
تەهای دەروێش نادر– هۆڵەندا
لە نێو جەنگێکی خوێناوی و ماڵوێرانی دوو وڵاتدا (ئۆکراینا و ڕووسیا)، یهكێك له قوربانییەکان، سەربازێکی گەنجی چاونەترسی نێو بەرەی جەنگ بوو، كه ئهویش کوڕی کچی کاکم دکتۆر مەحمود دەروێش نادر بوو، كه وهك باجی کوردایەتی باپیرەی بە هۆی گوشاری ڕژێمی بەعس له كوردستان دوورکەوتهوە. لەم چهند ڕۆژەی ڕابردوودا لە شەڕێکی بەرگریکردندا گەنجە بەڕەچەڵەک کورد گیانی خۆی کردە قوربانی وڵاتهكهی، شههید هەردەم دەیگوت ڕاستە نەنکم ئۆکراینییە بەڵام دایکم کوردە و دەبێت ببمە سەرباز و پاڵەوانی کوردستان و بەرگریکار لە خاک و نیشتمان. كهچی بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی کوردستان و ئۆکراینا ئەو ئاواتەی نەهاتەدی کە بێتە کوردستان، ههرچەنده چهند جارێک کاکم هەوڵی بۆ دابوو بەسەردان بێت و ئهویش حەزی دەکرد کەسوکاری دایکی ببینێ. بهڵام بهداخهوه شەڕی نەگریسی ڕووسیا و ئۆکراینا، وێڕای ئهوهی لێکەوتەی ئابووری لەسەر ئەو دوو وڵاتە و ئەورووپا و جیهانیش دروستکرد، کارەسات و وڵاتوێرانی گەورەشی هەیە لەسەر ئۆکراینا بەتایبەتی و ڕووسەکانیش بە گشتی. ئەمهریکاش هەمیشە بە دوای بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەکەیدا دەگەڕێ، لە کوێ سەرەداوێ هەبێ بەپێی بەرژەوەندیی ئەمەریکا دەیجوڵێنێ و بە باشیشی نازانێ هیچ کێشەیەک چارەسەر بکات، بەڵکو هەمیشە هاندەرە بۆ گهورهکردنی کێشەکان، شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا لە دیدی ئەمەریکاوە کەوی کردنی ناتۆیە، گەرچی خۆی ئەندامی باڵایە تیایدا، هەروەها دیراسەکردنی چەکی ڕووسیا و ناتۆ و ئەمەریکا خۆیەتی تاکو ئاستی چەکی ئەتۆمی.
چیرۆکی ژیانی ئەم سەربازە شەهیدەی ئۆکراینا (ڤلادیک) چۆن بووە و چ پەیوەندییەکی بە کوردبوونەوە هەیە؟. لە ناوەڕاستی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، کاتێک کاکم دکتۆر مەحموود دەروێش نادر پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و لە ڕێکخستنەکانی پێشمەرگەی ناوشار لەگەڵ کاکی شەهیدم محەمەد دەروێش نادر دەبێت و پەیوەندی بەهێزی کاکی شەهیدم لەگەڵ بارزانیی نەمر، بە زەمالە و نامەی سەرۆک بارزانی دکتۆر مەحموود ڕەوانەی خوێندن دەکرێ بۆ وڵاتی ئۆکراینا، لەوێ لەپاڵ خوێندنەکەیدا هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی ئۆکراینی دەکات بەناوی (لاریسە) و کچێکیان دەبێ بەناوی گەردە، بەڵام گەردە لە کوردستان لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لەدوای تەواوکردنی خوێندنی ماستەر لە دەرمانسازی، بە کاکم دەڵێن ڕاستە هاوسەرگیریت لەگەڵ کچێکی ئێمە