یونس حەمەد – ئۆسلۆ
کۆنگرەی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان که له شاری هەولێر به تایبەت له هۆڵی زەرد بەڕێوەچوو، بە بڕیارێکی مێژوویی وگرنگ هەڵوەستەی لەسەر گەڕانەوەی تەرمی باوکی ڕۆحی نەتەوەیی کورد بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە له یاد کرد. شاری شنۆ ئەو وێستگەیە بوو که جێگای ناشتنی بە ئەمانەتی هەردوو نەمران بوو، چونکه ئەو کاتانەی ئەو دوو کەسایەتییە مەزنه له مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد کۆچیان کرد، بارزان و کوردستان لەژێر داگیرکاری ڕژێمی ئەوسای بەغدا بوو، بەڵام هەرکە بارزان لانەی شێران و باشووری کوردستان خۆری ئازادییان بەخۆوە بینی ئەوە تەرمی نەمران گەیشتنەوە جێگای باب و باپیران و شوێنی بڵێسەکانی شۆڕش و کوردایەتی.

6ی ئۆکتۆبەری ساڵی 1993 ئەو ڕۆژەیه بوو که کورد به هۆی “بارزانی”یەوە بوونە یەکدەنگ و یەک هەڵوێست، له شاری شنۆی ڕۆژهەڵات تا پێنجوێن و سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی کوردستان و له نێوانیاندا هەولێری پایتەخت تا دوا ئارامگای بارزان ئەوە جەماوەر ڕژانه سەرشەقام بۆ دیدەنی دواجاری تەرمی ئەو دوو کەسایەتییە پڕ شکۆیە بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم ساخ. ئەم ڕۆژه به سانایی لەبەر چاوان هەرگیز ون نابێت، چونکه هەموو چین و توێژێکی نێو کۆمەڵگای کوردەواری لەم ڕۆژە مێژووییەدا ڕۆڵیان هەبوو، هەر هەموو یەک دەنگ بوون بۆ بارزانی، چونکه دەیانزانی بارزانی موڵکی کوردە به هەموو بیر و بۆچوون و جۆرەکانییەوە، بۆیە پیر و لاو و ئافرەت، هەتاوەکو منداڵ له پێشوازی تەرمەکەدا بوون. خەباتی گەلی کوردستان پەیوەستە به بارزانی، بەسەلماندنی بوونی بارزانی کورد وەک گەلێکی زیندوو و کوردستانیش وەک خاکی ڕەسەنی کوردان ئەوە خەبات له پێناو ئازادی و ڕزگاری بەردەوامییان هەبوو. شۆڕشەکانی بارزان نازناوێک بوو بۆ سەرەتایەکی پڕشنگدار له مێژووی خەباتی کوردستاندا، دامەزراندنی کۆماری کوردستان که بارزانیی نەمر ڕۆڵی سەرەکی و گرینگی بینی لە پاراستنیدا ئەمەش وەچەرخانێکی ئاست بەرزبوو بۆ داوای ڕەوای گەلی کوردستان له ڕۆژهەڵاتی وڵاتەوە، ئەیلولی مەزن کوردستانی کردە یەک بەش، له هەرچوار پارچەوە کورد هیوای بۆ زیندوو بووەوە، ئەمەش حیکمەتی بارزانیی نەمر بوو، به هۆکاری ئەوەی بارزانی و پێشمەرگەی کوردستان بەڵێنییان دابوو کورد دەبێت بگاتە ئامانج. کوردستان بۆ کورد ئامانجێکە بۆ ڕزگاریی خاك، ئەمەش به کردەوە سەلمێندراوە که بارزانی خاوەن ئەم ئازادی و ڕزگارییەیه، وەک چۆن له سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانی بووە پێشەنگ بۆ یەکڕیزی و دادپەروەری، له دوای ئەمیشدا بارزانی بەردەوام بوون له تێکۆشان و بەرخودان. سۆز وهەستی کورد بۆ بارزانی له خۆڕا بەرجەستە نەبووە، بەڵکو مێژوو ئەو ناسنامەیەی لەلایەن گەلەوە داوەتە بارزانی، بۆیە هەر کات بارزانی بڕیار دەدات کورد یەکڕیز دەبێت بۆ ئامانج و ئاکامی کوردایەتی.

ئەگەرچی وەک هەرگەلێکی دیکەی سەر ئەم زەوییە کوردیش زۆر هەوراز و نشێوی بەخۆوە بینوە، زۆرجاران مخابن نشێوەکان دەستی کوردی تێدا بووە، هەروەها هەوڵدراوە ناپاکی لەپرسی کورددا بکرێت، بەڵام بارزانی هەمیشە ملکەچ نەبووە بۆهیچ هەڕەشە و گوڕەشەیەک، ئەمەش بۆتە کارێکی ئەرێنی له خەباتی کوردایەتی که بارزانی بەشی شێری بەردەکەوێت یان له بنەڕەتدا خاوەن ئەم خەباتەیه. هێنانەوەی تەرمی نەمران له 6 /10/1993 نەوەک بۆ کورد، بەڵکو بۆ تەواوی مرۆڤایەتی ڕۆژێکی مێژوویی بوو، لەم ڕۆژەدا کورد به یەکدەنگییان ماتەمیان دووبارە کردەوە، ئەگەرچی زیاتر له چواردە ساڵ تێپەڕیبوو بەسەر کۆچیان، بەڵام هەست و سۆزی کورد هەمیشە لەگەڵ ئازارەکانی ئەم دوو سەرکردە مێژووییە بووه. سڵاوی وەفاداری له گیانی پاکی باوک و سەرکردەی مەزن مستەفا بارزانیی نەمر، سڵاو له گیانی پاکی ئەندازیاری یەکبوونی کورد کاکه ئیدریسی هەردەم له یاد، ئەم خەباتەی که ئێوە دەستان بۆ درێژکرد، دڵنیابن ئێستاش له دەستێکی پاك وبێگەرد دایه که ئێستا سەرۆک مەسعود بارزانی ڕابەرایەتی دەکات.