بە مەبەستی چارەسەری ریشەیی بۆ رێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆڕیی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشاندا بە خەرجكردنی گوژمەی ٢٠ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار و ٦٠٠ دینار و سبەی (یەكشەممە، ١١ـی کانوونی یەکەم) قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە دستپێدەكات و تیمێكی ئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن.
پرۆژەی ئیفرازی سێ ٤٠٪ـی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابیندەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆڕییەكە، چەند جارێك بۆڕییەكە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێئاو دەبوون، لەپێناو چارەسەری ریشەیی ئەو كێشەیە، كە گۆڕینی بۆڕیی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێرە لە بۆریی (GRP)ـی تیرە ( ١٥٠٠) ملیمەوە بە بۆڕیی كاربۆن ستیل، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پرۆژەكە داوە كە بریتییە لە ٢٠ ملیار و ٨٤٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار و ٦٠٠ دینار و بڕی چوار ملیار و ٣٥٤ ملیار و ٧٥٠ هەزار دینار لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە خەرجدەكرێت، لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی ٢٧٥٠ مەتر بە بۆری ١.٥ مەتری بۆڕیی كاربۆن ستیل دەستپێدەكات تا دەگاتە ١٠٨ـی عەنكاوە لە كۆی ئەو ١١ كیلۆمەترەی كە بۆرییە كۆنەكەی تێدا دەگۆڕدرێت.
رۆژی یەکشەممە، قۆناغی یەكەمی پرۆژەی پاراستنی هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئەو پرۆژەیە دەستپێدەكات كە چەند ئەندازیارێكی شارەزای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن، ئەمەش گرفتی شكانی ئەو بۆرییە لەو شوێنە چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پرۆژەكە و پرۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان باشتر دەبێت.