فەرەیدوون سامان
دوای هەڵایسانی ئەم شۆڕشی زانیاری و سۆشیالمیدیایە، تاک و تەرا نەبێت کەمترین زانیاری لەسەر ژیان و گوزەران و مێژووی کۆچبەری و جوگرافیای شار و گوندەکانیان نەبوو، بۆ یەکەمجار دوای کۆچڕەوەکەی بەهاری١٩٩١، لەسەر سنووری باشووری کوردستان لە حاجی ئۆمەران- ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەمەرچین، سەربازێکی کوردی خۆراسانم ناسی، لەسەر و سیماو دەنگ و ڕەنگ و ئاخاوتنیدا زوو هەستم کرد وەکو ئێمە هاووڵاتییەکی کوردە و بۆ خزمەتی سەربازی وەزیفە لە قۆچانەوە بەرەو ئەو سنوورە نەفرینەی ڕاکێشاوە، کە هێمنی شاعیر دەیگوت:
ئەی ئەو کەسەی دەتپەرستم و لێم ونی
تۆ خودانی خۆشەویستی منی
لە ئاسمان نی تا وێت ڕانەگا دەستم
لە ئاسمان نی تا کاڵای ئاسنت بۆ هەڵبەستم
ئەی ئەو کەسەی تۆی لە من کرد، من لە تۆ دوور
ئەو بستۆکەی دژمن ناوی نا سنوور..
کوردانی خوراسان، وڵاتەکەیان بە کوردخانە ناسراوە، نیشتمانێکیان هەیە، بەڵام لە تاراوگە، دوور لە زێدی دایک، ئاوارە بووم لە کوچەو کۆڵانەکانی تاران لە مەیدانی ئینقلاب لە خیابانی شوهەدای ژاندرمری دەگەڕام، لە یەکێک لە کتێبفرۆشەکان چاوم بە کتێبێک کەوت لەسەر بەرگەکەی نووسرا بوو (هجرت تاریخی کرد بە خراسان- کلیموللای توحودی)، بە کوردییەکەی واتە کۆچی مێژوویی کورد بۆ خۆراسان- نووسەرەکەی کەلیموللای تەوەحودی.
هەر چەند ئەوسا زمانە فارسییەکەم سەد لەسەد باش نەبوو، بەڵام سەبارەت بە زانیارییەکانی ناو کتێبەکە لەبارەی زمان و کەلتوور و کەلەپووری میللی و ئەدەبیاتی زارەکی و هونەرەکانی گۆرانی و مۆسیقاو هەڵپەرکێی و تەنانەت کاری چاندن و کشتوکاڵی و درووستکردنی بەرەو جاجم و لباد و کەرەستە فۆلکلۆرییەکانیان، تا دەگات بە مێژوو و جوگرافیای شارو شارۆچکەو گونەکانیان، زۆر چێژم لە خوێندنەوەی کتێبەکە وەرگرت، هەردەم پرسیارێک لە هزرو هەستمدا گینگل دەدات ئایا کوردەکانی خۆراسان لەبیرکراون؟
تا ڕادەیەکی زۆر لەوانەیە دوور بن لە سەرنجی زۆرێک لە ئێمەمانان، بەڵام ئەوان بێ دەنگ و بێ میراتی فە رهەنگی نین. ئاماژەکان، چالاکییەکانیان لە بوارگەلی گرووپی هونەری و گۆرانی و مۆسیقا و هەڵپەرکێ، هەروەها خەباتی زمان و چاند و کەلتوور، چاپ و بڵاوکردنەوە، حەزکردنیان بە زمانی کوردی-زاری کرمانجی دەیسەڵمێنن. ئەم توێژینەوانە هەر بەتەنێ بەس نین بۆ حوکمدان لەسەر بارودۆخی ژیانی ئێستای کوردەکانی خۆراسان، ئەوەشیان وێڕای گەڕان و پشکنین و لێکۆڵینەوە لەسەرچاوە مێژووییە متمانەپێکراوەکان، پێویستی بە توێژینەوەیەکی مەیدانی مۆدێرن هەیە،
