سه‌ره‌تا چاوپێكه‌وتن لە ئایندەیەكی نزیكدا شارەوانی دەست بە جێبەجێكردنی یاسای بەكرێدانی شۆڵدەر دەكات

لە ئایندەیەكی نزیكدا شارەوانی دەست بە جێبەجێكردنی یاسای بەكرێدانی شۆڵدەر دەكات

200

خەبات: ئاشتی شەهباز:- ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی هەولێر و ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر، لەم راپۆرتەی رۆژنامەی خەباتدا، زانیاری لەبارەی ئەرك و كارەكانی فەرمانگەمانیان دەخەنەڕوو و باس لەوەیش دەكەن، كە پلان و بەرنامەی كاری داهاتوویان ئاسانكاری و جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییە تایبەتەكانە سەبارەت بە شۆڵدەر و شۆستە و شوێنی پەڕینەوەی هاووڵاتیان و ئەو رێكارانەیش كە بەرانبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر.

عەبدولواحید ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی هەولێر، لەبارەی پەیوەندی نێوان شارەوانی و ئەندازەی هاتوچۆ لەكاتی دیاریكردنی ئەو گەڕەكانەی بڕیاری دروستكردنی لەسەر دەدرێت، بە خەباتی گوت: سەرەتا لەرێگای چەندین كۆبوونەوە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر یان لەسەر ئاستی وەزارەتی شارەوانی یا سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنجامدەدرێت و نوێنەری ئەندازەی هاتوچۆ و بەرێوەبەری هاتوچۆی هەولێر و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی و بە ئاگاداری ئەوان بەرێوەدەچێت، لەو خاڵانانەی كە پەیوەست بێت بەئەندازەی هاتوچۆ، ئێمە چ بە نووسراو یان بە كۆبوونەوەكان ئاگاداردەكرێینەوە.

سەرۆكی شارەوانی هەولێر زیاتریش گوتی: ئەو كارو نەخشە و ماستەرپلان و كاری نەخشەی كەرتەكان زیاتر ئەركی ئاوەدانكردنەوەیە، لە هەولێر بەهاوبەشی سەرۆكایەتی شارەوانی ئەنجام دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە دروستكردنی هەردەرچوونێك لەسەر شەقامێكی سەرەكی بەدڵنیاییەوە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆ مامەڵە دەكەین و رۆژانە كاری پێكەوەییمان هەیە.

لەبارەی دروستبوونی قەرەباڵغی لە شەقامەكان و هێنانە دەرەوەی كەلوپەل لەلایەن دوكانداران و راوەستانی شوفێران لە لێواری شۆڵدەرەكانی سەر شەقام، سەرۆكی شارەوانی هەولێر گوتی: ئەركی ئێمە رێكخستنی شۆڵدەرو رێكخستنی هاتوچۆی هاوڵاتیانە لەرێگای چاودێرانی هەر شەش شارەوانییەوە، كە رۆژانە خەریكی رێكخستن و سزادانی ئەو سەرپێچیكارانەیان لە ئەستۆیە، كە بوونەتە رێگر لەبەردەم هاتوچۆی هاوڵاتیان، بەداخەوە هێنانە دەرەوەی كەلوپەل لە دوكانەكان بۆتە كەلتور، ئێمە رۆژانە رێنماییەكانیان پێ‌ دەدەین و سزای ئەوانەش دراوە، كە پابەندنەبوونە.

سەرۆكی شارەوانی دەشڵێت: ئومێدمان وایە هاوڵاتیان پابەندی ئەو رێنمایی و یاسایانەی شارەوانی بن، لەبەرئەوەی ئەگەر پابەند نەبن، ئێمە ناچار دەبین سزای توندتریان بەسەر بسەپێنین، ئینجا سزای پێبژاردن بێت یان داخستنی شوێنەكانیان بێت ، چونكە شارەوانی لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست دەكات بە جێبەجێكردنی یاسای بەكرێدانی شۆڵدەر، بەمەبەستی رێكخستنی شەقام و شۆڵدەرەكانی ناوشار، بۆ ئەم مەبەستەیش لە ئەولەویەتی كارەكانماندایە كە رەچاوی هاتوچۆی هاووڵاتیان بكرێت، لەبەر ئەوەی شۆستە رێگای هاتوچۆكارانە.

ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا عومەر بەرێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت: رێكخستنی ناو شار و نەهێشتنی قەرەباڵغی پەیوەندی بە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن، وەزارەتی شارەوانی و بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر و ئینجا بەئەندازەوە هەیە، ئێمە تا رادەیەك هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و چەندین كۆبوونەوەمان ئەنجامداوە و پێموایە ئێستا پرۆژەیەكیان لەبەر دەستە كە ئەوەیش سیتی پاسە.

ئەو بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆ هۆكاری سەرەكی قەرەباڵغی ناو شاری گەڕاندەوە بۆ نەبوونی هۆكارەكانی گواستنەوەی گشتی و دەڵێت: لەبری ئەو هەموو تەكسی و ئوتومبێلانەی ناو بازاڕیان تەنیوە، بریاڕە ماستەرپلانی شاری هەولێر هەمواربكرێتەوە، كە شارەوانی بەكارەكە هەڵدەستێ‌ بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان و یەكێك لەو لەو لایەنانەیش دابینكردنی ئامرازی گواستنەوەی گشتییە بۆ هاوڵاتیان.

