ڕەمزی میرەكانی
ماوە ماوە گوێم لە هەندێ سیاسەتمەداری عێراق، بە تایبەتی شیعەكان دەبێت، كە داوای هەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن، عێراق ئێستا یەكڕیزی و سەروەریی یاسای پێویستی تێدا نییە، بۆ ئەوەی بپڕژێتە سەر هەمواركردنەوەی دەستوور، بۆیە پێویستە ڕێگەچارەی دیكە بگرێتە بەر. چەقبەستوویی سیاسی و پێكوتەی دۆخەكە لە شوێنی خۆی، پاڵی بە هەندێ لە عێراقییەكانەوە ناوە داوای هەمواركردنەوەی دەستووری وڵات بكەن، چونكە زۆربەیان پێیان وایە، پەیڕەوی هۆزایەتی دوای سەدام حوسێن، نەیتوانیوە سەقامگیری و بووژانەوە دابین بكات. سەرباری ئەوەی مافی كەمینەكان كە لە دەستووردا هاتووە، لەگەڵ پێوەرەكانی دیموكراتییەت، هێشتا هەر نووسراوی سەر كاغەزن، بۆیە هەمواركردنەوەی دەستوور بووەتە داواكاریی زۆربەیان، بەڵام هەوڵی هەمواركردنەوەی دەستوور لە بارودۆخی سیاسیی ئێستادا، پیادەكردنی ناشۆ دەبێت. هەمواركردنەوەی دەستوور چەند هۆكارێكی لە پشتەوەیە، هەندێ لە سەركرەكانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەكانی(تشرین)، لە نەبوونی لێپرسینەوە لە بەرپرسە گەندەڵەكان وەڕەسن، چونكە دەسەڵاتی ئێستا لەسەر كۆدەنگی یان زۆرینە بەرپا بووە، تشرینییەكانیش داوای پەیڕەوی سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتی دەكەن، كە ڕێز لە مافە مەدەنییەكان بگرێت.

هەندێكیش داوای دەقی ڕوونتر سەبارەت بە چەند مەسەلەیەكی وەكو تەواوبوونی ڕێژەی پەرلەمانی، یان بارستەكان، یان مافەكانی بەڕێوەبردنی نەوت و كانزاكان دەكەن. لەلایەكی تریشەوە پارتە كوردستانییەكان، لە مێژە لە فیدرالیزمی عێراق ڕازی نین و گلەییان هەیە. هەمواركردنەوە یان گۆڕینی هەندێ مادەی دەستوور لە بەرژەوەندیی كورد و سوننەكاندا نییە، لەوانە گۆڕینی پەیڕەوی فیدرالیزم و پشت بەستن بە پەیڕەوی پەرلەمانی، چونكە دوای ڕووخانی بەعس لە 2003دا، زۆربەی دەسەڵاتەكان لە بەغدا خڕ بوونەتەوە و ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ڕەت كراوەتەوە، كورد و سوننە لەوەش دەترسن، هەژموونی سیاسیی شیعەكان ببێتە شتێكی هەمیشەیی، ئەگەر هەندێ مادەی دەستووری پەیوەست بەو مەسەلەیە هەموار بكرێنەوە، یان ڕێوشوێنێكی دیاری كراو بگیرێنە بەر. هەرچەندە دەستوور لەوەتەی نووسراوەتەوە بە دڵی هەموو لایەك نەبووە، بەڵام لە ئاكامی كاری هەمووان بوو و بە گوێرەی راپرسییەك لە ساڵی 2005دا ڕاستێندرا، هەموو لایەنە سیاسیی، ئایینی، ئیتنی و هۆزایەتییەكان بەڕادەیەك دەستبەرداری هەندێ شت بوون لە كاتی داڕشتنی دەستووری تازەدا، هەر بۆیە لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەدا دەستوور هەموار نەكراوەتەوە، هەرچەندە هەموو لایەكیش گلەیی و گازاندەیان لێی هەیە.