بۆیەش لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ٢٠٢٥ بە هەلمان زانی لە بەرنامەیەکی داڕێژراودا، سەردانێکی شارو گوندە کوردنشینەکانیان بکەین و بە دیداری چەند کەسایەتییەکی ناسراوی ئەوان بگەین، لەوانەش مێژوونووسی ناوداری کوردی خۆراسان کاک کەلیموللای تەوەحودی، کاک مەجید سپەهری، د.عەلی رەحمەتی، د.محەمەد عەلی سپاهی و هی تر
لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە فڕین بۆ فرۆکەخانی ئیمام خومێنی لە تاران، لەوێشەوە ڕاستەوخۆ تەکسییەکمان گرت بەرەو وێستگەی قیتاری مەشهەد، شەو بەڕێکەوتین و دوای ١٠ سەعات، ٨ی بەیانییەکەی گەیشتینە شاری مەشهەدی پایتەختی شیعەکانی ئێران. بۆ ماوەی چوار ڕۆژ و سێ شەو ماینەوە،
لەو سەردانەدا بۆ من گرنگی چیرۆکەکە لەوەدابوو کە بیرمان بخاتەوە کە مێژووی کورد فراوانترە لەو سەرچاوە مێژوویانەی کە بە هەڵە نووسراون و بە چەواشەیی بۆمان دەگێڕنەوە، بۆ ئەو ناوچانەی کە ڕۆژانە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانیان دەکەین، بۆیە بایەخدان بە کوردەکانی خۆراسان لە ناسینی ئەوانەوە دەست پێدەکات وەک خۆیان: کۆمەڵگەیەک کە مێژوو و ئەزموون و گۆڕانکارییەکانی هەیە، نەک تەنیا وێنەیەکی ڕۆمانسیکراوی «خوشک و برا لەبیرکراوەکانمان»، کوردەکانی خوراسان دوای چوارسەدە ئاوارەیی چۆن وەک کورد مانەوە؟
زۆر کەس ئاگاداری پێکهاتە کوردییەکانن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام نازانن کە کۆمەڵگەیەکی گەورەی کورد لە دووری باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، نزیک سنوورەکانی تورکمانستان و ئەفغانستان هەیە، هەڵبەت من لە ڕێگەی پەیوەندییەکانم لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی ئەکادیمی و رووناکبیری ئەو دەڤەرە پێداچوونەوەم بەو توێژینەوە بەردەستانە و ئاماژە ئەکادیمییەکان کرد، سەبارەت بەوانە، ئەمە وێنەیەکە کە مێژوو و زمان و شێوازی ژیانیان تێکەڵ بەو دەڤەرە دەکات، لە هەمانکاتدا جیاوازی دەکات لە نێوان زانیارییە بەڵگەدارەکان و ئەو خەمڵاندنانەی کە نابێت وەک ڕاستییەکی یەکلاکەرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
کوردەکانی خۆراسان چۆن دەژین و لە کوێ دەژین؟ بوونیان لە پارێزگاکانی خۆراسانی باکوور و خۆراسانی ڕەزەوی، وێڕای پتر لە دووهەزار گوندی کورمانجی ئاخێوەر، نزیکەی هەزار گوندێکیش بە تەوای ئاسمیلەبوونە زمان و ناسنامەی کوردبوونی خۆیان لەدەستداوە، هەروەها لە شارە گەورەکانی وەک(بۆجنوورد، قوچان، شیروان، دەرگێز، و ئەسفرایەن) چڕبووەتەوە. خۆراسان ناوچەیەکی فرە نەتەوەیی و فرە زمانە؛ کورد لەوێ شانبەشانی فارس و تورک (بە بنەچە مەغۆل) و تورکمان و تات و ئەوانی دیکە دەژین. بۆیە کاتێک باس لە کوردی خۆراسان دەکەین، مەبەستمان ئەوە نییە کە هەرێمی خۆراسان گشتی کورد بن. بەڵام ئەوان چۆن گەیشتنە ئەوێ؟
