سوورە مەرگەیی
مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کورد و سیاسەتی داگیرکەران و چڕکردنەوەی هەوڵەکانیان بۆ لەناوبردی کورد، پێماندەڵێ: کێشەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان کوردبوونە و کوردایەتییش تاکە رێگای خۆپارێزی و بەرەنگاربوونەوەی پیلانەکانە و، دوا چارەسەری کێشەکەش بە دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی کوردستانە، بەڵام ئەوەی تێبینێ دەکرێ جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە هزر و بیری نەتەوەییان بەهێزە و کوردایەتییان پێش حزبایەتی و گرووپگەرایی خستووە، لە باکوور و رۆژئاوا و تەنانەت لە باشووریش (جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان)، حزب و لایەنەکانی تر، حزبایەتی و دەستکەوتی کەسیی پێش کوردایەتی دەخەن و تا ئەو شوێنە باسی کوردایەتی دەکەن کە خزمەتی حزبی پێبەکەن و دەسکەوتە کەسییەکانی پێبارێزن، ئەوەش پرسیارێکە و دەبێ وەڵامەکەی لە مێژوو وەربگرین.
گومان لەوەدا نییە هێزی کوردایەتی بەرئەنجامی گەشەی هزر و بیری نەتەوەییە و، ئەوە هزر و بیری نەتەوەییە کوردایەتی بەرهەم دێنێ، دوژمنان و داگیرکارانی کوردستانیش بۆ مانەوەی کورد بە ژێردەستەیی و پێشگرتن بە ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان، لە رێگەی پەکەکە و دەستە و گرووپە عێراقچییەکان کار لەسەر لاوازکردنی هزر و بیری نەتەوەیی دەکات، ئەوەتا پەکەکە لە داگیرکەران توندتر بەگژ خەباتی رزگاریی نیشتمانی و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستاندا دەچێتەوە، ئەو دەرچوونەی پەکەکە لە رەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی، لە باکوور و رۆژئاوای کوردستان کاریگەری زۆر خراپی لەسەر بەرەو پێشچوونی گەشەی هزر و بیری نەتەوەیی داناوە، ئەو دەستە و گرووپانەی باشووری کوردستانیش کە لە لایەن داگیرکەرانەوە ئاراستە دەکرێن، ئاڵای کوردستان بە پارچە پەڕۆ دەزانن، پێشمەرگە بە میلیشیا و میلیشیاکانی حەشدی شەعبییش بە سوپای نیشتمانی ناودەبەن، (مەوتنی مەوتنی) دەڵێن و لەگەڵ بیستنی ئەی رەقیب باڵاناسی خیانەت و وڵاتفرۆشییان بەرز دەبێتەوە، نەخێر بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەڵێ بۆ هاتنی حەشدی شەعبی دەکەن، موزایەدەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و تاکە بەدیلی حکوومەتی هەرێم لەلایەن حەشدی شەعبی و سوپای عێراقە، جگە لەوانەش پەکەکە و دەستە و گرووپە عێراقچییەکانی باشوور لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران و سوپای بەعسی سوری، بە پێخەفی دژایەتیی هزر و بیری نەتەوەیی و پێشگرتن بە سەربەخۆیی کوردستان دەخەون و موویان بە بەرەوە ناچێ.
لێرەدا گەیشتینە راستییە مێژووییەکە و ئەوە مێژووە پێماندەڵێ: پارتی دیموکراتی کوردستان لەژێر رێبازی بارزانیی نەمر و هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی، هەڵگری خواستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش کار لەسەر گەشە پێدانی هزر و بیری نەتەوەیی دەکات، هەموو ئەو لایەنانەی پێشتر باسم کردن، دژایەتی (پارتی)یان خستۆتە پێشینەی کارەکانیان، بە واتایەکی تر: پارتی لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان رابەرایەتی هزر و بیری نەتەوەیی و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستان دەکات، ئەوانیش هاودەنگ و هاوڕەفتاری داگیرکارانی کوردستان، بەگژ هزر و بیری نەتەوەیی و ئامانجی سەربەخۆیی کوردستاندا دەچنەوە.