
خەبات: ڕەمزی میرەكانی:- ناكۆكی لە نێوان هیندستان و پاكستان كە 75 ساڵ پێش ئێستا، لە منداڵدانی دابەشبوونی خوێناوی بریتانیا لە دایك بووینە بەردەوامە، هەردوو وڵاتیش لەسەر هەژموون لە ناوچەی كشمیر ململانێی یەكتری دەكەن. ئەو دوو وڵاتە كە ئێستا هەردووكیان خاوەن چەكی ئەتۆمین، بە چەندین هەوراز و نشێودا ڕەت بووینەوە. لە شەوی 14 لەسەر 15ـی ئابی 1947دا، جێگری پاشا لە هیندستان، لۆرد لویس ماونباتن، پەردەی بەسەر دوو سەدە لە دەسەڵاتی بریتانیا دادایەوە و نیمچە دوورگەی هیندی، لە نێوان هیندستان كە هیندۆسەكان تێیدا باڵا دەست بوون لەگەڵ پاكستان كە زۆرینەی موسڵمان بوون دابەش بوو. ئەو دابەش بوونەش كەبەباشی ئامادەسازیی بۆ نەكرابوو، بووە هۆی پەڕاگەندەبوونی زیاتر لە 15 ملیۆن كەس، سەرهەڵدانی شەڕ و ئاژاوەی هۆزگەریی و كوژرانی زیاتر لە یەك ملیۆن كەس. لە دوادواییەكانی ساڵی 1947دا، جەنگ لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دراوسێیە لەسەر كشمیر هەڵگیرسا، كە زۆرینەی دانیشتوانی موسڵمانن و دەكەوێتە هیمالایا. لە كانونی دووەمی 1949دا، هێڵی ئاگربەست، كە بە درێژایی 770 كیلۆمەتر بوو و پشتیوانی نەتەوە یەكگرتووەكان دیاریی كرا و ئەو ناوچەیە ئێستا بە (هێڵی بەرزەفت كردن) ناسراوە و ڕێوشوێنی سەربازیی توند لە هەردوولای گیراوەتە بەر. ئێستا ڕێژەی %37 ناوچەكە لە ژێر دەسەڵاتی پاكستان و ڕێژەی %63 ناوچەكەش لەژێر دەسەڵاتی هیندستان دایە، هەرچەندە هەردوو وڵات داوای تەواوی ناوچەكە دەكەن.
جەنگی بەردەوام
پاكستان لە مانگەكانی ئاب و ئەیلولی 1965دا، بۆ دەست بەسەرداگرتنی كشمیر، جەنگی لە دژی هیندستان بەرپا كرد. جەنگەكەش دوای حەوت هەفتە هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بەڵام بە ناوەندگیریی یەكێتی سۆڤیەت جەنگەكە وەستا. هەردوو وڵاتی دراوسێ لە ساڵی 1971دا، سێیەم جەنگیان لەدژی یەكتری بەرپا كرد، جەنگەكەش ئەو جارە لەسەر ئیسلام ئاباد بوو، كە ئەو دەم بە (پاكستانی ڕۆژهەڵات) دەناسرا، چونكە نیودلهی پشتەوانی لە نەتەوەخوازانی بەنگالی دەكرد، كە هەوڵیان بۆ سەربەخۆیی دەدا، كە لە مانگی ئاداری 1971دا، بووە وڵاتی بەنگلادیش، لەو جەنگە ماوە كورتەدا، سێ ملیۆن كەس بوونە قوربانی. لە ساڵی 1989دا، راپەڕین لە كشمیر لە دژی دەسەڵاتی نیودلهی كرا، كە بووە هۆی كوژرانی هەزاران جەنگاوەر و مەدەنی لە ساڵانی دواتردا، ئەوەش بە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان هێزەكانی ئاسایش و چەكدارانی كشمیر بوو لە ناوچەكەدا. لە ساڵی 1990دا، هەزاران هیندۆسی لە كشمیر بەرەو ناوچەكانی دیكەی هیندستان هەڵاتن، لە ترسی ئەوەی نەوەكو بەر هێرشی تۆڵەسەندنەوە بكەون. لە ساڵی 1999دا، چەكدارانی پشتەوانیكراو لەلایەن پاكستانەوە، لە سنووری كشمیری كێشەلەسەر پەڕینەوە و دەستیان بەسەر چەندین بنكەی سەربازیی هیندستانی داگرت لەسەر لووتكەی چیای كارجیلدا. جەنگەكە دە هەفتەی خایاند و نزیكەی هەزار كەس لە هەردوو لاوە بوونە قوربانی و جەنگەش لەژێر گوشاری ئەمریكاوە كۆتایی هات. لە ساڵانی 2001 و 2002یشدا، سەربازانی هەردوو لا لە دژی یەكتری كەوتنە جوولە و سەنگەریان لە یەكتری گرت، ئاگربەست لە ساڵی 2003 ڕاگەیاندرا و ساڵی 2004یش، هاماوی ئاشتی خرایە ڕوو، بەڵام هیچ ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبوو. لە تشرینی دووەمی 2008دا، چەكدارانی ئیسلامی هەڵیان كوتایە سەر شاری بۆمبای لە هیندستان و 166كەسیان كوشت. هیندستان، دەزگای هەواڵگری پاكستانی لەو هێرشەدا تۆمەتبار كرد و هاماوی ئاشتی هەڵپەسێردرا. ساڵی 2001، پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات دەستی پێ كردەوە، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوە ماوە ماوە هەر ڕووی دەدا. لە كانونی دووەمی 2015یشدا، ناریندرا مودی، سەرۆك وەزیرانی هیندستان، سەردانێكی كتوپڕی بۆ پاكستان كرد. ساڵی 2019، هیندستان لە هیكڕا دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمی سنوورداری لە كشمیر ڕەت كردەوە و هەزاران سیاسەتكاری نەیاریشی لە ناوچەكەدا دەستگیر كرد.
