کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان؛ سەرکەوتنی ئیرادەی نیشتمانپەروەران بوو

3

کاروان محەمەد سینۆ
لە مێژووی پڕ لە سەروەری و بەرخودانی گەلی کوردستاندا، هەندێک ڕووداو دەبنە خاڵی وەرچەرخانی ڕیشەیی و وەک وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە لە یادەوەریی نەتەوەیەکدا دەمێننەوە.
دوێنێ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ڕۆژێکی مێژوویی و پڕ شانازی بۆ پرۆسەی دیموکراسی و سەروەریی یاسا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرا. لەم وادە حتمییەدا، پەرلەمانی کوردستان، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ لە پەککەوتن و چەقبەستووییەکی سیاسی کە بەهۆی بڕیاری سیاسیی هەندێک لایەنەوە بەسەر ئەم دامەزراوە شەرعییەدا سەپێنرابوو، بە ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتارانی نیشتمانپەروەر و لە پرۆسەیەکی شەفاف و دیموکراتیدا، پەرلەمانی کوردستان کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە گرنگە، لەگەڵ ئەوەی کۆتاییهاتن بوو بە بۆشاییەکی یاسایی چەقبەستوو، هەروەها سه‌رکه‌وتنی ئیرادەی پۆڵایینی گەل و نیشتیمانپەروەران و سەلماندنی ئەو ڕاستییە بوو کە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە سەرووی هەموو ململانێیەکەوەیە و هەمیشە ئیرادەی نیشتمانپەروەران سەرکەوتوو دەبێت.
لە مێژووی سیاسی هەرێمی کوردستاندا، ڕۆژی چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، وەک وادەیەکی یەکلاکەرەوە، مێژوویی و وەرچەرخانێکی ڕیشەیی تۆمار کرا. لەم ڕۆژەدا، پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی زۆرینەی پەرلەمانتاران و لە پرۆسەیەکی یاسایی، شەفاف و دیموکراتیدا، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ لە پەککەوتن، کاراکرایەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی خۆی هەڵبژارد. ئەم هەنگاوە، هەرچەندە وەک داواکارییەکی جەماوەری و نیشتمانی هەنگاوێکی دواوەکەوتووبوو، بەڵام بژاردەیەکی حەتمی و زۆر پێویست بوو لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاسایی و تەشریعی و مەرترسییەکانی کە نەیارانی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان (لە پەنای هەندێک کەس و لایەن) هیوای نەزۆکی خۆیان لەسەری هەڵچنی بوو
کۆتاهاتن بەو بۆشاییە یاساییەی بەهۆی بڕیاری سیاسییەوە دروست ببوو
بەداخەوە، بۆ ماوەی دوو ساڵی تەواو، بەهۆی بڕیاری سیاسی و پەکخستنی لەلایەن سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نەوەی نوێوە، ئەم دامەزراوە شەرعییەی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی دەنگ و ئیرادەی سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکات، تووشی ئیفلیجی و چەقبەستووییەکی سیاسیی مەترسیدار ببوو. ئەم دۆخە نادەستوورییە بۆشاییەکی گەورەی لە پرۆسەی یاسادانان و چاودێریکردنی حکوومەتدا دروست کردبوو.
بەڵام لە دانیشتنی دوێنێ چوارشەممە، زۆرینەی پەرلەمانتارە نیشتیمانپەروەرکانی فراکسیۆنە جیاوازەکان و پەرلەمانتارانی سەربەخۆی نیشتیمانپەروە، بە هەستکردنی قووڵ بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک و پابەندبوونی ڕەها بە سوێندی یاساییەوە، پرۆسە دیموکراسییەکەیان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشاییە یاساییە و خۆسەپاندنی کەمینەیەکی سیاسی هێنا. لەم دانیشتنەدا کە بە ئامادەبوونی 52 ئەندام پەرلەمان لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، نیسابی یاسایی تەواو کرا و پەرلەمان دەست بە کارەکانی کردەوە.
پرۆسەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە کۆی دەنگ
لە پرۆسەیەکی دیموکراتی و لەسەر بنەمای پەیڕەوی ناوخۆ، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری و کۆی دەنگی پەرلەمانتارانی ئامادەبوو (52 دەنگ) هەڵبژێرران:
یەکەم: د. ڤالا فەرید (سەرۆکی پەرلەمان) بە کۆی دەنگی 52 پەرلەمانتاری ئامادەبوو هەڵبژێردرا. ناوبراو لەدایکبووی شاری هەولێرە ساڵی 1976 و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای گشتییدا. لەسەر ئاستی زانکۆی سەلاحەدین یەکەم بووە، پێشتر مامۆستای زانکۆ، ئەندام و سەرۆکی لێژنەی کاروباری یاسایی بووە لە خولی چوارەمی پەرلەماندا، هەروەها خاوەنی چەندین توێژینەوەی زانستی و بەشداریی کارا بووە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.
