خەبات
ئەگەر چی هەڵوێست و رەفتارەكانی PKK دەرهەق هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندییە نەتەوایەتییەكانی سەرجەم پارچەكانی تری كوردستان روون و ئاشكراو شاراوە نەبوون و هەندێك هەر لەگەڵ ئەو هەڵوێستە چەوتانەشیدا، هەر لایەنگر و پشتیوانی بوون و هەندێكیش دەستخەڕۆی تێزە عەنتیكەكانی كە لەگەڵ بارودۆخی كوردیشدا نەدەگونجا، بە دروشمە باق و بریقەكانی هەڵدەخەڵەتا و پشتگیری دەكردن.

بەڵام هەرگیز هەڵوێستیان بەرامبەر دۆزی كورد وەك ئەوەی لەم ماوەیەدا, لە زاری گوتەبێژی پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) هێلین ئومێد بەو روونیە نەیاندركاندووە كە تا ئەو ئاستە دوژمنی دۆزی كوردن و دژایەتی دەكەن، چونكە هەمیشە ئەو هەڵوێستە نانیشتمانیانەیان لەپه‌نا دروشمی قەبەو فریودەری وەك دیموكراسی گەلان و تێزی بێسەروبەری سەركردەكانیان ده‌شارده‌وه‌.

فەرموون ئەوەتا، ئەو گوتەبێژە زۆر بە ئاشكرا, لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی (میدیا خەبەر)ی سەر بە حزبەكەیدا دەڵێ:((گەر PKK نەبوایە ئەمەریكا دۆخی رۆژئاڤای كوردستانی دەقۆستەوەو هەرێمێكی هاوشێوەی هەرێمی كوردستانی پێكدەهێنا)) و بە هەرێمی كوردستانەوە گرێی دەدا.

ئینجا بە شانازییەوە دەڵێ: ئەوە PKK بوو كە نەیهێشت ئەو پلانە سەربگرێ، هەر بەو هەڵوێست و بۆچوونەیاندا، بە ئاشكرا دەردەكەوێت كە شەڕفرۆشتنی ئەوان, لە سەرەتای نەوەدەكاندا, بە هەرێمی كوردستان هەر بۆ ئەوە بوو كە هەرێمێك بەناوی كوردەوە دروست و جێگیر نەبێت كە خۆشبەختانە بە كۆششی پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان, هەرزوو ئەو خەونەشیان زیندەبەچاڵ كرا.

سەرەڕای هەموو پیلان و گێرەشێوێنەكانی PKK نەیتوانی پڕۆسەی بیناسازی و پایە گرنگەكانی هەرێم و بەرەو پێشەوەچوونی ڕابگرێ، ئینجا ئێستا ده‌یه‌وێت بە پیلانێكی بەرنامە بۆ داڕێژراو سوپای وڵاتانی دەورووبەر پەلكێشی هەرێم بكات و زیان بە دانیشتوانی و حكومەتی هەرێم بگەێنێت، ئەوەتا، بەهۆی ئەو هەڵوێستە چەوت و گوماناویانەوە، رۆژانە بۆردومانی ناوچەكانی ماوەت و شارباژێر و پێنجوێن و شوێنە جیاجیاكانی هەرێم كراونەتە ئامانج و ناسەقامگیری و ماڵوێرانی هانیوەتە ئاراوە.

ئێستا ئیدی هیچ پاساوێك بۆ هیچ كەس و لایەنێك، دوای ئەم هەڵوێستە ئاشكرایەی (PKK)، نەماوە كە حكوومەت بە پشتیوانی پەرلەمان و تەواوی حزبە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستان هەڵوێست بە ئاشكرا بەرامبەریان وەرنەگرێت و سنوورێك بۆ پیلانگێڕییەكانیان دانەنرێت, دوای ئەوەی ئەوان وا بە روونی ڕووی راستەقینەی خۆیان نیشان دا.

له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێین: PKK رێكخراوێكی بێ وه‌فاو بێ هه‌ست و سۆزه‌، به‌رامبه‌ر هه‌ر هێزێك چاكه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، ئه‌گه‌ر خودی ئه‌مریكا نه‌بایه‌ ئه‌وان نه‌یانده‌توانی بۆ ساتێكیش له‌ رۆژئاڤا بمانایه‌.