بژاردەی سیاسیی عێراق، لە ماوەی حەڤدە ساڵی ڕابردوودا، بە چەندین شێوە خۆیان لە تەنگژە و كەمتەرخەمییەكانی دەستوور دەرباز كردووە، ئەوەش بە دانی ڕۆڵی ناوبژیوان و یەكلایی كەرەوە بە دادگای باڵای فیدراڵی، كە هەموو جارێك هەر ئەوان ڕاڤەی بڕگە سەرەكییەكانی دەستووری دەكرد و بڕیاری لەسەر دەدەن، بەڵام بەداخەوە دادگاكە بێلایەن نەبوو و زۆربەی ئەو كێشانەی كە هەرێمی كوردستان لایەنێكی بوو، بڕیارەكانی لە دژی هەرێمی كوردستان بوون، بە تایبەتی لە مەسەلەی ڕۆژەڤی نەوت و گازی كوردستاندا، هەموو جارێكیش كە دادگای ناوبراو گەورەترین بارستەی براوەی لە پەرلەمان دیاریی كردبێت، بارستەكە سەری نەگرتووە و لێ نەگەڕاون حكوومەت دروست بكات، نموونەكانی ساڵی 2010 و 2022یش لەبەرچاون. لەلایەكی تریشەوە، پەرلەمانی عێراق یاسایەكی بۆ فراوان كردنی چوارچێوەی ماددەكانی دەستوور دەركرد، كە هەندێ كێشەی سەرەكی وەكو بنەماكانی ڕێكخستنی هەڵبژاردنەكان دادەپۆشێت، بەڵام دەبینین هەندێ ماددەی دیكەی دەستوور جێبەجێ نەكراون، وەكو چارەكردنی ناكۆكی لەسەر زەوییە كێشە لەسەرەكانی هاتوو لە ماددەی 140دا، یان دروست كردنی ئەنجومەنێكی فیدراڵی، كە هاوشێوەی ئەنجومەنی پیاوماقوڵان بێت لە پەرلەماندا. هەموار كردنەوەی دەستوور لە ڕووی سیاسیی و یاساییەوە كارێكی درێژ و قورسە، دەستووریش بۆ ئەمە تیشكی خستووەتە سەر دوو ڕێگەچارە، یەكەم هاماوی هەموار كردنەوە بە قۆناغ بێت، ئەوەش پێویستی بە دەنگدانێكی زۆرینەی ئاسایی پەرلەمان هەیە لەگەڵ ئەنجامدانی ڕاپرسییەكی میللی، كە زۆرینە بە بەڵێ دەنگی بۆ بدەن، دووەمیش ئەنجامدانی هەمواركردنەوەی گشتییە، كە پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانە، ئینجا ئەنجامدانی ڕاپرسی لەسەری هەیە.

لە ماددەی 142ی دەستووردا هاتووە، دوای پێكهێنانی پەرلەمان بە ماوەیەكی كەم، پێشبینی دەكرا، لە ماوەی چوار مانگدا لێژنەیەك پێك بهێنێت، كە كاری ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك بێت لەسەر هەمواركردنەوەی ئەو ماددانەی كە پێشنیاز كراون، بەڵام ئەوەش نەكرا. لە ماددەی 126یشدا هاتووە، دەكرێت لە ڕێگەی پێشنیازێكی هاوبەشی نێوان سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران، یان لەلایەن یەك لەسەر پێنجی ئەندامانی پەرلەماندا، پێشنیازی هەمواركردنەوەی دەستوور بكرێت، بەڵام دەبێت دواتر دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان پێی ڕازی بن و ڕاپرسی میللیشی لەسەر بكرێت، بە مەرجێك مافی ڤیتۆ بە پارێزگاكان نەدرێت، ئەوەش دوای ناڕەزایەتییەكانی ساڵی 2019 پێشكەش كرا، بەڵام جێبەجێ نەكرا.

عێراق ئێستا ئەوەندەی قەیران و كێشەی هەیە، كە ڕەنگە كاتی ئەوە نەبێت باس لە هەمواركردنەوەی دەستوور بكرێت، چونكە بە دڵنیاییەوە كێشە و قەیرانێكی دیكەشی بۆ زیاد دەبێت كە پێویستی پێی نییە، بەڵام ئەگەر بیریش لە هەمواركردنەوەی دەستوور كرایەوە، با دوور بێت لە زەبروەشاندن لە هەموو پێكهاتەكانی عێراق، بە تایبەتی كورد. با بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بكرێتە پێشنۆرە، هەمواركردنەوەی دەستوور بە گوێرەی پێویست بێت و بە گوێرەی ویست و ئارەزووی لایەنێك یان هیچ وڵاتێكی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی نەبێت، ئەگەرنا وەكو هەموو پڕۆژەكانی دیكەی عێراق، سەرناگرێت و شكست دەهێنێت.