خەبات: ئاشتی شەهباز:- د. بێكەس بریفكانی بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری پارێزگای دهۆك لە دیمانەیەكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات دەڵێت: لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان تا ئێستا نزیكەی پێنج هەزار شوێن وەك شوێنەوار تۆمار كراون و تەنیا لە دهۆك دوو هەزار شوێنی شوێنەوار تۆماركراون، كە بەشی هەرە زۆری كەوتۆتە سنووری پارێزگای دهۆك و زۆربەی شوێنە هەرە گرنگەكان كەوتوونەتە ئەو پارێزگایە، ئەو شوێنانەی تۆمار كراون بەهەماهەنگی سێ‌ زانكۆی بیانی زانكۆی تۆبنگنی ئەڵمانی، زانكۆی ئودونی ئیتاڵی، زانكۆی پۆڵۆنی بووە.

گوتیشی: ئەو شوێنانەی لەسەر ئاستی جیهان ناودارن و هەڵكەندراون، وەك نەخشە هەڵكۆڵدراوەكانی گوندك, كە دەكەوێتە دەڤەری ئاكرێ‌ و بەكۆنترین هەڵكۆڵێندراوەكانی سەر چیا بێت بۆ 2600 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە, وەك خنەس , چەروانە, فایدا, قوبەهان, قەڵای ئاكرێ‌, قەڵای شووش، باستكێ‌ .
سەبارەت بەوەی لەسەر ئاستی حكوومەت ئایا لەو بارەیەوە تا چەند توانیویەتی خزمەت بەو شوێنەوارانە بكات ؟ د. بێكەس بریفكانی دەڵێت: لەم كابینەی نوێ‌ خۆشبەختانە یەكێك لەو بڕگانە گرنگیدانە بە شوێنەوار، حكوومەت بڕی نۆ سەد ملیۆن دیناری تەرخانكردووە بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنانەی مەترسییان لەسەرە, كەچی لەو بڕەی لە داهاتی شارەوانییەكان كەوا 17% بوو لەو سەدا 17 یەش یەك بۆ كەرتی شوێنەوارە, بەڵام لە هەردووكیان تا ئێستا هیچیان بۆمان خەرج نەكردووە , بۆ ئەوەی ئەو شوێنانەی پێویستیان بە نۆژنكردنەوە هەیە بیانپارێزین.

چوارستیین مەزارگەی ئایینی زەردەشتیان و میترایی
د. بێكەس بریفكانی دەشڵێت: ئێمە وەك پارێزگای دهۆك هەوڵی زۆرمانداوە لەگەڵ رێكخراو و زانكۆكان بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە, بۆ نموونە ئەمساڵ حكوومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە بە تەرخانكردنی بڕی 166 ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی قشلەی ئاكرێ‌ و هەروەها لەگەڵ رێكخراوی ئاكتێتی فەرەنسی هەڵسا بە دابینكردنی 140 كرێكار بۆ خاوێنكردنەوەی شوێنەواری خەنەس و نۆژنكردنەوەی بنكەی سەرەكی و دابینكردنی كارەبا بۆ ئەو شوێنە, رێكخراوی ئافسای فەرەنسی و جی ئای زێدی ئەڵمانی و رێكخراوی ئای ئێڵ ئۆو رێكخراوی یو ئێن دی پی و یەكێك لە ئەورووپا و گرنگترینیان هێنانی رێكخراوی یونسكۆ بوو, كە كار بۆ پارێزگای دهۆك بكات و ئێستا پلانمان لە قۆناغی كۆتاییدایە لە شوێنی چوارستیین كە گرنگترین شوێنەواری پارێزگای دهۆكە و دەكەوێتە سەنتەری پارێزگاو یەكێك لەگرنگترین پەرستگاكانە, كە تایبەتە بە ئایینی زەردەشتی و میترایی, بڕیاردراوە بڕی تێچووەكەی ملیارێك دینار خەرج بكرێت لەلایەن یەكێتی ئەوروپا و رێكخراوی یونسكۆ و ئای ئَێڵ ئۆ بەسەرپەرشتی ئێمە نۆژەندەكرێتەوە, ئەوەیش ئەشكەوتی چوارستیین و گەیاندنی رێگا و دروستكردنی شوێنی حەوانەوە و پشوو بۆ گەشتیاران و سەوزایی بێت تاسەری كێڵیای شەدا كە بەرزترین خاڵ لەسەر چیا , (كێلیا شەدا كاتی خۆی گۆڕستانێكی زەردەشتیان بووە) بۆ پیشاندانی سیمای شارستانیەت و هەروەها وەك سەرچاوەی داهات بۆ دەڤەرەكە و بخرێتەوە خزمەتی شوێنەكە لە ئایندەدا.

