خەبات: مسلم دۆلەمەری:- ئافرەتی كورد هەمیشە بوێر و خاوەن توانا و بەهرەی جۆراوجۆر بووە و هەردەم خەباتی كردووە و تێكۆشاوە لە پێناو دەرخستنی هێز و توانا و بەهرەكانی لەنێو كۆمەلگادا. سیپەل دۆسكی نمونەیەكی ئەو ئافرەتانەیە كە بە بەهرە جوانەكەی (دەستڕەنگینی ) توانیویەتی لێهاتوویی ئافرەتی كورد لەنێو كۆمەلگادا دەربخات.

*سیپەل كێیە و كەی دەستی بەكاری هونەری دەستڕەنگینی كردووە؟
من سیپەل فاخر دۆسكیم ناسراوم بە سیپەل دۆسكی دەرچووی شیكاری نەخۆشیەكانم. هەر لە تەمەنی مێرمنداڵیمەوە واتە قۆناغەكانی سەرەتایم حەزی كاری دەستیم زۆربوو بە بەردەوامی شتی جوان و سەرنجڕاكێشم دروستدەكرد بە كەلوپەلی جیاجیا بۆ خۆم و هاوڕێكانم تا وایلێهات شتەكانم بڵاوبوونەوە و داواكاری خەڵكیشی لەسەر زۆربوو، ئینجا بڕیارمدا كارەكەم بكەم بەشێوەی بزنس و بیكەم بە سەرچاوەی ژیانم.

*چون توانیت لە پاڵ خوێندنت ڕۆژانە ئەمكارە دەستیانە ئەنجام بدەی؟
بەڕاستی بۆمن كارێكی گران بوو و كاری دەستی خۆشی كارێكی گران و وردە، بەڵام گەر خودای گەورە بەهرەیەكی بەمرۆڤ بەخشی پێویستە مرۆڤ پەرەی پێبدات و پشتگوێی نەخات وابكات كەسانی دەوروبەریشی لێی سودمەندبن.

*كارە دەستییەكانی سیپەل زیاتر چین و داواكاری خەڵكی لەسەرچۆنە؟ كارەكانم هەمە جۆرن وەك چنینی جۆراوجۆر لەسەر دەسمال َ و كڵاو و جۆرەها شتی تر، هەروەها جۆرەها ئكسواراتی ئافرەتان و جوانكاری تری نێوماڵ، بەڵام زۆربەی جارانیش كارەكانم لەسەر خواست و داواكاری كڕیارەكانن، چونكە زۆر لە ئافرەتان هەن خۆیان داوای شێوازێكی چنین یان ئكسوارات دەكەن جا چ بۆخۆیان بێت یان بۆ دیاری هاوڕێكانیان. و لە ڕووی داهاتیشەوە بەلێ‌ شوكر بۆخودای گەورە داهاتی باشە و دەتوانم بڵێم بەشێكی باشی لەكەموكوڕییەكانی ژیانمی پڕكردۆتەوە.

*تاچەند بۆ كارەكانت سود لە دیزاینی كەسانی تر وەردەگری؟
بێگومان هەركەسێك لە سەرەتای كارەكانییەوە پێویستی بە لاساییكردنەوەی كەسانی شارەزای پێشخۆی هەیە، بەڵام من ئێستا دەتوانم بڵێم تەواوی كارەكانم بیرۆكە و بەهرەی خۆمن تەنها هەندێجار كڕیارەكان خۆیان داوای هەندێ‌ دیزاین و بیرۆكەی خۆیان دەكەن و منیش خزمەتیان دەكەم.

*تاچەند خەڵكی ئێمە گرنگی بە كارەدەستییەكان دەدەن بەتایبەت ئافرەتانمان بۆجوانكاری خۆیان؟
بەداخەوە تاكو ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە خەڵكی ئێمە بە باشی گرنگی بە كاری دەستی بدەن لە گشت ڕوویەكەوە، چونكە زۆر وا بیردەكەنەوە كە نرخەكانیان گرانن و یان شتێكی وا گرنگ نییە، بەڵام لەگشت جیهاندا كارە دەستییەكان جیاوازن و نرخەكانیشیان گرانترن، چونكە ماندووبوونی زۆر و وردەكاری زۆریشی دەوێت بۆ دروستكردنی.

*كارەكەت بەتەنها دەكەی یان ئافرەتی تر هاوكارتە و دوكانی تایبەت بە كارەكەت هەیە؟
تاكو ئێستا هاوكاری ژمارەیەك ئافرەتم كردووە و فێری كاری دەستیم كردوون، بەڵام وەكو كاركردن ئاكو ئێستا تەنها كاردەكەم ئەویش بەشێوەی ئۆنلاین و شوكر بۆخودا كارەكەم زۆریش باشە، بەڵاَم لەبەرنامەمدایە ئەگەر كاتم هەبێت هەم خولی فێربوونی كاری دەستی بكەمەوە هەم دوكانێكی گەورە بۆ كارەكەم بكەمەوە و چەندان ئافرتیش بخەمە سەركار.

*پێتوایە ئافرەت دەتوانێت خۆی ببێتە خاوەنكاری خۆی و سەرچاوەی ژیانی خۆی؟
هەر ئافرەتێك هەوڵبدات و خۆی ماندووبكات دەتوانێ‌ پشت بەخۆی ببەستێت و بژێوی ژیانی دابین بكات، چونكە ئافرەتی كورد توانیویەتی هەمیشە شانبەشانی پیاوان كاربكات و هێز و توانای خۆی دەربخات، بۆیە ئێمە دەتوانین بەتەنهاش و بەڕاستی بەهرەكانمان پیشانی كۆمەلگاكەمان بدەین . لەكۆتایدا داواكارم لە لایەنی پەیوەندار بەتایبەت ڕێكخراوەكانی مافی ئافرەتان زیاتر گرنگی بە ئافرەتانی بەهرەدار بدەن و شوێنی تایبەتیان بۆ دابینبكەن بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر بەهرەكانیان دەربخەن و هیواداریشم هەموو ئافرەتی بەهرەدار پەرە بە بەهرەكانی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی هەم خۆیان تێیدا سوودمەندبن و هەم ببنە سەرچاوەیەكیش بۆ ئافرەتانی دەوروبەریان.