خەبات: سولین سلێمان:- عەبدوڵڵا مامەند راهێنەر و پاڵەوان تەمەن ٢٨ ساڵە لە چەندەها پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی جیهان و ناوخۆدا بەشداری کردووە ئاستی زۆر باشی بەدەستهێناوە لەم دیمانەیەدا بۆ لاپەرەی وەرزشی خەبات باس لە دەسپێکی ئەو یاریەی خۆی دەکات و هەروەها باس لە چەندین خاڵی تری گرنگی ئەو وەرزشە دەکات:-

*سەرەتا چۆن دەستت بەو یارییە کرد؟
”سەرەتا لە تەمەنی 19 ساڵیەوە دەستم بەو یارییە کرد و تا ئێستاش بەردەوامم و خاوەنی چەندەها بروانامەی تایبەت بەو وەرزشەم.

*ساڵی چەند بەشداریت لە پاڵەوانێتیەکاندا کرد؟
“سەرەتا لە ساڵی 2016 بەشداریم لە پاڵەوانێتی هەولێر کرد و توانیم پلەی سێیەم بەدەست بێنم پاشان لە پاڵەوانێتیەکانی عێراقێش بەشدار بوم ئاستی زۆر باشم بەدەستهێنا و هەروەها لە پاڵەوانێتیNpc جیهانیشدا کە چەندەها یاریزان لە چەندین وڵاتی جیاواز بەشدار بون لەوێش توانیم پلەی سێیەم بەدەستبێنم.

*ئایا ئەو سەنتەرو هۆڵە وەرزشیانەی کەلە ئێستادا هەن بەرای تۆ تا چەند کەسانی پسپۆر شارەزان لەو بوارە؟
“دەتوانم بڵێم ئەو کەسانەی بەرێوەی دەبەن تا رادەیەکی زۆر شارەزایەکی ئەوتۆیان نیە لە بواری لەشجوانی چونکە راهێنەر پێویستە تەواو شارەزا بێت لەو بوارە و وەک دکتۆرێک و لە جەستە بزانێت هەروەها لە چارەسەری سروشتی و بەکارهێنانی بەشێک لە دەرمانەکان شارەزا بێت و بە رادەی پێویستیش دەرووناس بێت چونکە ئەو کەسانەی کە سەردانی دەکەن دەبێت راهێنەر بتوانێت ئەو کەسە قەناعەت پێبکات کە ئەو جۆرە وەرزشە سودی بۆی هەیە و ئەنجامی بدات ،بەداخوە زۆربەی سەنتەر و هۆڵەوەرزشیانەی کەلە ئێستادا هەن بونەتە هۆی بازرگانی کردن بە جەستەی مرۆڤەوە لە رێگەی بەکارهێنانی سترۆید و هۆرمۆنە قەدەغەکراوەکان نموونەی چەندەها یاریزانمان هەبوونە بەو هۆیەوە تووشی تێکچونی سیستەمی لەش بوە یا بوەتە هۆی نەزۆکی یا بەشێکی جەستەی لە کار کەوتووە.

*ئایا مەرجەکانی ئەو یارییە کە کەسێک بیەوێت ئەنجامی بدات؟
“سەرەتا پێویستە ئەو کەسەی ئەم یارییە ئەنجام بدات تەمەنی لە سەرووی 15 ساڵیەوە بێت هیچ نەشتەرگەرییەکی گەوەرەی ئەنجام نەدابێت ئەگەر هیشبێت پێویستە لە ژێر چاودێرییەکی وردی راهێنەر یاری بکات.
ئەو راهێنەرە ئاماژەی بەوەش کرد کە خوازیارانی لەشجوانی دەبێت خۆراک و خەوێکی گونجاویان هەبێت و هەموو ژەمەکانی بە شێوازێکی رێک و گونجاو بەکاربهێنێت دوورکەوێتەوە لە خواردنە خێراکان و شرینەمەنیەکان و ئەو خواردنانەی کە رێژەی چەوریان بەرزە پێویستە بە دوور بێت لێیان.

*ئایا پرۆتینی تا چ رادەیەک باشە و تەندروستە؟
“پرۆتین بەکارهێنانی زیانێکی وای نیە کە خەڵک لێی تێگەیشتون چونکە زۆرجار پرۆتین بۆ منداڵانیش بەکاردێت بە تایبەت ئەو منداڵانەی کەوا ئێسکیان لاوازە یا هەر کەسێک کە ماسولکەی لاواز بێت ، پرۆتین لە زۆربەی خواردنە شیرەمەنیەکان و میوەکان هەیە وەک مۆز هەروەها لە گۆشت و سینگی مریشکیشدا بونی هەیە، چونکە تۆ ناتوانیت لە یەک ژەمدا هەموو پرۆتینێک وەرگری بۆیە پرۆتین بە شێوەی پاودەر دروستکراوە زیاتر لە 18 جۆر پرۆتین لە خۆ دەگرێت بە یێک سکوپ دەتوانيت 20 جۆری پرۆتین لە یێک کاتدا وەرگریت ، بەو شێوەیەش هەموو پێداویستیەکانی ماسولکە پردەکاتەوە بە گشتی پرۆتین هیچ زیانێکی نییە و ئەو کەسانەش کە رۆژانە پرۆتین بەکاردەهێنن پێویستە برێکی زۆری ئاو بخۆنەوە چونکە پرۆتین فشار لسەر گەدە دروستدەکات پێویستی بە برێکی زۆری ئاو هەیە بە پێچەوانەشەوە نابێت زیادەرۆیی لە بەکارهێنانی پرۆتیندا بکرێت ئەگەر لە ژێر چاودێری پزیشک و راهێنەر ئەو پرۆتینە بەکارنەهێنرێت ئەوا زیانێکی زۆری بۆ جەستە دەبێت.

*لە کۆتاییدا چ پەیامێکت هەیە؟
“هیوادارم خەڵک زیاتر روو لە هۆڵە وەرزشیەکان بکەن بۆ ئەوەی ببنە خاوەن تەندروستیەکی باش جەستەیەکی بەهێز و دوورکەونەوە لە خواردنە ناتەندروستەکان و ئەو خواردنانەی کە رێژەیچەوریان بەرزە چونکە وەرزش کردن مرۆڤ جگە لەوە دەتکاتە خاوەن تەندروستیەکی باش و جەستەیەکی جوانت پێدەبەشێت لەگەڵ ئەوەش دەبیتە خاوەن کەسێکی باوەر بەخۆبون و کەسێکی خاوەن ئیرادەی بهێز.