لەبارەی ئەو پرۆژەیەی ئەمساڵ بۆ شوێنەواری دەرگای ئامێد و هەڵكۆڵین و نۆژەنكردنەوەی بڕی پێنج سەد هەزار دۆلار, كە كونسوڵخانەی ئەمریكی تەرخانی كردووەو بەر لە چەند رۆژیش 500000 دۆلار بۆ نۆژەنكردنەوەی كریشتەی شووش و حسقییا لە دەڤەری ئاكرێ‌ و لە پلانماندایە لە ئاییندەدا گەورەترین پاركی شوێنەوار دروست بكەین لە پارێزگای دهۆك كە لەسەر رووبەری 530 كیلۆمەترە, تێیدا پێنج شوێنەوار لە خۆدەگرێت وەك (جەڕوانە , خنس , فاییدا , بەندەوا , هەلامەت) هەر لەو پاركەدا سەنتەری رۆشنبیری و مۆزەخانە و ئەسپسواری و پاركی یاری منداڵان، كە لە ئاییندەدا دەبێتە ئەگەرێك بۆ بوژانەوەی كەرتی گەشتوگوزاری و هەروەها پاراستنی ئەو شوێنەوارانە و لەكۆتاییدا هەموو مەبەستەكەمان لە پێناو داخڵكردنی شوێنەوارەكانمانە لە لیستی شوێنەواری جیهانی لە یونسكۆ, بەڵكو بچێتە قۆناغێكی زۆر گرنگ.

گوتیشی: یەكێك لە بەرنامەكانماندا لە ئێستا لەگەڵ گەورە كەناڵی تیڤی ئار تی فەرەنسی لەكارداین بۆ دروستكردنی فیلمی دیكومێنتاری لەسنووری پارێزگای دهۆك لە نەوەد خوولەك دا و لە نشیوناڵ جوگرافیك و نێت فلێكس و رێبەری ئەلكترۆنی بڵاوبكرێتەوەو دەبێتە ئەگەرێك بۆ راكێشانی گەشتیاری بیانی بۆ كوردستان.

دكتۆر بێكەس بریفكانی دەشڵێت: لە پلانماندایە ئەگەر رەزامەندی وەربگرین گەورەترین مۆزەخانە دروست بكەین لە شێوەی پردی دەلال و تێچووەكەی نزیكەی 40 ملیۆن دۆلارە هەرچەندە لەو بارودۆخەی ئێستای ئابووری كوردستان قورسە.

