خەبات: سولین سلێمان:- پەیوەست بەو ١٦ رۆژەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژ دژی ژنان، بریارە رۆژی 10ی دیسەمبەر کە دەکاتە رۆژی شەممە کۆتا رۆژی هەڵمەتەکەیە، لە هەمان کاتیشدا لەساڵ رۆژی جارنامەی مافی مرۆڤ، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆ گردبوونەوەیەک لە پارکی شار لەبەردەم قەڵای هەولێر ئەنجام دەدرێت، لە ژێر دروشمی لە پێناو کوردستانێکی ئارام، توندوتیژی دژ بە ژنان بووەستێنن.

بەهار عەلی بەرێوەبەری رێکخراوی (ئێمە) بۆ گەشەپێدانی مرۆیی دەربارەی ئەو گردبونەوەیە تایبەت بە خەبات دەڵێت؛”ئێمە ئەمانەوێ لەو رۆژەدا دژ بە جیاکاری و توندوتیژی بوەستین و بە دەنگێکی بەرز بڵێین توندوتیژی دژی ژنان بوەستێنین، گوتیشی؛”ئێمە زۆر فۆکەسمان خستۆتە سەر کوشتنی ژنان چوونکە لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوودا 38 ژن کوژراون، بە پێی ئەو ژمارەی کە لەسەر سۆشیال میدیاكاندا بڵاوکراوەتەوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی ترسناکە.

لەبارەی پەیام و میكانزمێكی تۆكمەتر بەهار عەلی دەڵێ؛ پەیاممان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، پێویستە بە شێوازێکی زۆر جددی تر و میکانزمێکی تۆکمەتر هاوکاربێت، بۆ رووبەروبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئاسایشی کوردستان و ئاسایشی نیشتمان بەندە بە ئاسایش و پاراستنی ژنانەوە چوونکە بە هیچ شێوەیەک ئاسایش نایاتەدی ئەگەر کوشتنی ژنان بەردەوامی هەبێت.