سه‌ره‌تا هزرو هونه‌ر بەیان ئیبراهیم: شیعر ئەو دنیایە كە لە خەیاڵی شاعیردا روئیای تاكە بۆ...

بەیان ئیبراهیم: شیعر ئەو دنیایە كە لە خەیاڵی شاعیردا روئیای تاكە بۆ وجود

349

خەبات: حەمە ئەحمەد جاف:- بەیان ئیبڕاهیم رەحیم دانیشتوی شاری سلێمانی هەر لە سلێمانی نییشتەجێیە، وەك پیشە فەرمانبەرە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گشتی لە سلێمانی وەك خۆی گوتەنی: دەستپێكی نووسینم سەرەتای پێگەشتنی ژیانم بوو كە كەوتمە بیركردنەوە لە ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی ئێستا لە نووسین بەردەوامم و هاوكات چەندین وتارم هەیە، كەلە بەرگێكدا ساڵی 2014چاپمكردوون بەناوی (نیگای بەیان) خاتوونی شاعیر و نووسەر سێ كتێبی بە چاپگەیاندووە، دوو كتێبی شیعرە یەكەمیان بەناوی (ئێوارەیەكی پەمەیی) ساڵی ٢٠١٦، دووهەمیان بەناوی (وەرە بمكە باخچە) ساڵی ٢٠١٩، خاتوو بەیان بەشداری چەندین فستیڤاڵ و كۆڕی شیعریی كردووە و بە دەیان خەڵاتی وەرگرتووەو هەروەها لە زۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامە و سایتەكاندا وتارو بابەتی ئەدەبیی و رۆشنبیریی و سیاسی بڵاو بۆتەوە، وەك ژنە شاعیر و نووسەرێك زۆر لە دەقە شیعریەكانی بۆ سەر زمانی عەرەبی و زمانی فەڕەنسی و زمانی فارسی و زمانی ئینگلیزی وەرگێڕدراون، خاتوو بەیان لە دیدارێكدا بۆ (خەبات) لە سەرەتای ئەزموونی نووسینی شیعرەوە دەستی پێكردو گوتی: ئەزمونی شیعریم دەگەڕێتەوە بۆ ساتی خەیاڵەكانم كەواتە لە مێژە ئەو خەیاڵەم لادروست بووە كە هەست و نەستی خرۆشاندم.

*پێناسەت بۆ شیعرو شیعریش لای تۆ چی دەگەیەنێت؟
ـ شیعر ڕەسمكردنی ئەو دنیایە كە لە خەیاڵی شاعیردا دروست دەبێت ، واتا ئەو كاتەی كە دنیا بە خواستی شاعیر نیە ، ئیشی شیعر تێكشكاندن و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ئەو دنیایە كە شاعیر لە ڕێی زمان و وشەوە دروستی دەكات، شیعر ماڵێك بێت بۆ ئاسوودەیی.شیعر روئیای تاكە بۆ وجود, شیعر دروشم نیە بۆ كایەكانی ژیان, شیعر دەستكاریكردنی ڕەسمی وجود و دروستكردنەوەی خودێكی تر و دنیایەكی تر , شیعر گەڕانە بەدوای جوانیەكانی ژیان و هەڵهاتن لە غەریزە شەیتانیەكانی بەشەر ، شیعر ماڵێكە لە جوانی لەوێنە لە مۆسیقا میوانداریمان دەكات بۆ دووركەوتنەوە لەو دنیا جەنجاڵ و بەرژەوەندیخوازەی كە ئینسانی تێفڕێدراوە،لەوێ لە دنیای شیعرداهەموو شت قسە دەكات هەموو شت زمانی هەیە،دەتوانی قسە لەگەڵ بنجە گیایەك بكەی،دەتوانی قسە لەگەڵ دارچنارێك بكەی،لەوێ دەتوانی لەگەڵ دار ھەنارێك دابنیشی و گوێ لە حكایەتەكانی بگری كە چۆن گوڵەكانی سوور دەبن ، بۆچی دڵی هەنارەكان شەق دەبات هەمویت بۆ باس دەكات ،هۆكاری شەق بون دڵی هەنارەكانی پێدەڵێت ، شیعر گەڕانە بەدوای لەتەكەی خۆیدا لەتە ئۆرجیناڵەكەی خۆت ، هیچمان مرۆڤێكی تەواو نین لەتێكین لەسەر ئەرزی واقع ئەو كاتەی دەچینە ناو دنیای شیعر لەتە حەقیقیەكەی خۆمان ئەدۆزینەوە،دەبین بە مرۆڤێكی تەواو بۆیە هەموو كەس پێویستی بەدنیای شیعر هەیە بۆ دۆزینەوەی خودێكی كامڵ.