لە گێڕانەوەی باودا هاتووە کە شا عەباسی سەفەوی دوای شەڕی چاڵدێران ئەوانی گواستووەتەوە بۆ خوراسان. ئەمە لە بنەڕەتدا ڕاستە، بەڵام پرۆسەیەکی درێژتر و ئاڵۆزتر کورت دەکاتەوە. ڕاستییەکەی گواستنەوەی گروپە کوردییەکان بۆ ناوچەکە پێش شا عەباس، لە سەرەتای سەردەمی دەسەڵاتی سەفەویدا دەستی پێکرد و دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەودا، بەتایبەت لە دەوروبەری سەدەی ١٧دا فراوانتر و ڕێکخراوتر بوو. ئەم سیاسەتانە بریتی بوون لە گواستنەوەی زۆرەملێی بنەماڵە و هۆزە کوردەکان. ئەویش ئامانج لێی بەهێزکردنی سنوورەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئیران بوو لە بەرامبەر هەڵکوتانە سەر ئۆزبەکستان و تورکمانەکان، هەروەها دووبارە دابەشکردنەوەی دەسەڵاتی خێڵەکی دوور لە ناوچەکانی کێشەی عوسمانی و سەفەوی بوو. بە واتایەکی تر ئەم خەڵکە خۆیان بینی کە گیرۆدەی حیساباتی دەوڵەت و شەڕی سنووری بوون، سەبارەت بە ئاماژەکانی بوونی پێشووتری کورد لەو ناوچانەدا، دیرۆکنووسی ناوداری کوردی خۆراسان کەلیموللای تەوەحودی دەڵێت: کۆچی کوردان زۆر لەوە کۆنترە، سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریای ساسانەوە کوردەکان وەک مەرزەبان-سنوورپارێز لەو ناوچانەدا جیگیربوون و سنوورەکانیان پاراستووە، مەجید سپەهری کە ئەویش مێژوونووسێکی کوردی خۆراسانە و دانیشتووی گوندی بابا ڕەمەزانە، نووسەری کتیبی(کوردەکانی لاین)ە، دەڵێت دەوڵەتی ساسان لە ڕووی نیزامییەوە لەلایەن کوردەوە بەڕێوە براوە، بۆیەش دەسەڵاتە عەسکەرییەکە لە تەواوی ئەو ئیمپراتۆرییە لە دەست کوردان بووە، سەرچاوەکان ئاماژە بەبوونی کورد لەو ناوچەیە دەکەن، تەنانەت بەر لەهاتنی سەفەوییەکان، بۆ نموونەش لە سەردەمی عەبباسییەکان کەسایەتی ئەبو موسلیم خۆراسانی کە وەک سەرکردەیەکی کورد ناسراوە، ڕۆڵی کارای هەبوو لە ڕووخانجنی دەوڵەتی ئەمەوییەکان، بەڵام پێویستیان بە لێکدانەوەیەکی ورد هەیە. لەبەرئەوەی هەندێک سەرچاوەی نێوەندگیری ناوبەناو دەستەواژەی «کورد»یان بەکارهێناوە بۆ وەسفکردنی گروپە شوانکارییە کۆچەرییەکان، نەک هەمیشە بەو مانایە نەتەوەییەی کە ئەمڕۆ بەکاری دەهێنین، تەنها ئەم ئاماژانە بەس نین بۆ سەلماندنی بنەچەی هەموو کوردەکانی ئێستای خۆراسان. ئایا ئەوان تەنها گروپی کۆچەری بوون کە بۆ دەوریەی سنوور بەکاردەهێنران؟
چیرۆکەکەیان بە کۆچ و کۆچبەری کۆتایی نەهات. ناوەندەکانی دەسەڵاتی ناوخۆیی و سەرکردایەتی خێڵ و هۆزەکان بەتایبەت لە شارەکانی قوچان و بۆجنورد پەرەپێدا و پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە نێوان هاوکاری و ململانێدا دەجووڵایەوە.
