سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 14ـی 11ـی 2022 بارەگاکانی کۆمەڵە لە ناوچەی زڕگوێزی سەر بە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کران.

بارەگاکانی کۆمەڵە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە ناوچەی زڕگوێز لە سنووری سلێمانی بە مووشەک بۆردوومان کران، تاوەکو ئێستا زەرەر و زیانەکانی ئەو هێرشە مووشەکییە نەزانراوە.

ئێران بەیانی ئەمڕۆ بەچڕی دەستی بە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمەش بەبیانووی بوونی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ناوچانەدا.

بۆردوومانەکەی زڕگوێز هاوکاتە لەگەڵ بۆردوومانکردنی بارەگاکانی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە، کە ژمارەیەک کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

سەبارەت بە ژمارەی شەهید و بریندارانی هێرشەکەی سەر کۆیە د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا کەسێک شەهید بووە و 8 کەسی دیکەش برینداربوون و گەیەنراونەتە نەخۆشخانە.