جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە پێویستی دەزانێت، بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی عێراق تووشی پشێوی نەبێت و نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، وادەی پەرلەمانی كوردستان درێژ بكرێتەوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٨ی ئابی ٢٠٢٢، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پرێس كۆنفرانسێكی ئەنجام دا و تێیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە رای گەیاند، بۆ ئەوەی وەكوو عێراق نەكەوینە نێو بۆشایی یاسایی و دەستووری، ”دەبێ وادەی پەرلەمانی كوردستان درێژ بكرێتەوە“.
ڕوونیشی كردەوە كە ئەو درێژكردنەوەیە ”بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و رێككەوتنە لەسەر كاراكردنەوەی كۆمسیۆن“.
هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە داوایان لە فراكسیۆنەكان كردووە بۆچوونی خۆیان لەمبارەیەوە ئامادە بكەن و لایەنە سیاسییەكانیش ڕێك بكەون. گوتیشی: ”چاوەڕێ دەكرێ لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا رێككەوتن لەبارەی هەڵبژاردن بكرێت“.
هێمن هەورامی ئاشكرای كرد كە رۆژی پێنجشەممە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و تێیدا خوێندنەوەی یەكەم و دووەم بۆ ژمارەیەك پرۆژەیاسا دەكات كە گرنگترینیان پرۆژەیاسای ئەنجوومەنی شوورا و وەزارەتی پەروەردەن.