سەبارەت بە بێنازیی ئەو شوێنەوارانە لە ئێستا و خەنەس بەتایبەتی دكتۆر بێكەس گوتی: بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان تا ساڵی 2003 پێش كەوتنی حكوومەتی رژێمی بەعس هیچ گرنگی و بایەخێك بە شوێنەوار نەدرابوو, بەڵكو هەر لەساڵی شەستەكانیشەوە نەیانهێشتووە هیچ شوێنەوارناسێك بێتە كوردستان و كار بكات و باسبكرێت، بەڵام دوای شەڕی رووبەڕووبوونەوەی داعش گرنگییەكی باش بەهەرێمی كوردستان دراوە, بەتایبەت دوای كۆتایی شەڕی داعش, لەبەر ئەوەی ئەو تیمانەی كە كاری شوێنەوارناسی و هەڵكۆڵین دەكەن بە هۆی ئەمنیەتی بەهێز لە هەرێمی كوردستان لەماوەی ئەو دە ساڵەدا كارەكان بەرەو پێش رۆیشت و ئەو شوێنەوارە بەناوبانگانەی لە ژێر خاكی هەرێمی كوردستان هەیە ناسێندرا كەوا ئێستا بۆتە لانكەی شارستانیەت لە جیهان, هەر لەبەر هۆكارەشە ئێستا زۆربەی رێكخراوەكانی جیهان هەوڵدەدەن بێن لە كوردستان كاربكەن سەرباری كەموكوڕییەكان, كە هۆكاری خۆیان هەیە, بۆ نموونە لە ئێستادا تەنیا لە پارێزگای دهۆك دوو هەزار شوێنەواری تۆماركراومان ( جگە لە 150 هەزار زیاتری تۆمار نەكراو )هەیە بۆ ئەوەی پارێزراوبن پێویستمان بەستاف دەبێت لە (پاسەوان, چاودێر , شوێنەوارناس یان رێبەری گەشتیاری ) كەوا خەنەس یش یەكێكە لەو شوێنانەیە, بەداخەوەش ماوەیەك پێش ئێستا بڕی 140 ملیۆن دینار تەرخانكرا تەنیا خاوێنكردنەوەی لە زبڵ و خاشاكی بەجێماوە, بەهۆی نزمی ئاستی رۆشنبیری خەڵك لەبارەی پاكوخاوەنی و پاراستنی شوێنەكان.

مێژووی خنس و چۆنیەتی مانەوە!
لە وەڵامی ئەوەی ناوی خەنەس لە چییەوە هاتووە؟ د. بێكەس بریفكانی دەڵێت: لە تێكستە بزمارییە كۆنەكان وا باسكراوە ناوی خەناسووە, گوندێك لە نزیك ئەو شوێەوارە هەیە (بە ناوی خەنەس و بەناوی باڤیان)ـیش بەناوبانگە, ئێستا لەسەر ئاستی جیهان پێیدەڵێن نەخشە هەڵكۆڵدراوەكانی خەنەس, ئەو پرۆژەیە بۆ سەردەمی پاشای سەنحاریب دەگەڕێتەوە 704 پێش زایین تا ساڵی 681 ی پێش زایین, واتا نزیكەی پێش 2700 ساڵ ئەم نەخشەهەڵكۆڵدراوانە لەوێ‌ دروست كراون , مەبەستیش لە دروستكردنی ئەوە بووە كە پاشای سەنحاریب هاتووە بە هۆی خاوێنی و بوونی ئاوی كوردستان و لەسەدەی هەژدەی پێش زایین ئاو لە ئیمپراتۆریەتی نەینەوا كەمی كردووەكەوا تەختی ئیمراتۆریەتی ئاشوری بووە لەو كات، هاتووە بە درێژایی هەشتا كیلۆ مەتر بردووە لە خەنەس بۆ نەینەوا و كەناڵ و گەلی و پردی پەڕینەوەی لێ دروستكراوە، گەورەترین پرۆژەی ئەندازیارییە، تا ئێستا سەرەڕای پێشكەوتن دوای ئەو بەروارە ناتوانرێت كارێكی لەو شێوەیە بكرێت, بەهۆی ئەو سەركەوتنانەی لەو پرۆژانە هاتووە لە كوردستان بۆ ون نەبوون لەو نووسینانەو باسی چۆنیەتی كارەكان و نەخشەهەڵكۆڵینانەی كردووە لەناو تێكستەكانی بزماری.

