سه‌ره‌تا هزرو هونه‌ر ڕۆژە حەسەن: سینەما نێوەندێكە بۆ گەیاندنی پەیامەكان

ڕۆژە حەسەن: سینەما نێوەندێكە بۆ گەیاندنی پەیامەكان

38

خەبات: پەریهان عومەر:- شانۆكار ڕۆژە حەسەن ساڵح، ساڵی (١٩٨٢) لە گەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی لە دایكبووە، چالاكوانی مافی مرۆڤ و پرسی ژنانە، ڕاهێنەری بواری گەشەپێدانی كولتوورە، ماوەی پانزە ساڵە لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیدا كار دەكات، ئێستا بەڕێوەبەری پرۆگرامی گەشەپێدانە لە ڕێكخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان(PDO).

شانۆكار ڕۆژە حەسەن لە دیداڕێكی تایبەت بە(خەبات)باس لەكارو پیشەی خۆی دەكات و دەڵێت: من لە بواری شانۆی مناڵانیشدا چەند دەقێكی شانۆییم نووسیوە، هەندێك لە شانۆنامەكانم نماییشكراون و خەڵاتی یەكەمی وەزارەتی ڕۆشنبیریی بۆ نووسینی شانۆییەكی منداڵانم وەرگرتووە و دوو كتێبی شانۆنامەی منداڵانیشم چاپ و بڵاو بوونەتەوە جگە لەوەش شیعریش دەنووسم و چەندین تێكستی شیعرییشم لە گۆڤار و ماڵپەڕە جیاجیاكاندا بڵاو كراونەتەوە.

هەروەها لە بارەی خوێندنی دەڵێت: لە ساڵی (٢٠٢٠) بەشی فیلمسازییم لە كۆلێژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی تەواو كردووە و هاوكات یەكێك بووم لە سێ یەكەمەكەی بەشەكەمان،بە گشتی بایەخی سەرەكی نووسین و كارە سینەماییەكانم پەیوەستن بە ڕۆڵی ژنان لە كۆمەڵگەدا، لە ڕێی زمان و موودی سینەماوە پرۆدیوسەرو سینارست و دەرهێنەری سێ كورتە فیلمم بە ناوەكانی ( شاراوە، ١٨-١٩- یوسف) هونەرمەند لە ساڵی (٢٠٠١ )بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی تەواوكردووە،لە ئێستادا هەردوو كورتە فیلمی ( یوسف، ١٨-١٩) نوێترین كاری ئەو هونەرمەندەن و بەم نزیكانە نمایش دەكرێن، سینەما نێوەندێكە بۆ گەیاندنی پەیامەكانی، سەرجەم كارەكانی كاركردنە لەسەر شوناسی ژن لە كۆمەڵگەدا.