سهرهتا وتار کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، لە شکاندنی بنبەستی سیاسییەوە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی دامەزراوەیی
هەورامان عەلی تۆفیق
دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ڕاوەستانی کاری پەرلەمانی کوردستان و بەردەوامبوونی بنبەستە سیاسییەکان، دوێنێ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە نرا، دابینکردنی نیسابی یاسایی بۆ دانیشتنی پەرلەمان، بە هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشداریی پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکە ئەم چەق بەستووییە سیاسییە کۆتایی هات، گرنگیی ئەم هەنگاوە لە سنووری کۆکردنەوەی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران تێدەپەڕێت و پرسی داهاتووی دامەزراوەکان، هاوسەنگیی هێز و توانای سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە ناوخۆییەکانی نیشانی هەموو لایەک دەدات. لە مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، پەرلەمان هەمیشە یەکێک بووە لە بنەما سەرەکییەکانی ڕەواییی سیاسی و دامەزراوەیی، ئەم دامەزراوەیە، جگە لە ئەرکی یاسادانان و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن، ڕەنگدانەوەی فرەیی سیاسی و نوێنەرایەتیی ئیرادەی دەنگدەرانە، بۆیە ڕاوەستانی کاری پەرلەمان بۆ ماوەیەکی درێژ، هەرچەندە لە ئەنجامی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە سەری هەڵدابێت، کاریگەرییەکانی لەسەر تەواوی پرۆسەی حکوومڕانی دەردەکەوون، کاتێک دامەزراوەی یاسادانان ناتوانێت ئەرکەکانی جێبەجێ بکات، کەلێنێک لە نێوان داواکارییەکانی کۆمەڵگا و توانای سیستەمی سیاسی بۆ وەڵامدانەوەیان دروست دەبێت.
لەو ڕوانگەیەوە، ئهم هەنگاوه دەکرێت وەک دەرفەتێک بۆ شکاندنی ئەو بازنەیە هەڵبسەنگێنرێت کە ناکۆکییە حزبییەکان تێیدا بووبوونە بەربەستێک لە بەردەم کارکردنی دامەزراوەکان، ئەوەی لەم ڕووداوەدا گرنگە، ئەو ڕاستییەیە کە پەرلەمان نابێت بەردەوام چاوەڕوانی ڕێککەوتنێکی گشتی لەسەر هەموو پرسە سیاسییەکان بمێنێتەوە، لە سیستەمێکی پەرلەمانیدا، جیاوازیی بۆچوون و بەرژەوەندیی حزبەکان شتێکی ئاساییە، بەڵام بوونی ئەو جیاوازییانە نابێت ببێتە هۆی پەکخستنی دامەزراوەیەک بەرپرسیارێتییەکانی لە ئاستی بەرژەوەندیی گشتیی کۆمەڵگادان.
لە ڕووی هاوسەنگیی هێزەوە، توانای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی نیسابی یاسایی، گۆڕانێکی جێی سەرنج لە جووڵەی سیاسیی ئەم قۆناغەدا نیشان دەدات، پارتی، وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان، هەوڵی داوە لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ پەرلەمانتارانی لایەنەکانی دیکەوە، بنبەستەکە تێبپەڕێنێت، ئەم هەنگاوە نیشانی دەدات پەیوەندییە سیاسییەکان لە ناو پەرلەماندا دەتوانن لە چوارچێوەی دابەشبوونی نەریتیی نێوان دوو هێزی سەرەکیی هەرێم فراوانتر بن و بەپێی بارودۆخ و پرسە سیاسییەکان، هاوکاریی نوێ پێکبهێنن.
بەڵام لێرەدا پێویستە جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان زۆرینەی پەرلەمانی بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتن و زۆرینەی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی حکوومەتدا بکەین، دابینکردنی نیساب دەتوانێت دەروازەی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان بکاتەوە، بەڵام بەردەوامیی پرۆسەکە پێویستی بە ڕێککەوتن، پابەندبوونی سیاسی و توانای بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان هەیە، هەر زۆرینەیەک کە بۆ شکاندنی بنبەستێکی کاتی پێکدێت، ئەگەر نەبێتە بنەمای هاوکارییەکی بەردەوام، لەوانەیە لە قۆناغەکانی دواتردا ڕووبەڕووی بەربەستی نوێ ببێتەوە.
لە هەمان کاتدا، ئەم هەنگاوە نابێت ببێتە سەرەتای قووڵبوونەوەی دابەشبوونی سیاسی، یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشێکی گرنگن لە پێکهاتەی سیاسی و پەرلەمانی هەرێم، و بەشداریی چالاکیان لە پرۆسەی دامەزراوەییدا دەتوانێت یارمەتیی بەهێزکردنی ڕەوایی و متمانەی گشتی بدات، دیموکراسی بە بوونی زۆرینە بە تەنیا تەواو نابێت، پێویستی بە پاراستنی مافەکانی کەمینە، ڕێزگرتن لە جیاوازیی بۆچوون و بوونی میکانیزمی ڕوونی بڕیاردان هەیە، لەم پێناوەدا، بەرپرسیارێتیی زۆرینە ئەوەیە دەرفەتی بەشداری بۆ هەموو لایەنەکان بپارێزێت، و لە بەرامبەردا، هەر لایەنێکی سیاسی مافی خۆیەتی ڕەخنە بگرێت و هەڵوێستی جیاوازی هەبێت، لە چوارچێوەی یاسا و ڕێکارە دامەزراوەییەکاندا.