کردووە، بەڵام دەبێت وڵاتەکەمان جێبهێڵیت لەبەر ئەوەی پەیوەندیت بە شۆڕشی كوردەوە هەبووە و بە زهمالەی عێراق نەهاتوویت، ئەوکات یەکێتی سۆڤییەت لەگەڵ عێراقدا ڕێککەوتنیان دەبێ، بۆیە کاکم ناچار دەکەن ئۆكراینا جێبهێڵێت دەنا ڕادەستی عێراقی دەکەنەوە، كاكیشم ناچار بەتەنها گەڕاوەتەوە کوردستان و چۆتەوە ناو شۆڕشی ئهیلوول و لەدوای ماوەیەکی کەمیش نسکۆ ڕوویداوە و چۆتەوە سلێمانی و ههواڵی ناردووە بۆ هاوسەرەکەی تا ئهویش بێتە سلێمانی و پێکەوە لەوێ بژین و منداڵەکەیان ببێت، لەدوای هاتنی ئەم کچە ئۆکراینییە و لەدایکبوونی ئەم منداڵە، بەردەوام ڕژێمی عێراق ئاستەنگی بۆ دروستکردوون لە دانەمەزراندن و کارپێدان پێی تا بتوانن ژیان و گوزەرانیان دابین بکهن، هۆکارەکەشی بەعسی نەبوونی بوو، ئەوکارەی ڕەتکردەوە و بووە هۆی ماڵوێرانی و خێزانەکەی لەگەڵ منداڵە ساواکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئۆکراینا و دکتۆر مەحموودیش کوردستان جێدەهێڵێت و لە نەمسا دکتۆراکەی تەواو دەکات، ماوەی زیاتر لە 25 ساڵ گەردەی کچی نەبینی و لەو ماوەیەشدا گەردە هاوسەرگیری دەکات و کوڕێکی دەبێت بە ناوی ڤلادیک، کە بۆ هەمیشە گەردە بە ڤلادیکی گوتووە ڕۆژێک دێت پێکەوە بچینەوە کوردستان و تۆ باپیر و کەسوکارت کوردن، لێ مخابن مەرگ و شەڕی نەگریس و شەهیدبوون ئەو ئاواتەی لە گۆڕنا و لەم شەڕهی ئۆکراینا و ڕووسیا، ڤلادیک بانگ دەکرێ بۆ شەڕ و ڕەوانەی بەرەکانی جەنگی دەکەن لە هێزی ئازۆف، لە ڕۆژی 26/9/2022 لە ناوچەی (فولشانسکی) چواردەوریان دەگرن لەگەڵ شەست سەربازی تردا، ڕووسەکان داوایان لێدەکەن خۆیان بدەن بەدەستەوە، بەڵام ئهوان هەتا شەهیدبوونیان بەرگری دەکەن و دەبنە بەشێکی پڕشنگدار لە مێژووی وڵاتی ئۆکراینا دژ بە جەنگی ڕووسیا.
ئەمە یەکێکە لەهەزاران چیرۆکی دڵتەزێنی کوردبوون و نیشتمانپەروەری، ئەگەر کاکم دکتۆر مەحموود دەروێش لەوکاتەدا خۆی ڕادەستی بەعس و ڕژێم بکردایە، هەموو ژیانی خۆی و منداڵەکانی لە سەرسەختییەکانی ژیان دەرباز دەکرد و ژیانی خۆی و منداڵەکانیشی مسۆگەر دەکرت، بەڵام بەبیروباوەڕی کوردایەتی و خاوەنی ڕێبازێکی پیرۆز ئەو ناپاکییەی لەگەڵ ویژدان و گەل و خاکەکەی نەکرد و بۆ هەمیشە بە سەربەرزی و دڵشکاوی مایەوە، بەهیوام کوردبوونی لەم شێوەیە لەبەرچاو بگیرێ و هەڵوێستی نەتەوەییانەیان لە لوتکەدا ڕابگیرێ، لەم ڕۆژانهشدا خاتوو گەردەیان بانگکردووە و لەكاتی ناشتنی تەرمی کوڕەکەی مەدالیای ئازایەتییان پێ بەخشیون، گەردە لە وهڵامدا گوتوویەتی خۆزگە بۆ کوردستان شەهید بووایە. نەمری و سەربەرزی بۆ ئەوانەی لە پێناوی کوردبوون دەگەنە دوا پلەی شەهادەتی شەهیدبوون.