە، 12 ملیۆن و 457 هەزار و 600 لیتر نەوت بەسەر 62 هەزار و 288 خێزاندا دابەشكراوە. هەر لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئەوەش هاتووە ((لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان 234 هەزار و 254 خێزان لە پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی سوودمەند بوون)).
لەلایەكی ترەوە كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ (خەبات) گوتی: تاوەكو ئێستا لە سەنتەری پارێزگای هەڵەبجە نەوت دابەشنەكراوە، بەڵام دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەكان وەریانگرتووە، پرسیاری ئەوەمانلێكرد كەی لە سەنتەری هەڵەبجە نەوت دابەش دەكرێت؟ لە وەڵامدا گوتی: زانیاری ئەوەم لانییە، چونكە پرۆسەكە پەیوەندی بە پارێزگار و قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجەوە هەیە، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەسەر پرۆسەی دابەشكردنی نەوت لە سەنتەری شاری هەڵەبجە، پەیوەندیمانكرد بە نوخشە ناسێح، قائیمقامی قەزای ناوەندیی هەڵەبجە، بەڵام پەیوەندییەكە بەردەست نەبوو.












