خەبات: سەید فاتیح بەرزنجی:- بەگوتەی ئەندازیار عیماد محەمەد ئەمین بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانەكانی هەولێر هەموو ساڵێك لە وەرزی هاوین و بەر لەوەی وەرزی زستان بێت، نۆژەنكردنەوەو چاككردنەوەی پڕۆژەكانی ڕێگاوبانەكان باشترین دەرفەتی كاركردنە. بۆ ئەنجامدانی هەموو ئەو كارانەش بەچەندین جۆر بودجە كاریان بۆ دەكرێت. وەك بودجەی مانگانە كە چەند كارێكی خزمەتگوزاری سەرەتایی پێ‌ ئەنجام دەدرێت، كە خۆی لە پڕۆژەی خزمەتگوزاری سەرەكی و خێراكان دەبینێتەوە بەتایبەتی ئەو ڕێگا سەرەكییانەی كە چاڵ و چۆڵێكی زۆریان تیایەو بۆتە هۆكاری كێشەو گرفت و بۆتە جێگەی گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان، بۆیە پێویستە بەرلەوەی كە وەرزی زستان و باران دەستپێبكات بە زوویی چاكیان بكەینەوە بەپێی ئەو بودجەیەی كە لەدەستماندا بێت وەكو ڕێگاكانی هەولێر ـ پردێ‌ و هەولێر ـ گۆمەسپان و سماقولی ـ گۆمەسپان كە بەشێوەیەكی بەردەوام كاری تێدا كراوە و چەندین ڕێگاوبانی دیكەی سەرەكی وەكو ڕێگای (هەولێر ـ مەخمور و ڕێگای هەولێر ـ پردێ‌ و ڕێگای هەولێر ـ گوێر و ڕێگای هەولێر ـ خەبات) هەموو ئەو ڕێگاوبانانە پێویستیان بە زووچاككردنەوە هەیە بەرلەوەی وەرزی زستان بێت و باران ببارێت كاری تیا كراوە.

چاككردنەوەی چەندین ڕێگای سەرەكی و لاوەكی
بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانەكان گوتی: ژمارەیەك ڕێگای سەرەكی و لاوەكیش كارمان بۆی كردووە وەك ڕێگای سەرەكی شێخ توراب كاری زۆری بۆ ئەنجامدراوە وەكو ڕێگای (بەستۆڕە ـ ئیفراز) ڕێگایەكی كۆنە و بەبەردەوامی لەلایەن تیمەكانی ئێمەوە كاری چاككردنەوەی زۆرمان بۆی كردووە و هەوڵی چاككردنەوەی چاڵ و چۆڵەكانی ئەو ڕێگایە دراوە بەشێوەیەكی زانستیانەو تەكنیكی كاری بۆ ئەنجامدراوە تا بەهۆی باران بارینەوە زوو تێكنەچێت و توانیومانە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە چەندین ڕێگاو بانی دیكە چاكبكەبنەوە، لەگەڵ ئەو بودجەیە و لەسەر بودجەی قەپانەكانیش چەندین پڕۆژەمان ئەنجامداوە وەك چاككردنەوەی ژمارەیەك ڕێگاوبانی دیكە كە ئوتومبێلی بارهەڵگری بەسەرەوە یە ئەو ڕێگاوبانانەش كاریان بۆ كراوە. لە ساڵای رابردووشدا بەهۆی ئەو باران بارینە زۆرەوە زیان بەر پردەكان كەوت و ئێمەش كاری چاككردنەوەی پردەكانمان ئەنجامداو تەنیشتی پردەكانمان قایمكردەوە, بەڵام بەگشتی هەموو پردەكان پێویستیان بە توندو تۆڵكردنەوە هەیە، بۆئەوەی لە كاتی باران بارین ئەو پردانە دووربن لە ڕووخان، وەك چاككردنەوەی پردی بەستۆرە لەگەڵ پردی كەڵەك. ئێستا بەرەو وەرزی زستان دەچین چەندین كارمان لەبەر دەستە جگەلەوەش توانیومانە ژمارەیەك پرد بۆیاخ بكەینەوە و جوانكاری بۆ پردەكان دەكەین و ڕووناكیان دەكەینەوە و هەوڵماندا ئاڵای كوردستان دابنێین و توانیمان پردی دەربەندی شەقڵاوەش جوانكاری بۆ بكەین و هێمای هاتوچۆ و فسفۆڕیشی بۆ دابنێین. هەر لە درێژەی گرنگیدان بەپردەكان پڕۆژەیەكی تازەمان داوا كردووە ئەویش دابینكردنی ڕووناككردنەوەیە بۆ زۆربەی پردەكان كە لەكاتی شەودا تاریكن و فسفۆڕیان نییە ئێمە توانیمانە ڕووناككردنەوە بەشێوەی تاقەی ڕۆژ كەپڕۆژەیەكی تازەیە بۆ پردەكان دەستەبەر بكەین لەبەر ئەوەی لەوانەیە هەموو كاتێك كارەبا بۆ پردەكان نەبێت، بۆ ئەوەی بەهۆی تاقەی ڕۆژەوە تەزووی كارەبا بۆ پردەكان دابینبكەین هەركاتێكیش ڕەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژەیە درا دەستدەكەین بە ڕووناككردنەوەی هەموو پردەكان، كارەكە بە دوو قۆناغ ئەنجامدەدرێن و لەوانەیە لە ئاییندەیەكی نزیكدا ڕەزامەندی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربچێت و دەست بە ڕووناككردنەوەی پردەكان بكەین.

ژمارەیەك پڕۆژە لە بواری تەندەرینگدایە
لە كۆتاییدا بەڕێوەبەری چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی هەولێر گوتی: لە ئێستادا بەشێكی زۆری پڕۆژەكانی خۆمان لەبواری تەندەرینگدان و لە ڕێگای پەرەپێدانی پارێزگای هەولێرەوە بودجەیەكی باشیان بۆ دابینكراوە كە خۆی لە 19 تەندەر دەدات كە نزیكەی 38 پڕۆژەیەو لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەو پڕۆژانە دەكەونە بواری جێبەجێكردنەوە. جگەلەو پڕۆژانەیش بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتیان كارمان بۆ ڕێگای دووسایدی تونێلی كۆرێ‌ كرد كە پێشتر بەسەركەوتن و هاتنەوە خوارێی نەبوو، ئێستا ئێمە هەستاین بەدروستكردنی دوو ساید یەكیان بەسەركەوتنە لە كۆڕێ‌ بۆ دوو سایدی كۆرێ‌ و هاتنە خوارێ‌ ئەگەر لە شەقڵاوەوە بێتە خوارێ‌، بەر لە هاتنی وەرزی زستان هەوڵدەدەین چاڵ و چۆڵی ڕێگا سەرەكیەكان بە ئەندازەیی چاكبكەینەوە، هێشتا كاتیش ماوە بۆ هاتنی باران بارین بەڵام تیمەكانمان ڕۆژانە كاری چاككردنەوەی چاڵەكان دەدەن.