دووەم: رامی نووری عودیش دانیال / ناسراو بە سیاوش (جێگری سەرۆکی پەرلەمان : بە کۆی دەنگی 52 پەرلەمانتار هەڵبژێردرا. لەدایکبووی ساڵی 1985ی بەغدا و دانیشتووی عەنکاوەیە. پێشتر پۆستەکانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی عەنکاوەی بەڕێوەبردووە، پارێزەری ڕاوێژکار، نووسەر و چالاکوانی مەدەنی بووە و زمانەکانی سریانی، کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەزانیت.
سێیەم: مونا نەبی نادر عەبدوڵڵا / مونا قەهوەچی (سکرتێری پەرلەمان) بە کۆی دەنگی 52 ئەندام هەڵبژێردرا. لەدایکبووی هەولێرە لە ساڵی 1978، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا. خاوەنی مێژوویەکی دیارە لە کاری سیاسی و ڕێکخراوەیی تورکمانەکاندا و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بووە، پێشتر مامۆستا و پارێزەر بووە و لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستاندا ئەندام، سەرۆکی فراکسیۆن و سکرتێری پەرلەمان بووە.
شایانی باسە فراکسیۆنی پارتی و لایەنە بەشداربووەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم دەستەیەی هەڵبژێردراوە «کاتی نییە»، بەڵکو دەستەیەکی هەمیشەیییە و بەپێی یاسا و پەیڕەو کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات.
توندوتیژی و گوشارە سیاسییەکان؛ ئاماژەی نا نیشتیمانین
سەرەڕای سەرکەوتنی پرۆسەکە، بەداخەوە ئاماژەی مەترسیدار و ڕەفتاری توند لە دژی پەرلەمانتاران تۆمار کران کە نیشانەی عەقڵیەتێکی دوور لە دیموکراسین. سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، ئاشکرای کرد کە درەنگانی شەوی پێش دانیشتنەکە (شەوی شێشەمەی ڕابردوو)، لە شاری سلێمانی هێزێکی چەکداری دەمامکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی براکەی و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردووە. پێش ئەوەی مۆبایلەکەی براکەی زەوت بکرێت، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندووە کە ژیانی لە مەترسیدایە و هەڕەشەی لێ کراوە کە نابێت بەشداری لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا بکات.
سارا موحسین لە پەیامێکی تونددا جەختی کردەوە کە ئەو گوشار و هەڕەشە دەروونی و سیاسییانە ئامانج لێیان دەستێوەردانە لە بڕیاری ئازاد، و هۆشداری دا کە ئەگەر یەک تاڵە مووی سەری براکەی ئازاری پێ بگات، بێدەنگ نابێت و دادگای عێراق و جیهان دەگرێتە بەر. ناوبراو ئەو لایەنەی لە سلێمانی بە «حیزبێکی بەناو مۆدێرنی دیموکراسی» ناوزەد کرد و ڕەتی کردەوە کە ملکەچی هیچ پروژه و حیزبێک بێت، چونکە ئەو نوێنەری گەلەی کوردستانە.
لە بەرامبەر ئەم ڕەفتارەدا، ڕەحمان غەریب، ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە ڕۆژنامەنووسان، لە پەیامێکدا هەڵکوتانە سەرماڵی هاووڵاتییان و هەڕەشەکردن لە کەسوکاری پەرلەمانتاران بەبێ فەرمانی دادگا بە توندی شەرمەزار کرد و پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا دەکرێت ئەم پێشێلکارییە گەورەیە بە ناوی ململانێی سیاسییەوە پشتگوێ بخرێت؟.
هەڵوێستی فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران؛ نیشتمانپەروەری لە سەرووی هەموو شتێکەوە
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانی و لێدوانەکاندا، پەرلەمانتارانی بەشداربووی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان جەختیان لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کردەوە:
– نەسرەت سۆفی (فراکسیۆنی پارتی): ڕایگەیاند کە چاوەڕوانی بۆ ماوەی دوو ساڵ گونجاو نەبوو، و پەرلەمان موڵکی هیچ لایەنێکی دیاریکراو نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکی نیشتمانییە بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و دەبوایە کارابکرێت.
– بەختیار بێسەری (فراکسیۆنی پارتی): ئاماژەی بەوە دا کە 97 پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردووە و فراکسیۆنەکان پەرۆشی هەرێمن، بۆیە نیسابی یاسایی بە سەرکەوتوویی تەواو کرا.