پانۆرامای ڕووداوەكان
ساڵی 1947 دوای ئەوەی هیندستان و پاكستان سەربەخۆییان لە مژەریی بریتانی وەرگرت، بوونە دوو دەوڵەتی سەربەخۆ، بەڵام ئەو جیابوونەوەیە چەندین كوشتارگەی خوێناویی لەهەردوولای سنوورەكە لێ كەوتەوە، بە تایبەتی لە كشمیر و بنجاب كە كەوتووەتە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵاتەوە. ئەگەر چاوێك بە مێژوویدا بخشێنین سەبارەت بەو دوو وڵاتە كە پێشتر یەك وڵات بوو ئەو ڕاستییانەمان بۆ دەردەكەوێت:-
1858: هیندستان كەوتە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی بریتانیا، دوای یاخبوونە سەرنەكەوتووەكەی ساڵی 1857.
1885: كۆنگرەی نیشتمانی هیندستان دامەزرا و بووە كانگەی هەستی نەتەوایەتی چەكەرە كردوو.
1906: دەستەی هەموو موسڵمانی هیندستان، بۆ داكۆكی كردن لە بەرژەوەندی سیاسیی موسڵمانانی ئەو وڵاتە دامەزرا.
1920: مهاتمان غاندی، كەسایەتی نیشتمانی، هەڵمەتێكی مانگرتنی مەدەنی دژ بە دەسەڵاتی بریتانیا ڕاگەیاند.
1930: محەمەد ئیقبالی شاعیر ناسراو بە (زانا) داوای بەرپاكردنی دەوڵەتێكی ئیسلامی سەربەخۆی كرد.
1933: ڕەحمەتوڵڵا شۆردی، قوتابی لە كامبریدج، ناوی پاكستان كە لە زمانی ئەردی دەكاتە (خاكی پاك) داڕێشت.
1940: محەمەد عەلی جەناح، سەرۆكی دەستەی موسڵمانانی هیندستان، داوای دامەزراندنی دەوڵەتێكی ئیسلامی سەربەخۆی كرد.
تەموزی 1946: پلانەكەی بریتانیا بۆ كاركردنی موسڵمان و هیندۆسەكان لە چوارچێوەی هیندستانێكی یەكگرتوو شكستی هێنا.
ئابی 1946: توندترین ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان موسڵمان و هیندۆسەكان لە كەلكوتا ڕووی دا و نزیكەی پێنج هەزار قوربانی لێ كەوتەوە، بریتانیاش باوەڕ بەوەی هێنا، جیابوونەوە باشترین چارەیە.
= حوزەیرانی 1947: محەمەد عەلی جەناح و جواهر لال نەهرۆ، سەركردەی كۆنگرێس، بەو پلانی دابەش كردنە ڕازی بوون، كە سیاسەتكاری بریتانی، لۆرد مۆنتباتن، خستییە ڕوو.
= تەموزی 1947: پەرلەمانی بریتانیا بڕیاری لەسەر سەربەخۆبوونی هیندستان دا و فەرمانیشی بە كێشانی سنووری هەژموونی نێوان هیندستان و پاكستان كرد.
= 14-15 ئابی 1947: دوو وڵاتی سەربەخۆ لە دایك بوون، هیندستانی عەلمانی خاوەن زۆرینەی هیندۆسی و پاكستانی خاوەن زۆرینەی موسڵمان.
= 15ـی ئابی 1947: یەكێتی هیندستان دامەزرا. كە پاشان لە ساڵی 1950دا، بووە كۆماری هیندستان.
= 15ـی ئابی 1947: قەوارەی پاكستان دامەزرا. كە پاشان لە ساڵی 1956دا، بووە یەكەم كۆماری موسڵمان.
چەند زانیارییەكی گرنگ
ئەگەر بۆ ڕابردووی سەروبەندی سەربەخۆیی ئەو دوو وڵاتە بگەڕێینەوە چەندین زانیاریی هەیە كە پێویست بەوە دەكات تیشكیان بخەینە سەر.
– بە گوێرەی ئامارێكی ساڵی 1951دا، ژمارەی موسڵمانان لە هیندستان پێش دابەش بوون لە %60 بوو.
– 7 ملیۆن و 266 هەزار، ژمارەی ئەو موسڵمانانەیە كە لە هیندستانەوە بۆ پاكستان كۆچیان كردووە.
– 7 ملیۆن و 249 هەزار، ژمارەی ئەو هیندۆس و سیخانەیە كە لە پاكستانەوە بۆ هیندستان كۆچیان كردووە.
– مهاتما غاندی، كەسایەتی نیشتمانی هیندستان،لە دژی دابەش بوونی هەردوو وڵات بوو.
– جواهر لال نەهرۆ: بووە یەكەم سەرۆك وەزیرانی هیندستان لە سەردەمی سەربەخۆییدا.
سەرچاوە: www.aawsat.com