پاراستن و مانەوەی پەیكەرەكانی خەنەس
لەبارەی سەری ئەو پەیكەرە گەورەیەی كەوا كەوتۆتە ناو ئاوەكەوە ئایا بەتێپەڕبوونی كات لەناو ناچێت ؟ بەرێوەبەری شوێنەواری دهۆك لە وەڵامدا گوتی: ئەو پەیكەرە ناوی گای باڵدارە و دەگمەن و یەكانەو لە هەرێمی كوردستانە و تەمەنی 2700 ساڵە و لەوانەیە 1000 ساڵ یان زیاتربێت لەوە دەچێت بەهۆی زەمینلەرزەوە كەوتبێتە ناو ئاوەكەوە، بەڵێ‌ بە دڵنیاییەوە تێكدەچێت، نیوەی تەواوی پەیكەرەكانی پاشا و خوداوەندەكان تا سینگیان لەوێ‌ كەوتۆتە ناو ئاو و ئاو بڕیوەیەتی ئەمەش بەتێپەڕبوونی كات و ئێمەش پێمان ناخۆشە و هەڵی ئەوەشمانداوە, بڵام بەردەكە بەهۆی قورسایی 375 تەنە هیچ ئامێرێك نیە لە كوردستان بتوانێ‌ ئەو پەیكەرە هەڵبگرێ و بیهێنینەوە شوێنی خۆی, ئەمساڵ خۆشبەختانە پاش پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا ئێستا ئامێرێك دروستكراوە كە 600 شەش سەد تەنیش دەتوانێ‌ هەڵبگرێ‌ ئەویش تەنیا لە شاری بەسرا هەیە و بەنیازین بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆی ئودونی ئیتاڵی ئەو بەردە بخرێتەوە شوێنی خۆی و ئەمەش بەشێكە لە ناو پرۆژەكەمان و دەكەوێتە ناو پاركە كە گەورەترین پاركی گەشتیاری دەبێت لەسەر ئاستی عێراق و ئەمساڵ دەست پێدەكەین و لە 2026 تەواو دەبێت , لە ئایندە ئەركی ئێمە وەك حكومەت و شوێنەوار قورستتر دەبێت و و بەو هۆیەوە پێویستمان بەدابینكردنی فەرمانبەر و پاسەوان و بودجەی تایبەت دەبێت تا بتوانین كارەكان لەوادەی خۆیان تەواو ببن و دوای تەواو بوونیش پێویستی بەوانە دەبێت هەر لە رووی پاراستن و خاوێن راگرتن و شوێنەوارناس وەك رێبەری گەشتیاری و خزمەتگوزاری ژینگەو سەوزایی و چاودێریكردن دەبێت , بڕی تەرخانكراو بۆمان ئێستا بەشی هاتوچۆ و كەلو پەل و پێداویستی ناكات بۆ رایی كردنی كاری رۆژانەمان كە دوو ملیۆن دینارە.

دكتۆر بێكەس بریفكانی بەرێوەبەری شوێنەوارو كەلەپوری پارێزگای دهۆك دەڵێت: بۆ پاراستنی ئەو شوێنەوارانە وەكو قووبەهان بێت و لەناو بچێت گەڕانەوەی بۆ نییە و هەموو شوێنەوارەكانی كوردستانی كە ناسنامەن لە ئەگەری ئەوەی لە ئاینندەدا ببێتە گانكای داهات گرنگی زیاتر بە كەرتی شوێنەوار بدرێت و دەشڵێت: تەنیا خانووە كەلەپوورەكانی ئاكرێ‌ كە 1800 خانووە و دەتوانرێ‌ ببێتە سەرچاوەیەكی داهاتی باش و بەتایبەتی ئەگەر ئەو خزمەتگوزاریانەی پێویستن بۆ گەشتیاران دابین بكرێن وەك ئوتێل و موتێل لە ناوچەكە مانەوەی و بیانی بەتایبەتی.

بەرێوەبەرى شوێنەوارى دهۆک بۆ خەبات دەدوێ