د.عەلی رەحمەتی مامۆستای مێژوو لە زانکۆی مەشهەد دەڵێت: لە نێو ئەو عەشیرەتانەی کە لە سەرچاوەکاندا ئاماژەیان پێکراوە (شادڵو، زافەرانلو، کیڤانلو، عەمارلوو) بنەچەیان بۆ کوردە شەدادییەکان دەگەڕێتەوە، بەڵام مێژووی عەشیرەتەکان مێژووی هەموو کۆمەڵگەی کوردی ناگرێتەوە؛ چونکە وێڕای زۆرینەی کورمانج کەمینەیەکی ئێزیدی و لەک و لوڕ و کەلهوڕیش هەن، لە پشت ناسناوی سەرکردەکانەوە خێزان و جووتیار و مەڕدار و نەوەکان بوون کە ژیانی خۆیان لە شوێنی نوێدا بنیات ناوە.
بە زاری کورمانجی قسە دەکەن
زمانی ئاخاوتنیان بنزارێکی کورمانجییە، تایبەتمەندییەکانی خۆی پاراستووە، لە هەمانکاتدا بەهۆی نزیکیی و بەرکەوتنی درێژخایەن لە ژێر کاریگەری زمانەکانی فارسی دەری و تورکمانی دەوروبەریدا بووە. لێکۆڵینەوە هەیە کە دەنگی زاری کورمانجی خوراسانی لەگەڵ دەنگەکانی ناوچەکانی دیکە بەراورد دەکات. ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمە باسی زمانێکی زیندوو دەکەین، شایەنی لێکۆڵینەوە و دۆکیۆمێنتکردنە، نەک تەنها یادەوەرییەکی دوور لە بنەچەیەکی کوردی. کاریگەری زمانە دراوسێیەکان سروشتییە؛ زمانەکان وشە دەگۆڕنەوە و بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕدرێن. زمانێک تەنیا لەبەر ئەوەی کەوتۆتە ژێر کاریگەری دەوروبەرەکەیەوە، کەمتر پەیوەندی بە قسەکەرەکانیەوە نابێت.
کەلتوور و مۆسیقا: کوردانی خۆراسان خاوەنی فەرهەنگێکی دەوڵەمەند و ڕەسەنن. مۆسیقای کوردیی خۆراسان(بەتایبەت ژەنینی دووتار و چیرۆکە خەمناک و حەماسییەکان کە پێیان دەگوترێت بەخشی) ناوبانگێکی زۆری لە ئاستی جیهانیدا هەیە و لە ڕێکخراوی یونسکۆش تۆمار کراوە.
پەیوەندی ئایینی و ئایینزایی کوردانی خۆراسان
لێکۆڵینەوەکان زۆرینەی کوردانی خوراسان بە موسڵمانی شیعە وەسف دەکەن. لێرەدا دەبێت سێ شت جیابکرێنەوە: نەتەوە، زمان و پەیوەندی ئایینی. کوردبوون یەک پەیوەندی ئایینی بەسەر کەسێکدا ناسەپێنێت و جیاوازی ئایینی ناسنامەی کوردایەتییان نکۆڵی لێناکات، شێوازی ژیانیان چۆنە، توێژەر مەحەمەد حسێن بابلی یەزدی لێکۆڵینەوەی لە شێوازی ژیانی شوانکاری کۆچەری و کۆچی وەرزی و گواستنەوە بۆ ژیانی نیشتەجێ لە باکووری خۆراسان کردووە. پێداچوونەوەی ئەکادیمی بۆ کتێبەکەی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم کۆمەڵگەیانە ڕووبەڕووی گۆڕانکاری ئابووری و سیاسی و ژینگەیی بوونەتەوە، کە کاریگەری لەسەر شێوازی ژیانیان هەبووە. بەڵام هەڵەیە وێنەکەیان لە چادر و مەڕ و خێڵدا قەتیس بکەن. توێژینەوەکە خۆی باس لە گواستنەوە بۆ ژیانی نیشتەجێبوو دەکات، جیاوازی دەکات لە نێوان بارودۆخی شوانکاران و بارودۆخی کوردانی نیشتەجێ لە گوند و شارەکاندا، چۆن میراتەکانیان پاراستووە، مۆسیقا و چیرۆکبێژی و شیعرهۆنینەوە ڕێگایەکی گرنگن بۆ تێگەیشتن لێیان. نەریتی کوردەکانی خۆراسان چیرۆکنووس و مۆسیقاژەنانی ناسراو بە «بەخشی» لەخۆدەگرێت و زاری کورمانجی لەگەڵ فارسی و تورکی خۆراسانی ڕۆڵی لە چیرۆکگێڕان و نمایشکردندا دەبینێت.