– هەردی سەڵاح (پەرلەمانتاری سەربەخۆ): جەختی کردەوە کە پەکخستنی پەرلەمان مەترسییەکی گەورە بوو بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی لەو دانیشتنەدا لەسەر بنەمای سوێندی یاسایی و ئەرکی نیشتمانی بووە. ناوبراو هۆشداری دا که ناکۆکییە ناوخۆییەکان بەهانە دەدەنە دەست بەغدا بۆ بڕیاردانی یەکلایانە لەسەر چارەنووسی کوردستان، و داوای کرد دەستووری هەرێم بنووسرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر هەوڵێکی داهاتوو بۆ پەکخستنی پەرلەمان بکرێت.
– مونا قەهوەچی (سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی چاکسازی تورکمان): داوای لە سەرجەم پەرلەمانتاران کرد کە ئامادەی هۆڵی پەرلەمان بن بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بگاتە ئەو ئامانجەی کە دەنگیان بۆ داوە.
– کەژان کەریم (پەرلەمانتاری کوردستان): ڕایگەیاند کە دەرگا لەبەردەم لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی کراوەیە و پارتی هەمیشە پرسە نیشتمانییەکانی لەپێش حزبیبوونەوە داناوە.
– هەڵگورد شێخ نەجیب (پەرلەمانتاری کوردستان): جەختی کردەوە کە «خەڵک ئەو بەرگەیگرتنەی نەماوە» و ئەگەر باسی دیموکراسی دەکرێت، دەبێت نیساب تەواو بکرێت و پەرلەمان کارا بێت.
– ئاڵا بەرزنجی (پەرلەمانتاری بەرەی گەل): ڕایگەیاند که بەشداریکردن لە دانیشتنەکەدا ئەرکێکی نیشتمانییە و ئەو نوێنەرایەتیی دەنگی شەهیدانی کوردستان دەکات.
– شڤان سەعید (پەرلەمانتار): لە لای خۆیەوە ڕەخنەی لە دۆخی قەیرانەکان گرت و جەختی لە پێویستیی دەربازبوون لەو چەقبەستووییە کردەوە.
هەنگاوەکانی داهاتوو
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پیرۆزبایی لە سەرجەم خەڵکی کوردستان کرد و ڕایگەیاند کە کاراکردنەوەی پەرلەمان دژی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکو سەکۆی یەکگرتن و خزمەتکردنی تەواوی پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانە.
فراکسیۆنی پارتی بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان کرد کە بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە بەرامبەر دەنگدەرانیان بەجێبگەیەنن؛ هاوکات، ئاشکرای کرد کە لە ئێستاوە دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکان دەکەن بۆ هەردوو پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی ماددە و بڕگە یاساییە بەرکارەکان. ئەمەش قۆناغێکی نوێی کارکردنە کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان دەستپێدەکریت.
پەیامی کۆتایی
دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان هەنگاوێکی درەنگوەخت بوو بەڵام زۆر پێویست بوو لەپێناو پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان. لە پڕۆسەیەکی نیشتیمانی دیموکراسیدا زۆرینەی پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکان، بە هەستکردنیان بەرامبەر بە ئەرکی نیشتمانیان و ڕێزگرتن لە دەنگی خەڵک و پابەندییان بە سوێندی یاسایی، پرۆسەی دیموکراسییان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشاییە یاساییە و خۆسەپاندنی کەمینەیەکی سیاسی هێنا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هەڕەشەی زۆر لە هەندێ پەرلەمانتار و کەسوکاریان کراوە، کە ئەمە ئاماژەیەکی کاڵفامیی بەرانبەر بە دیموکراسی و ئیرادەی خەڵک و دەربڕی عەقڵیەتێکە کە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنی بوارەکانی ژیانی کۆمەڵگای کوردستان ناکات، بەڵکو بە پێچەوانە خزمەتی ئەجندای گومانلێکراو دەکات. پێویستە ڕێز لە ویست و ئیرادەی خەڵک و پرۆسەی دیموکراسی بگیرێت، چونکە پەرلەمانی کوردستان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستانی سیاسی و یاسایی و فاکتەری یەکڕیزی و یەکگرتنی ناوخۆی کوردستانە. کارابوونەوەی پەرلەمان دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ هەموو لایەک، بۆیە دوابەدوای کاراکردنەوەی، پێویستە هەموو پەرلەمانتاران بڕیاری ئەرێنی بدەن و بەشداربن لە پاراستنی شەرعیەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش لە بەرەوپێشبردنی هەرێم لەم قۆناغە هەستیارەدا و لێکنزیککردنەوەی هەموو بۆچوونەکان بۆ خزمەتی خەڵک و ئایندەی کوردستان.