*شیعرت بۆ پیاو نووسیوە؟ یان ئامانجت چییە لە نووسیندا واتە بەڕای تۆ شیعر هۆكارە یان ئامانج؟
– شیعر وەك ئاوی كانی وایە سەرچاوەكەی عەشقە جا تەفسیركردنی عەشق بۆ پەیوەندی تەنها نێر و مێ بچوككردنەوەی شیعرە ، شیعر ماناكانی ژیان دۆستی و شیعر دۆستیە ، عەشقیش جوانی بینینە ، عەشق بۆ ژیان ، بۆ گوڵێك ، بۆ سروشت بۆ بەربوونەوەی پەڕی باڵی مەلێكی كۆچەری و هتد ، دنیایەكی تر لە عەشق ، عەشق و جوانی سەرچاوەی شیعرە لە ماڵی شیعردان، بۆیە بێ عەشق شیعر نابێت.
ئامانجی شیعریش گەیشتنە بە راستی رەها ، نەك گرنگیدان بە شتە لاوەكیەكان ، شاعیر بەهۆی ئەو خوازە زیندووانەی پێشكەشیان دەكات زمان گەنج دەكاتەوە، لە بەر ئەوەی زمان ئامڕازی خەیاڵە و خەیاڵیش توانای خوڵقاندنی هەمووشتەكانی هەیە ، كەواتە خەیاڵ بە ئاسانی دەتوانێت دووبارە بە پێی پێویستیەكانی خۆی زمانی خەڵك بكاتەوە ، هەریەك لە شاعیرو فەیلەسوف بە دوای حەقیقتێكدا وێڵن ، بەڵام شاعیر ئامانجی ئەوەیەكارێكی ھونەری جوانی لێ بەرهەم بهێنێت ، بۆیە دەبێت ئەوەی دەینوسێ دەبێت رامیبكات كە لە دروستكردنی كارە ئەدەبییەكەیدا بەكاری دەهێنێت وملكەچیان بكات بۆ میزاجە كەسییەكەی خۆی، لە كۆتاییدا زەرورەت ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت تیشك ئاڕاستەی كاروانی رەخنە و پەرەسەندنەكەی بكەین بۆ ئەوەی خوێنەرلەسەر پێگەی مێژووی بەشەكان رابوەستێت.

*ئاشنایەتیت لەگەڵ كتێب و خوێندنەوە دا ؟
– بۆ من كتێب ماڵی دوهەممە گەورەترین سەرچاوەی شوناسی مەعریفەیە و هەر بەردەوامم لە خوێندنەوەی كتیب بە هەموو جۆرەكانیەوە ، بەڵام شێوەیەكی گشتی مەرج نییە خوێندنەوەی كتێب بكەینە شوناسی مەعریفە بۆ تاكی كورد، چونكە زۆر جار ئەو زانیارییەی لە خوێندنەوەی پەرەگرافێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەیخوێنیتەوە، یان لە درامایەك وەریدەگری، یان لە پانێلێك بە دەستی دەهێنی، رەنگە ببێتە جێگرەوەی خوێندنەوەی چەندین كتێب، كەواتە ئەوەی گرنگە خوێندنەوەی كتێبێك نییە، بە قەت ئەوەی كرانەوەی عەقڵیەت و هەزمكردنی دەسەڵاتی زمانەكەیە.

