خەبات: موسلیم دۆڵەمەڕی:- فۆلكلۆر رەمزو هێمای كلتورو داب ونەریتی نەتەوەكانە ,نەتەوەی كوردیش یەكێكە لەنەتەوە هەرە دەوڵەمەندەكانی جیهان بەفۆلكلۆرو كلتوری تایبەت بەخۆی ,بەڵام لێرەدا ئەوە گرنگە كە تاچەند دەنگبێژانی كورد توانیانە فۆلكلۆرو كلتوری نەتەوەی كورد زیندوو ڕابگرن و بەجیهانی بناسێنن، لەم دیدارەدا هونەرمەندی دەنگبێژ مەهدی نایف ئەحمەد گولی زیاتر بۆئێمەی باس لەرەوشی ئێستای فۆلكلۆری كوردی كرد وگوتی:
*سەرەتا بزانین مەهدی گولی كەی دەستی بەكاری هونەری كردووە وەكێ پاڵنەری بووە بۆ هونەری دەنگبێژی؟
چونكە باوك ومامم گۆرانیان دەگوت بۆیە من هەرلەتەمەنی منداڵیەوە حەزی گۆرانی گوتنم لەلاپەیدابوو وە بە بەردەوامی گۆرانیە فۆلكلۆریەكانم دەگوتەوە و بەبەردەوامی گوێگری هونەرمەندان نایف كشانی وشوكری رێكانی دەبووم دەتوانم بڵێم ئەوان بوون بە قوتابخانە بۆ هونەری من.
*بۆچی هونەری فۆلكلۆریت هەڵبژاردووە؟
من هونەری فۆلكلۆریم هەڵبژاردووە چونكە فۆلكلۆر ناسنامەی هەرنەتەوەیەكە لەجیهان نەتەوەی ئێمەش ئەوەندە دەوڵەمەندە بەفۆلكلۆرو كلتورو داب ونەریتی جوان , وە هەروەها بەدەیان داستانی قارەمانێتی و بەرگریكاریمان هەیە كەبەگۆرانی فۆلكلۆریەوە تۆمار كراوە لەلایەن دەنگبێژەكانی رابردوومان بۆیە پێویستە لەسەرمان ئەم جوانیانە و داستانە مێژوویەكانی گەلەكەمان بپارێزین و بەنەوەكانی داهاتوومانی ئاشنا بكەین.
*هونەرەكەت تایبەتە بەناوچەی خۆتان یان بە تەواوی كوردستان؟
نەخێر هونەری من گرێدراوە بەهەرچوارپارچەی كوردستانەوە بەبێ جیاوازی چونكە نەتەوەی كورد خاوەن یەك فۆلكلۆرو كلتوری یەكگرتووە وجیاوازی لەنێواندا نییە مەگەر تەنها لەرووی زاراوە جیاوازی هەبێت ئەویش كێشەنیە چونكە من خۆم ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەم كەبە زاراوەی سۆرانیش فۆلكلۆری هەندێ ناوچەی سۆران زیندووبكەمەوە.
*مەهدی گولی حەزدەكات زیاترلەچ شوێن وكاتێك گۆرانی فۆلكلۆری بڵێت ؟
خۆی گۆرانی فۆلكلۆری تایبەتمەندی خۆی هەیە وە پێموایە كات و شوێنی تایبەتی خۆشی هەیە وە هەروەها گوێگریشی تایبەتە بۆیە من هەمیشە حەز دەكەم لە دیوانی بەتەمەنەكان ولەشەوانی زستان بەدەم شەوچەرەی كوردەواری خۆمانەوە گۆرانی بڵێم.
*تاچەند گۆرانی فۆلكلۆریی گرنگی پێدراوەو پارێزراوە؟
پێموایە ئێستا گرنگی باش بەفۆلكلۆر دەدرێت و ڕۆژ بە ڕۆژیش گوێگری لەزیادبووندایە بەتایبەت لاوانمان چونكە گۆرانی فۆلكلۆر هەرگیز نامرێت وچەندی كۆن ببێت تام وچێژی زیاتردەبێت .وە لەرووی گرنگی وپاراستنیەوە بەڵێ بێگومان ئێمەی كوردخاوەنی سەدان دەنگبێژی بەتواناین لەهەرچوارپارچەی كوردستان كەهەمیشە وەك پارێزەری فۆلكلۆری كوردی كۆڵنادەین و خزمەت بەهونەری گەلەكەمان دەكەین و نەوەی نوێش لەسەر ڕێبازی خۆیان پەروەردە دەكەین.
*دەتەوێت تاكەی خزمەتی فۆلكلۆری كوردی بكەی؟
سۆزمداوە تا دواساتی تەمەنم بەهونەری خۆم خزمەت بەفۆلكلۆری نەتەوەكەم بكەم وە داواكاریشم لەدەزگا ڕاگەیاندنەكان زیاتر گرنگی بە فۆلكلۆری كوردیمان بدەن بۆئەوەی هەمیشە زیندوو بێت و ببێتە قوتابخانەیەكیش بۆ نەوەكانی داهاتووی گەلەكەمان.
