وەزارەتی ناوخۆ داوا لە هەموو ئەو بیانیانە دەكات كە بە ڕێگای قاچاخ هاتونەتە هەرێمی كوردستان و نشینگەیان نیە، بەپەلە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی نشینگەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بكەن بۆ دەستپێكردنی مامەڵەی دەرچوون و گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
بەپێی نووسراوی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ، لەسەر بنەمای مادەی 12 و خاڵی 30ی پاشكۆی ڕێنوێنی پێدانی ڤیزای ئەلیكترۆنی و نیشینگەی هەرێمی كوردستان ژمارە یەكی ساڵی 2021 هەمواركراو، لەبەرانبەر وەرگرتنی مۆری دەرچوون، وەزارەتی ناوخۆ تەنیا پێبژاردن بە بڕی 500 هەزار دینار دەسەپێنێ بە بێ ڕەچاوكردنی ماوەی مانەوەی نایاسایی.
وەك لە راگەیەنراوی وەزارەتی ناوخۆ هاتووە، ئەم هەنگاوە هاوكاری ئەو بیانیانە دەكات كە چەندان ساڵە بە ڕێگای قاچاخ هاتوون و بە نایاسایی لە هەرێمی كوردستانن و سزایەكی دارایی گەورەیان كەوتۆتە سەر بە هۆی مانەوەیان بێ نشینگەی فەرمی.