*داهێنان و گەشەی ژینگەییی و ترس و ئازادی لە نووسیندا ؟
– گەشەكردن ژینگەی تایبەتی خۆی هەیە ، خۆ ی ئەگەر ژینگەیەكی تەندروست و لەبار نەبێت بۆ پرۆسەی نوسین ئەوا نوسین وەك قۆناغی دەست پێكردنی ئیفلیج دەبێ ، ژینگە و كەشی لەبار بۆ پرۆسەی نوسین ئازادیە ، ئازادی بە مانای ڕۆحی نوسین ، لە بەرامبەردا ئەوەی دەبێتە لەمپەر و قەید بۆ نوسین ترسە ، جا ئەگەر نوسێنێك لە كەشێكی تەواو ئازادا دروست ببێ ئەوا قۆناغەكانی گەشەسەندنی تەواو دروست دەبێ تا ئەو شوێنەی داهێنان دەكات و دەبێتە هۆیەك هەم بۆ فراونتركردنی و ئازادی و هەم بۆ ڕۆشنبیرتركردنی پاشخانی ڕۆشنبیری تاك و كۆمەڵگا ، بەڵام ئەگەر نوسەرێك قەید بكرێت یان دیوارێكی كۆنكرێتی لە ترس بە دەوری هزریدا دابنرێ ئەوا نە نوسین دەتوانی بەرهەمهێنی داهێنان بێ وە نە ئازادی وەك سروشتی خۆی دەتوانی گەشە بكات، ترس دروستكردن بۆ نوسەر ترس دروستكردنە بۆ ڕای ئازاد و تاكی ئازاد ، لەم نێوەندەشدا بۆ جیاوازی ڕەگەز لەم ژینگانەی ئێمەدا تەواو قورسە، بۆ ژن بیەوێ بنووسێت ، یان هەست بكات توانای نووسینی هەیە ئەوا زۆر بە خێراتر لەوەی پیاوێ دەیكا ڕووبەڕوی ترس دەبێتەوە ، هەمو جۆرەكانی ترس، ترسی كلتور ، ترسی خێزان، ترسی كۆمەڵگا و عاداتی باو، ترس لە باوكان ، ترس لە دین ، ترس لە ژنێتیی ، هەزاران جۆری ترسی تر، كە ئەم ترسە، ترسە لە پیرۆزی.

*قەڵەمی ژن، لە نووسین و شیعردا چۆن دەبینی و تاچەند ئەوقەڵەمە بۆتە چەكی داكۆكیكار لە مافەكانیان و چارەسەری كێشەكانیان؟
-نووسینی ژنانە واڵاكردنی پەنجەرەكەیە بۆ هەناسەدان، ئەمەش وای لە بزوتنەوە ژنانییەكان كرد كە نووسین بكەنە ئەو هۆكارەی گوزارشت لە ئازادییەكانیان بكات، چونكە ئەوە ڕوون وئاشكراشە كە پیاوان ناتوانن دەربڕی گشت ئازارو خواستە ژنانەكان بن هیچ وێنایەكی ئازاری ڕاستەقینەی ژنانیان پێناكرێت.چونكە پیاو هەمیشە دەستێكی پڕە لە گوڵ و بە دەستەكەی دیكە چەقۆی هەڵگرتووە،ئەمە نامۆ بوونی ژن نیشان دەدات لەدیدی پیاوانەوە وەك ئێلین شواڵتەر دەڵێت: جیاوازییەكی قووڵ هەیە لەنێوان ئەوەی ژنان دەینووسن و ئەوەی پیاوان دەینووسن، نوسینی ژنانە ڕوانینێكە بەوەی تێكشكاندنی ئەو وێنانەیە كە كەس نەبێتە دەمڕاستی ژنان و هەوڵێكە بۆ گەڕانەوەی هێز، لەنێو كلتوورێك چۆن وێنای ژن دەكاو بەو جیاوازییە فزیۆلۆژییەی نێوان ژن و پیاو نا، ئەوەیە كە كلتوور چۆن وێنای دەكات و ژن لە خودی خۆی دادەبڕێت، لێرەدا نوسینی ژنانە دەبێتە ڕووداوێكی ڕۆشنبیری گرنگ بۆ ئەدەبی كوردی و پاراستنی ژن لەسێبەری پیاو لە كایە ئەدەبییەكەدا، هەرئەوەندەنا دونیای نوسین ژن لەستەم دوورەخاتەوەو هۆشیارانە خودی خۆی دەدۆزێتەوە و لە كۆمەڵاگاو دەسەڵات دەپرسێت،
نەوال ئەسەعداوی یەكێك لەو ژنانەبوو، كە كۆمەڵگای میسری هەوڵی زۆریدا بێدەنگی بكات، بەردەوام چالاكییەكانی پەراوێز دەخرا، نەك هەر ئەوەندە بەڵكو دووچاری ڕاوەدوونان و زینیدانیش بووەوە، بەڵام نەوال ئازایانە هەموو كۆتوبەندەكانی بڕی و ڕۆژانێك توانی ژان و ئازارەكانی ڕەگەزی مێ بگەیەنێتە ئەوئاستەی ئیدی فزوڵكردنیان ببێتە مەرجێك بۆ بە مرۆڤ بوونی ڕەگەزی نێرو نێرایەتی لە ڕۆژهەڵاتدا.
لە نێو ئەدەبی كوردیشماندا ئەوەی بینیومانە دوو چەمك بۆ نووسینی ژنانە بەدیدەكرێت، چەمكی نووسینی ژنانە كەهونەریانەتر دەنووسێ بەوەی تایبەتمەندی ژنی تێدایەو ئەو تێكستانەیە كە ژن نووسیونی، دووەمیان چەمكی مێیینەیە و جیاوازی ڕەگەزی تێدایە ئەمەشە كەوای كردووە دەبێت لە بەرامبەردا نووسینی پیاوانەیش بوونی هەبێت كە ئەم چەمكە زیاتر هەڵگری ئایدیۆلۆژیایە، ئەوەش ئاشكرایە كە لە دیدی پیاوەوە ژن وەك جەستە وێنا دەكات كە جگە لە كورتكردنەوەی ناسنامەو بوونی لەچێژدا چیدی نیە، گەلێك بابەتی تایبەتی و گشتیش هەن كە ژن تێڕوانینی خۆی بەشێوەیەكی تایبەتی هەیە بۆی، مەبەست ئەوەیە كە ژن قووڵتر دەڕوانێت وەك لە دونیا بینی پیاوان، وەك خۆشەویستی، زۆر كات پیاو لەڕووی جەستەوە لە ژن دەڕوانێت بەڵام لای ژن جگە لەوەی پێویستییەكە بەلایەوە لە هەستیش گەورەترە تا خودی خۆی بسەلمێنێ، خۆشەویستی بۆ ژن ئەستەم و دژوارە، هێز گەلێك ڕێگرن، ئەوە ژنە بەرگەی سەختییەكان دەگرێت بۆ گەیشتن بە خۆشەویستەكەی، لێرەوەیە چەمكی خۆشەویستی لە دیدی ژنەوە لە چەمكی جەستەو چێژ دادەماڵرێت، دەبێتە كەرەستەیەكی ڕۆحی و كرنگ لای ژن، ئەمە ئەو دەرچوونەیە لە كۆت و بەندی هێزەكان، هەوڵدانێكە بۆ دنیایەكی نوێ.

