وه‌ك پێشتر بانگه‌وازی بۆ كرابوو، ئه‌مڕۆ شه‌ممه ، یەکی تشرینی یەکەم\ئۆکتۆبەر، له ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان مانگرتنی گشتی ده‌ستی پێ كردووه، زانیارییه‌كان ده‌ری ده‌خه‌ن مانگرتنی ئه‌مجاره‌ی رۆژهه‌ڵات، ده‌بێته گه‌وره‌ترین مانگرتن كه له مێژووی ئه‌و پارچه‌یه‌ی كوردستان تۆمار كرابێت.
بڕیاری مانگرتنه‌كه ناوه‌ندی هاوكاریی حزبه‌كانی كوردستانی ئێران، دوای ئه‌وه ده‌ری كرد كه سوپای پاسدارانی ئێران به درۆنی بۆمبڕێژكراو و مووشه‌كی دوورهاوێژ، بۆردمانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران له كۆیه، پارتی ئازادی كوردستان له پردێ و كۆمه‌ڵه‌كان له زڕگوێزی كرد، بۆردمانه‌كه چه‌ند سه‌عاتێك به‌رده‌وام بوو، ده‌یان شه‌هید و برینداری لێ كه‌وته‌وه و سه‌تان خه‌ڵكی سڤیل ژیانیان كه‌وته مه‌ترسییه‌وه
ئه‌مه دووه‌م مانگرتنی گشتییه كه له ماوه‌ی 12 رۆژی رابردوودا له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت. مانگرتنی 19ی مانگ دوای ئه‌وه به‌ڕێوه چوو كه پۆلیسی ئاداب ئیرشادی تاران، كچێكی سه‌قزی به ناوی ژینا ئه‌مینی گرت كه له‌گه‌ڵ براكه‌ی سه‌ردانی شاره‌كه‌یان كردبوو، به‌ڵام دوای چه‌ند رۆژێك، له نه‌خۆشخانه‌وه ته‌رمه‌كه‌یان راده‌ستی بنه‌ماڵه‌كه‌ی كرده‌وه. خێرا ئه‌وه ئاشكرابوو كه كچه‌كه به‌هۆی لێدان و ئه‌شكه‌نجه مردووه، بۆیه‌ش خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان جگه له مانگرتن، به خۆپێشاندان و دروشمی توند له دژی كۆماری ئیسلامی و پاشان ژنان و كچان به فڕێدانی له‌چكه‌كان، وه‌ك سیمبولێك بۆ پاڵپشتیكردن له ئازادی، توانیان په‌یامێكی به‌هێز به گوێی ته‌واوی ئێران و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بده‌ن.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان وایكرد، خۆپێشاندان بۆ شاره‌كانی تری ئێران په‌ره بستێنێت و له ماوه‌ی كه‌متر له هه‌فته‌یه‌ك، ته‌واوی پارێزگاكانی ئێران بگرێته‌وه. شه‌پۆلی خۆپێشاندانه‌كان ئه‌وه‌نده به‌هێز و كاریگه‌ر بوون كه پایه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی به له‌رزه خست و له كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ناوه‌نده سیاسییه‌كانی دنیا، ته‌نانه‌ت رێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، ده‌نگدانه‌وه و هه‌ڵوێستی جیاوازی هاوسۆزی و پاڵپشتی به‌دواوه بوو.