گرنگیی کاراکردنەوەی پەرلەمان لە ئاستی ناوخۆیی تەنیا بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتەوە سنووردار نابێت، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پرس و ئاستەنگیی بنەڕەتییە کە چارەسەرکردنیان پێویستی بە دامەزراوەی کارا و سیستەمێکی بەرپرسیار هەیە، کێشەی مووچە و داهاتی گشتی، چاکسازیی ئابووری، بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، چارەسەرکردنی کێشەکانی خزمەتگوزاری و بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت، هەموویان لەو بابەتانەن پەرلەمان دەتوانێت لە ڕێگەی یاسادانان و چاودێرییەوە ڕۆڵێکی کاریگەریان تێدا ببینێت، هاووڵاتییان چاوەڕوانی ئەوەن کێبڕکێی سیاسی لەسەر دەسەڵات، شوێنی خۆی بدات بە کێبڕکێ لەسەر بەرنامە و توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی ژیانیان.
لە ئاستی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداشدا، بوونی پەرلەمانێکی کارا گرنگیی تایبەتی هەیە، پرسەکانی بودجە، مووچە، نەوت و گاز، دەسەڵاتە دەستوورییەکان و جێبەجێکردنی پابەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ، پێویستیان بە هەڵوێستی ڕوون و سیاسەتێکی دامەزراوەیی هەیە، ئەگەر هێزە سیاسییەکانی کوردستان بتوانن جیاوازییە ناوخۆییەکانیان لە چوارچێوەی دامەزراوەکاندا بەڕێوە ببەن، دەکرێت هەڵوێستێکی هاوئاهەنگتر لە بەرامبەر بەغدا پێکبهێنن، ئەمەش دەتوانێت توانای هەرێم بۆ گفتوگۆ و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی بەهێزتر بکات. لە ڕوانگەیەکی فراوانتری ستراتیژییەوە، بەهێزیی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە بەهێزیی دامەزراوەکانیەوە هەیە، لە ژینگەیەکی هەرێمایەتیدا گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکان بە خێرایی ڕوودەدەن، سیستەمێکی سیاسیی کارا و خاوەن بڕیاری دامەزراوەیی دەتوانێت بە شێوەیەکی باشتر مامەڵە لەگەڵ هەڕەشە و دەرفەتەکان بکات، بە پێچەوانەوە، بەردەوامبوونی بنبەست و ڕاوەستانی دامەزراوەکان دەتوانێت توانای ناوخۆیی هەرێم لاواز بکات و کاریگەریی لەسەر پێگەی سیاسی و پەیوەندییە دەرەکییەکانی دابنێت.
لەبەر ئەوە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان تەنیا بە پاراستنی سنوور و دەسەڵاتە دەستوورییەکان بەدی نایەت، پێویستە ناوەڕۆکی ئەو قەوارەیەش لە ڕێگەی دامەزراوەی کارا، سەروەری یاسا و حکوومڕانیی بەرپرسیارەوە بەهێز بکرێت، ئەزموونی سیاسیی کوردستان لە قۆناغە جیاوازەکاندا نیشانی داوە هەر کاتێک ناکۆکییە ناوخۆییەکان لە ئاستی دامەزراوەییدا چارەسەر کرابن، دەرفەتی زیاتر بۆ هاوئاهەنگیی سیاسی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگە دەرەکییەکان ڕەخساوە.
خاڵێکی دیکە نابێت لەبەرچاو ون بێت، پرسی متمانەی هاووڵاتییانە بە دامەزراوە سیاسییەکان، درێژبوونەوەی ماوەی ڕاوەستانی پەرلەمان، لە کاتێکدا کۆمەڵگا ڕووبەڕووی گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە، دەتوانێت هەستی دوورکەوتنەوە لە پرۆسەی سیاسی بەهێز بکات، بۆیە کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتێکە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو متمانەیە، بەڵام ئەم متمانەیە بە دانیشتنێک یان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بە تەنیا ناگەڕێتەوە، هاووڵاتییان پێویستیان بە بینینی ئەنجامی دیاریکراو هەیە، یاسای پێویست، چاودێریی ڕاستەقینە، لێپرسینەوە لە بەرپرسان و بڕیاری کاریگەر لەسەر پرسەکانی ژیانی ڕۆژانەیان.
لە کۆتاییدا، ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمانی کوردستاندا ڕوویدا، دەکرێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمدا، هەوڵی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کۆکردنەوەی نیسابی یاسایی و دەستپێکردنەوەی کاری پەرلەمان، هەنگاوێکە دەتوانێت ڕێگا بۆ تێپەڕاندنی بەربەستێکی دامەزراوەیی بکاتەوە.
ئەگەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ببێتە دەستپێکی کۆتاییهێنان بەو دۆخەی ناکۆکییە سیاسییەکان دەبنە هۆی ڕاوەستانی کاری دامەزراوەکان، ئەوا گرنگیی ئەم هەنگاوە لە چارەسەرکردنی قەیرانێکی کاتی زیاتر دەبێت و دەتوانێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا، چونکە داهاتووی هەرێم پەیوەستە بەوەی هێزە سیاسییەکان تا چەند دەتوانن، سەرەڕای جیاوازی و ناکۆکییەکانیان، لە چوارچێوەی یاسا و دامەزراوەکاندا پێکەوە کار بکەن و بەرژەوەندیی گشتی و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان لە پێش ململانێی حزبی دابنێن.