
*فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا
لە رۆژنامەی كوردستانی نوێ لاپەرە (7) ژمارە (8636) رۆژی یەكشەممە لە 17/4/2022 بابەتێكم خوێندبووەوە پێشووتر بە ناونیشانی پارتی دەیەوێت یانزە بە هیچ بیباتەوە. لەو وتارەدا نووسەرەكە هێرشێكی ناشرینی كردۆتەوە سەر پارتی و زۆر تۆمەتی نابەجێی ئاراستە كردووە. ئەم قسە و چەواشەكارییانە تەنها بۆ چەواشەكردنی مێژوو نووسراون، چونكە لەم سات و ئانەدا و تەنانەت بۆ چەند ساڵی داهاتووش راستییەكان لەلای خەڵك و ڕای گشتی روون و ئاشكران. بەڵام بەداخەوە رەنگە پاش دەیان ساڵی تر منداڵێكی بێ ئاگا دروست ببێت و ئەم وتارە بخوێنێتەوە و تووشی هەڵەیەكی گەورە بێت لە لایەنی مێژوویی، بەهەرحاڵ ئەو فەوزایەی كوردستان بەتایبەت نووسینی ئەو شتانە ناتەندروست و نارەوایە و فەوزای سۆشیال میدیا ئاسان نیە عیلاج بكرێ گەر نییەت و دڵەكان ساف نەكرێن، گەر نەبین بە پیاوی خۆمان، گەر نەبین بە كورد و، كوردستان بە گەورەتر نەزانین لە حزب، مەحاڵە ئەو نەخۆشییە و ئەو سەرەتانە دەرئەنجام لەناوەوە دەمانخوات، هەموو دەمرین، بەداخەوە ئەو خزمەتەی ئەو جۆرە كەسانە بۆ كورد نیە تەنها بۆ دوژمنانی كوردە، چونكە چەواشەكردنێكی سەدی سەدی راستییەکانە. باشتر وایە واز لەو عەقڵییەتە بێنن و خزمەتی كورد ناكات و خزمەتی یەكێتییش ناكات و میللەتیش لە ئێمە و لەو برادەرە باشتر دەزانێ كێ تەزویرچییە و كێ ساختەكاری دەكات؟ بەری رۆژ بە بێژنگ ناگیرێ و ئەم شەرە هەموومان بێ ئابرو دەكات و سودی نیە، دەرئەنجام هەموو دۆڕاو دەبین.
بردنەوە و سەركەوتنی پارتی لە هەڵبژاردنەكان رێك پێچەوانەی تەشهیر و تۆمەت و پلارەكانی نووسەرە، بەڵكو سەركەوتنی پارتی بۆ چەندین هۆكاری سیاسی و نەخشەرێگای رێكخستن و وڵات بەرێوەبردن و چەندین هۆكاری دیكە دەگەرێتەوە، لەوانە:
یەكەم: ئەو بروا پێبوونەی پارتی بە پێكەوەژیان و قبووڵكردنی بەرانبەرەكەی خۆی لە لایەنی ئاینی و نەتەوەیی و مرۆڤایەتی بە گشتی دەنگدانەوەیەكی ئیجابی لەسەر ئەو بابەتە هەیە و هەردوو لایەنی ئاینی و نەتەوەیی خۆیان لە ناو ئەو سیاسەتە دەبیننەوە، هەموو نەتەوەكانی عێراق پێگە و جێگە و رێزی تایبەتیی خۆیان هەیە لەناو رێبازی بارزانیی نەمردا، هەروەها هەموو ئاین و ئاینزا و مەزهەبەكانی عێراق رێز و حورمەتی تایبەتیی خۆیان هەیە لەنێو فەرهەنگ و عەدالەتی ئاینی تەكییەی شێخەكانی بارزان و رێبازی شێخ ئەحمەدی بارزان كە رەمزی عەدالەت و یەكسانی ناوچەكەیە خاڵێكی گرنگی ئەو بابەتەیە.
دووەم هۆكار نەرمونیانی سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە بەرانبەر بە هەموو ناوچەكە و بروا بوونی ئەو حزبەیە بە یەكسانی هەموو پارچەكانی كوردستان و پێكهاتەكانی، هەروەك لە پێناسەی پارتیدا هاتووە، پارتێكی كوردستانییە نەك كوردی، چەترێكە بۆ هەمووان و ئەو بابەتەش لە ئەرزی واقعدا سەلمێندراوە.
*ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ.د.ك).