یانەی ڕیال مەدرید بەنیازە لەماوەی ئەم وەرزەی ئێستادا یاریزانێکی دیار لە یانەی ناپۆلی ئیتاڵی بگوازێتەوە، بەگوێرەی تۆڕی “دیفێنسا سێنتڕاڵ”ی ئیسپانی، کارلۆ ئەنچیلۆتی ڕاهێنەری یانەی ڕیال مەدرید داوای کردووە گرێبەست لەگەڵ کیم مین جای بەرگریکاری کۆریای باشووری یانەی ناپۆلی بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنچیلۆتی بەدوای زۆرێک لە یاریزانە کاریگەرەکانی خولی ئیتاڵیادا دەگەڕێت، بەو پێیەی بەنیازە هەندێکیان بخاتە نێو ڕیاڵ مەدریدەوە،  ڕوونیکردەوە، “بڕگەیەکی سزا لە گرێبەستەکەی کیمدا هەیە کە تەنها 39 ملیۆن پاوەندە، کە ژمارەیەکی گونجاوە بە بەراورد بەو ئاستەی کە یاریزانەکە لەم وەرزەدا لەگەڵ ناپۆلی پێشکەشی دەکات.”

تۆڕی ئیسپانیا بڵاویکردووەتەوە، ئەنچیلۆتی دەیەوێت دەستبەرداری ناچۆ فێرناندێز بێت و کیم لە لیستی ڕیاڵ مەدریددا جێی بگرێتەوە، هەروەها بەرگریکارە کۆرییەکە لە لایەن مانچستەر یونایتدەوە گرنگییەکی زۆری پێدەدرێت، ناپۆلی لە سەرەتای وەرزی ئەمساڵدا کیم مین جای لە یانەی فەنرباخچەی تورکی واژۆکردبوو، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە تا هاوینی 2025 درێژدەبێتەوە.