سەبارەت بەو گوندو كۆمەڵگایانەی دروستدەكرێن و لە وەڵامی ئەو پرسیارەی چ هەماهەنگییەكیان لەگەڵا ئەندازەی هاتوچۆ هەیە؟ ئەو دەڵێت: پێشتر هەمانگییەكی ئەوتۆ نەبوو و نەدەگەڕایەوە لای پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر و ئەندازەی هاتوچۆ، نزیكەی ساڵێكە دوای ئەوەی قسەمان لەگەڵ پارێزگای هەولێر كرد تا رادەیەك لەزۆربەی ئەو شوێنانەی دروستدەكرێت رای هاتوچۆی لەسەر وەردەگرێت و بەتایبەتی دیاریكردنی شوێنی چوونە ناوەوە و دەرچوون و ئەوەی دەگەڕێتەوە لای دیاریكردنی شوێنی پاركینگ، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لەو جێگایانە كەمبكەینەوەو شوێنی دیاریكراویان هەبێت، بەتایبەتیش كاتێك شارەوانی نەخشەی ئەو كۆمەڵگایانە دەگەڕێنێتەوە هاتوچۆ و ئەندازە بۆ ئەو شوێنانەی بەمەبەستی بازرگانی دیاریكراوە كە لە ئایندەدا دروست دەكرێن بەپێی ئەو تایبەتمەندیانەی بۆی دیاریكراوە.

سەبارەت بە شوێنی تایبەت بە پەڕینەوەی شەقامەكان ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا دەڵێت: تا رادەیەكی باش شوێنی پەڕینەوەی پیادە هەیە، لەو شوێنانەی خێراییان زۆرە ناكرێ‌ شوێنی پەڕینەوە دروست بكرێت و لە كارنامەی ئەمساڵدا لە هەوڵی دروستكردنی پردی پەڕینەوەین، ئەو پردانەش هەر لەلایەن بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دروست دەكرێن، بۆ ئەو جێگایانەی پێویستن و دەستنیشان كراون، بە هەمانگی پارێزگای هەولێر و وەزارەتی شارەوانی لە ئێستادا خەریكی دانانی دوو پردین لە سەر شەقامی 100 مەتری، یەكێكیان لەبەردەم نەخۆشخانەی رۆژهەڵات و ئەویتریان لای كۆلیژی ئاداب سەر رێگای كەركوك، هەروەها ئەو شوێنانەی دیكە كەوا لە ئایندەدا پردیان بۆ دروست دەكرێت، وەك بەردەم بەشە ناوخۆیی شەهید شەوكەت شێخ یەزدین و پێش نەخۆشخانەی كۆماری و فریاكەوتنی رۆژئاوا و چەند شوێنكی تریش.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەیش كە ئایا رێكارە یاساییەكانی دروستكردنی تاسەی ناو كۆڵان و سەر شەقام چۆنە؟ ئایا رێپێدراوە هاووڵاتیان تاسە دروست بكەن لەو شوێَنانەی مەبەستیانە؟ ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا گوتی: رێكارەكانی یاسای هاتوچۆ بەو شێوەیە دەست پێدەكات كەوا هەر لایەن یان هاووڵاتییەك داوای تاسە دروستكردن بكات، داوایەك پێشكەش بە بەرێوەبەرایەتی ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر دەكات، ئێمە لێژنەمان هەیە بەهەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی ناو شاری هەولێر رۆژهەڵات و رۆژئاوا دوای كەشفكردنی شوێنەكە بڕیار دەدرێَت، كە ئایا ئەو شوێنە پێویستی بەتاسە دروستكردن هەیە یان نا، بۆیە لەهەر شوێنێك تاسە دروستكرابێت بەبێ‌ رەزامەندی فەرمی، تاسەكە هەڵدەگیرێت و لەو بارەیەوە ئێمە ئاگاداری شارەوانی دەكەینەوەو شارەوانی تاسەكە هەڵدەگرێت، ئێمە دوو جۆر تاسەمان هەیە، تاسەی كۆنكرێتی و تاسەی پلاستیكی، تاسەی كۆنكریتی بۆ ئەو شەقامانە دروست دەكرێت كەوا قەرەباڵغی زۆری لەسەرەو بەتایبەت ئوتومبێلی بارهەڵگر، بۆ گەرٍەك و شەقامەكانی ناو كوڵان تاسەی پلاستیك دروست دەكرێت.

بەڕێوەبەری ئەندازەی هاتوچۆی هەولێر باسی لەوەش كرد كە كارەكانی داهاتوویان بریتی دەبێت لە چاككردنەوەی گارد درێڵەكانی شەقامی 120 مەتری و ناوشار، تاوەكو پێچەكانی پیرمام و گۆڕینی فسفۆرو هێماكان و بۆیەكردنی ئەو شوێنانەی پێویست دەكەن یاخود نەماوە و كاڵبوونەتەوە، ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا لەبارەی جێبەجێكردنی كارەكانیان وەكو ئەندازەی هاتوچۆ گوتی: لەرووی ستافی هونەرییەوە پێویستییمان هەیە.

ئەندازیار دیلان عەبدوڵڵا
عەبدولواحید ئەحمەد