خەبات: مەریوان نەقشبەندی:- ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی ھەرێم و بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەدیداری (پرسی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست) کە پەیمانگەی فەرەنسی بۆ تۆژینەوە لەسەر عێراق و زانکۆی سۆران بەھاوبەشی لە شاری ھەولێر ڕۆژی شەممە 8ی ئۆکتۆبەری 2022 ڕێکیانخستبوو ڕایگهیاند كه ئامادەن دهنگدان بۆ ئهو پۆسته ببەنە ناو پەرلەمانی کوردستان و لەوێ یەکلایی بکەنەوە، گوتیشی “ئەزمونی 2018 دووبارە ناکەینەوە و بە دوو كاندیدهوه ناچینە دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق.
لەم دیدارەدا بەڕێز ڕێبهر ئهحمهد، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەی خەبات لەبارەی یەکلاییکردنەوەی ئەو پۆستە سێ ڕێگەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار خستهڕوو و گوتی “یان دەبێت ئەو حزبەی زۆرینەی دەنگی بەدەستهێناوە كاندیدی سەرۆک کۆمار دیاری بکات، یان وەکو 2014 ئەندامانی پەرلەمانی کورد لە عێراق دەنگ بە كاندیدانی سەرۆک کۆمار بدەن، ئەگەرنا “ئێمە ئامادەین ھەروەک بەڕێز سەرۆکی حکوومەت لە وتارەکەی ئەم دیدارەدا و لەوەڵامی پرسیارێکدا گوتی ئەم دەنگدانە ببەینە نێو پەرلەمانی کوردستان و لەوێ یەکلایی بکەینەوە”، چونکە پەرلەمانی کوردستان نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان دەکات.
وا دابنرێت پۆستی سەرۆک کۆمار تەنیا پشکی لایەنێکی کوردستانە، ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆککۆمار نوێنەری حزبێک نییە، نوێنەری هەموو کوردە و بە دوو كاندیدهوه ناچینە دەنگدان. ھەروەھا گوتیشی: شەرەفێکی گەورەیە کاندیدی سەرۆک کۆمارم، ئەم پۆستە پۆستی کوردە، ئەگەر من کورد نەبم، قەت نابمە سەرۆک کۆمار”.
لەدێژەی قسەکانیدا بەڕێز ڕێبەر ئەحمەد بەربژێری پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە گوتی: دەسەڵاتی دادگای فیدرالی لەدەستوری عێراقدا دیاری کراوە و لەم ماوەیەی پێشوو بەھۆی نەبوونی حکوومەتێکی کارا و پەرلەمانێکی کارا و سەرۆککۆمارێک کە پارێزەری دەستوور بێت و ڕێگە نەدا دەستوور پێشێل بکرێت، ئەو ڕۆڵە دەبینێ.
لەبارەی ئەگەری بەشدارنەبوونی ڕەوتی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەران و حکوومەتی داھاتوی عێراق ڕێبەر ئەحمەد گوتی: بەبێ بەشداریکردنی سەدر لەھەر ڕێککەوتنێک بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراق ئەو حکوومەتە سەرکەوتوو نابێت و تەمەنی کورت دەبێ.