*ڕات چییە بەرامبەر قەڵەمی ئەدەبی ژنان و ئەدەبیی پیاوان؟
-ئەوە پۆلێنكردنی ئەدەبی ژنانە و ئەدەبی پیاوانەیە تاچەند زیانە بۆ سەر دۆزی ژنبوون و بۆچی ژن ژنانە بنووسێت و پیاو پیاوانە لەكاتێكدا دەكرێت هەردوو ڕەگەز مرۆڤانە بنووسن پۆلێن كردن ئاساییە لە ئاستی نووسیندا بەڵام لە بازنە گەورەكەدا بۆ شیعر كوفرێكی شیعریە چونكە شیعر واتا ژیاندۆستی بە مانا گەورەكەی.

*ڕات چییە لەگەڵ ئەو زۆرو بۆریەی شیعر؟
-راستە ئەدەبیات بۆ هەموو كەسێ ماڵی دووهەمە ،وە ئەوەش راستە وەكوو پەشێو دەڵێ شیعر ئەسپێكی شێ یە هاوڕێی دێرینمانە چوارپەلی لە مس مەگرن، هەڵبەت مەبەستی هەم رووە فكرییكەیەو هەم زمان و فرە مەدلول و تێكشكاندنی واقعەكە بەجۆرێك وا لێبكات ڕەنگە ماڵی وشەی شیعرەكە وێران بكات و هەر قسەی ڕووت بێت،شاعیر هەیە یەك دەقی شیعری بەسە بۆ بوون بە شاعیری وە هەندێكیش سەدان شیعری هەیە نەبۆتە شاعیر ،كەواتە شاعیری نوێ دەبێت بە شوێن خۆیدا بگەڕێ و ناسنامەی نەتەوەو زمانی خۆی بدۆزێتەوە وە دەبێت شارەزایی لە شیعری كلاسیكی و شیعری شاعیرە دێرینەكان بێت شیعر ڕاستە تاپۆ نیە بەڵام كات و شوێن لە ژیانی مرۆڤدا دووچمكەزۆر ترین خوێندنەوەی بۆ كراوە كەواتە دەبێت شاعیر ئەو شیعرە دابڕێژێت كەلە روئیایدا ئامادەیە بە شێوەیەكی ستاتیكی ،ئەركی شیعر بریتییە لە چێژ بەخشین بە خەڵك لە رێگەی ئەو مەعریفەیەی كە پێشكەشی دەكات،هەروەها لە رێگەی ئەو كاریگەرییەی لە سەریان بەجێی دەهَیڵێت و دەبێتە هۆی یەكخستنی دڵەكان لەكۆمەڵگەیەكی مرۆییدا.