کتێب و لێکۆڵینەوە و تۆمارە مەیدانییەکان تەرخانکراون بۆ ئەم میراتە. میراتێکی هاوبەشە لە نێوان چەندان گروپدا؛ بۆیە لێکۆڵینەوە لێی جیاکاری کوردی دەردەخات و هەروەها ڕۆشنایی دەخاتە سەر سەدەکانی کارلێک لەگەڵ پێکهاتەکانی دراوسێ.
ژمارەی دانیشتووانی کوردەکانی خۆراسان
سەرژمێری و ئاماری رەسمی وا دەکات کە ئێمە ژمارەیەکی بەرزتر یان نزمتر هەڵنەبژێرین بە پشتبەستن بە ئارەزووەکانی خۆمان. توێژینەوەکان خەمڵاندنی جیاواز پێشکەش دەکەن و سەرژمێرییەکی نەتەوەیی ئەم دواییە و یەکلاکەرەوە نادەن.
بۆیە بە شێوەیەکی گشتی پێم باشە بڵێم کە ئەوان کۆمەڵگەیەکن کە ژمارەیان پتر لە دووملیۆنە، خەمڵاندنەکانیان جیاوازن. نابێت ئەو ژمارانە بەراورد بکەین کە لە ڕێگەی شێوازی جیاوازەوە بەدەست هاتوون و دواتر بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ژمارەی دانیشتووانیان لە زیادبوون یان کەمبوونەوەدایە.
کانیماڵ ناوەندێکی کەلتووری و کەلەپووری کوردی
دوا وێستگەمان لە گوندی باباڕەمەزانەوە کە بۆ فراوین کاک مەجید سپەهری داوەتی ماسی سەلەموونی کردین(ناوبراو وێڕای ئەوەی کە نووسەرێکی ناسراوە لە بواری مێژووی ناوچەکە و کوردەکانی لایین، چەند کتێبێکی چاپکراویشی هەیە، هاوکات خاوەنی چەندان حەوزی ماسییە لەو گوندەدا کە بەردەوام لە کەناری ئاوی چۆمەکەدا حەوت تا هەشت حەوزی بەخێوکردنی ماسی درووست کردبوو)، دواتر بۆ ئێوارەکەی بەرەو گوندی ئۆغاز بەڕی کەوتین ودرەنگی شەو گەیشتینە ماڵی مێژوونووسی ناوداری کورد مامۆستا (کەلیموللای تەوەحودی). مامۆستا کەلیمولڵا مێژوونووسێکی هاوچەرخی کوردی خۆراسانەوە خاوەنی نزیکەی ٣٦بەرگی کتیبی مێژووییە -بەڵام بە زمانی فارسی نووسراون- لەو ساڵانەی دواییدا چەند بەرگێک لە کتێبەکانی لە بنکەی ژین لە سلێمانی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدران و چاپکران، هاوکات لەلایەن کاک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە گەرمی پێشوازی لێکرا و خەڵات کرا، لە پرسیارێکمدا لەبارەی جیاوازی نێوان کتێبەکانی بەڕێزیان لەگەڵ شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسی و کورد و کوردستانی ئەمین زەکی بەگدا، کەلیموللای تەوەحودی دەڵێت: جیاوازی کتێبەکانی من لەگەڵ کتێبی تەواوی مێژوونووسە ئێرانی و کوردەکان ئەوەیە، بەرهەمەکانی من لەسەر بنەمای سەرچاوە وپەراوێزەکان نووسراون. سەرچاوەکانی من میراتێکی کەلەپووری پێنجسەد ساڵە و فەرهەنگی کوردانی خۆراسانن.